تێچووی هەڵبژاردنەکان لەسەر هاووڵاتیانی ئێران چەند بووە؟ ئابووری جیهان

نوچەنێت:

لە ماوەى یەک ساڵی رابردوودا لە گیرفانی هەر خێزانێکی ئێرانی ٧٠ هەزار تمەن تەنیا بۆ بەڕێوەچوون و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان خەرج کراوە. تەنانەت ئەگەر تەنیا ئەو بودجە شەفافەی کە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە لە یەک ساڵی رابردوودا لەبەرچاو بگرین، نزیکەی ١٧٠٠ ملیار تمەن بووە، دیارە تێچووی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەکان زۆر لەوە زیاترە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئێران ڤایەر" راپۆرتێکی سەبارەت بە تێچووی هەڵبژاردنەکان بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی، دەرئەنجام هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی کۆتایی پێ هات، ناساندنی "ئیبراهیم رەئیسی" وەک براوەی هەڵبژاردنەکان بە کردەوە نەبووە هۆی سەرسووڕمانی هیچ کەس. بۆ هەمووان ئاشکرا بوو کێ براوەیە. هەموو رکابەرەکان لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە ڕەتکرابوونەوە، بەڵام ئەگەریش ڕەتنەکرابانەوە دیار نییە ئایا دۆخەکە جیاوازییەکی ئەوتۆی دەبوو یان نا. هەڵبژاردنەکان لە لووتکەی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان و لەوپەڕی ناڕەزایی کۆمەڵگەی ئێراندا بەڕێوە چوون، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە تێچووی ئەو هەڵبژاردنانە بۆ خەڵک و گەلی ئێران چەندە بوو؟

 

تێچووە ئاشکراکان

لێکدانەوەی تێچووی هەڵبژاردنەکانی ئێران کارێکی ئاسان نییە، هیچ لێکدانەوەیەکی جێی بڕوا سەبارەت بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی پارەی هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتەدا لەبەر دەست نییە، نە بودجەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن روونە، نە هیچ کەسێک ئەوە دەزانێ کە دامەزراوە گشتی و حکوومییەکان چەند بودجە بۆ هەڵبژاردنەکان تەرخان دەکەن. 

رەنگە تەنیا ئەو بڕە پارانە شەفاف و ئاشکرا بن کە لە بودجەی ساڵانەدا بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور تەرخان دەکرێت. 

تاوتوێکردنی دوو یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ دەرخەری ئەوەیە، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، ١٦٩٤ ملیار تمەن بۆ هەڵبژاردنەکان ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور کراوە، بە واتایەک، لە یەک ساڵی رابردوودا لە گیرفانی هەر خێزانێکی ئێرانی نزیکەی ٧٠ هەزار تمەن بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان خەرجکراوە. 

لە بەشی بودجە جۆراوجۆرەکانی یاسای بودجەی ٢٠٢١ بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ١٠٦٤ ملیار تمەن بۆ "بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان" و ١٦٠ ملیار تمەن بۆ ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بە مەبەستی "چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان" تەرخان کراوە. 

لە یاسای بودجەی ٢٠٢٠یشدا بۆ وەزارەتی ناوخۆ ٤٠٠ ملیار و بۆ ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور ٧٠ ملیار تمەن بودجە تەرخانکراوە. 

ئەوە جگە لەو بودجەیەى کە بۆ کاروباری رۆژانە و ئاسایی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و وەزارەتی ناوخۆ پێیان دەدرێت. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ١٧٠ ملیار تمەن و لە ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ٢٤٢ ملیار تمەن بۆ ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور تەرخانکراوە. 

لە بەڵگەکانی بودجەدا باس لە وردەکارییەکان و چۆنیەتی خەرجکردنی بودجەی هەڵبژاردنەکان نەکراوە، دیار نییە بڕی ١٦٩٤ ملیار تمەن بودجە کە بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان تەرخان کراوە، چۆن و لە کوێ خەرج کراوە، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە دابەش بکەین بەسەر ٦٧ هەزار سندووقی دەنگداندا، تێچووی هەر سندووقێک دەگاتە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن و ٢٨٣ هەزار تمەن، پشکی وەزارەتی ناوخۆ ٢١ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار تمەن و پشکی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور ٣ ملیۆن و ٤٣٣ هەزار تمەن دەکات. 

بەو جۆرەی یەکێک لە ئەندامانی یاساناسی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور گوتوویەتی، ئەو ئەنجومەنە لەم هەڵبژاردنانەدا ٢٥٠ هەزار چاودێری هەبووە، هەر ئەوەندە بەسە بودجەی ٢٣٠ ملیار تمەنی ساڵی رابردووی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور کە بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان تەرخان کراوە بەسەر ژمارەی چاودێراندا دابەش بکەین، لەو حاڵەتەدا پشکی هەر چاودێرێک دەگاتە نزیکەی ٩٢٠ هەزار تمەن. 

 

تێچووە شاراوەکان

ئەوەی لەسەرەوە گوترا تەنیا باس لە دوو جۆر بودجەیە. ئەگەر راپۆرتی تاوتوێکردنی بەڵگە داراییەکانی دامەزراوە حکوومی و گشتییەکان لەبەر دەست بوایەت، تێچوو و خەرجییەکانی هەڵبژاردنەکان زۆر روونتر دەبوونەوە. بۆ نموونە هیچ تاوتوێکردنێک سەبارەت بە تێچووەکانی رێکخراوی دەنگ و رەنگی ئێران لەبەردەست نییە، یان هیچ کەس ئاگاداری ئەوە نییە ئەو بڕە پارەیە کە دامەزراوە حکوومی و گشتییەکان بۆ هەڵبژاردنەکان تەرخانی دەکەن چەندە؟

تا ئێستا دیار نییە دەزگای داد، ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی یان ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی چەند پارە بۆ سەرۆک یان ئەندامانی خۆیان کە دەبنە کاندیدی هەڵبژاردنەکان خەرج دەکەن، یان هیچ کەس نازانێت رێکخراوە بەدەسەڵات و دەوڵەمەندە ئایینی- سەربازیی- ئابوورییەکان کە لەژێر چاودێری رابەری کۆماری ئیسلامیدا چالاکی دەکەن، چەندە پارەیان بۆ رازاندنەوەی شانۆی ئەم هەڵبژاردنانە خەرج کردووە. 

 

هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن: سپیکردنەوەی پارە و دەستەبەندییە نایاساییەکان

زانیاری ئەوتۆ دەربارەی خەرجییەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لەبەر دەستدا نییە، جگە لە "سەعید جەلیلی" هیچ یەک لە کاندیدەکان بودجەی پڕۆپاگەندەی خۆیان رانەگەیاندووە. 

لیستی خەرجییەکانی سەعید جەلیلیش هەمەلایەنە و کامڵ نییە، لەو لیستەدا لە لایەکەوە ئاماژە بە وردەکارییەکانی نزیکەی ٢ سندووق چای سەفەری و ١٠ هەزار پەرداخی پلاستیکی کراوە و لە لایەکی ترەوە گوتراوە خەرجییەکانی بنکەکەی، بە بێ حسیابکردنی کرێى باڵەخانەکە و ‌هەندی کەلوپەلی تر بە گشتیی ٥٦٨ ملیۆن تمەن بووە. 

بەڵام باقی کاندیدەکان، بە تایبەت ئیبراهیم رەئیسی و "موحسین رەزایی" کە بە بەراورد لەگەڵ کاندیدەکانی تر پڕۆپاگەندەیان بەرفراوانتر بوو، تا ئێستا سەبارەت بە خەرجییەکانی خۆیان هیچ راپۆرتێکیان نەخستووەتەڕوو.

لە ئێراندا یاسایەک دەربارەی شەفافیەت و چاودێریکردنی چۆنیەتی دابینکردنی خەرجییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی بوونی نییە، مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، یاسایەک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان پەسەند کرا، بەڵام هیچ یاسایەک کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی ناچار ناکات سەبارەت بە خەرجییەکانی خۆیان راپۆرتێک تۆمار و بڵاو بکەنەوە. 

ئەو ژینگە لێڵ و ناڕوونە، بەهەشتی سپیکردنەوەی پارە و دەستەبەندییە نایاساییەکانی تاک و دامەزراوە بەدەسەڵاتەکانە. ئەو هەڵبژاردنانەی کە رەنگە بۆ کەسانێکی زۆر ئاویشی تێدا نەبێت، بۆ کەسانێکی تر نانی تێدایە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین