مەسرور بارزانى: کەرتى غاز بەرەوپێشەوە دەبەین و نابێت وزە تاکە سەرچاوەی داهاتمان بێ کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە ڕێوڕەسمى دەرچوونى خوێندکارانى زانکۆى ئەمەریکیى کوردستاندا ڕاگەیاند، "کاتێک کارکردن لە باڵەخانەی زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد، ئێمە لەشەڕی دژ بە داعش بووین، شەڕ تەنیا 12 کیلۆمەتر لێرەوە دوور بوو."

ڕێوڕەسمى دەرچوونى خوێندکارانى زانکۆ ئەمەریکى لە دهۆک، بە ئامادەبوونى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆک وەزیران و چەندین وەزیر و بەرپرسى دیکەى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە سەرەتاى وتارەکەیدا سوپاسى نێچیرڤانى بارزانى کرد، لە بەرامبەر پشتیوانیکردنى لە پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان.

سەبارەت بە کەرتى ئابوورى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى حکوومەت دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بۆ پرۆگرامی فرەچەشن کردنی ئابووری و گەشەسەندنی کەرتی تایبەت تەرخانکردووە. سەرەرای ئەوەی شانازی بەو دەستکەوتانەوە دەکەین لە کەرتی وزەدا بەدەستمان هێناون و چاومان لەوەیە کەرتی غازیش بەروپێشەوە ببەین."

 

 

ده‌قی وتاری مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەرێزان، ئێوارەتان باش. دەمەوێت بەخێرهاتنی هەمووتان بکەم بۆ ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بۆ ساڵی 2020 و 2021، کە هەوڵ و پێداگرییان بووە هۆی تەواوکردن و سەرکەوتنێکی مەزن لە خوێندنی ئەکادیمیان.

شانازی دەکەم لێرەم، پێزانینم هەیە بۆ ماندووبوونتان و  سەرکەوتنتان، بەرەو داهاتوویەکی باش.

سوپاستان دەکەم کە توانیتان بەسەر ئەو ئالنگاریانەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هاتنە سەر رێگەتان لە پرۆسەی خوێندن و ئەو بەربەستانەشی کە لەبەردەم خێزانەکانتان و هاورێکانتاندا بوون سەربکەون.

لە شوباتی 2020ەوە دەستان بە خوێندی ئەکادیمی خۆتان کرد، هەر خوێندنی وانەکان، سیمینار، و تاقیکردنە ئۆنڵاینەکان. شانازی دەکەم زانکۆی کوردستان توانی رچەشکێن بێت لە گواستنەوەی پرۆسەی خوێندن لەناو پۆلەوە بۆ ئۆنڵاین، دواتر بووە مۆدیلێک لە هەموو زانکۆکانی دیکەی کوردستان.

جیا لەوەش، قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک هاوکاری ئەو خێزانانەیان کرد بەهۆی کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتبوو، لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆ، خواردنیان بۆ هێزە ئەمنیەکانی دهۆک تەرخان دەکرد، کەمپەینی "بخوێنە و پێشەنگ بە" یان رێکخست.

ئەزموون و پرۆژەکان لەسەر بنەمای خوێندن لە بەشداریکردنی قوتابیان لە کۆنفرانسە جیهانیەکاندا لەرێگەی ئۆنلاینەوە بەردەوام بوون، رۆبۆتێکی یاریدەردەریان دروستکرد، لە سۆشیاڵ میدیا هاوکاربوون بۆ ئەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە كۆرۆنای نوێ جێبەجێ بکرێن. چەند پرۆژەیەکیان ئەنجامدا وەک ئەپەکانی "رزگارکردنی لەناکاو" و "پلاندانەری تێچوون"، و ئەپی سیستمی پاراستنی کتێبخانەی زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک"، ئەمەش سۆفتوێرێکە بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی کورسی، کۆمپیوتەرەکان و شوێنی تایبەت بە خوێندنەوە لە کتێبخانە، توانا و زیرەکی خۆیان خستەگەڕ بۆ دەستپێشخەریی دەستکردن لە کار و بزنس.

لەبواری وەرزش قوتابیانی زانکۆ پێشبڕکێیەکیان بردەوە و بوونە ئەندامی تیمی نیشتمانی فوتساڵی عێراق.

چەند ساڵێک لەمەوبەر بیرم لەوە دەکردەوە دامەزراوەیەک هەبێت و ببێتە مۆدێلێک لە ناوچەکە، کواڵێتی پەروەردە و فێرکردن بەرزبکاتەوە، لە بەرامبەریشدا کواڵێتی ژیان و گوزەرانی خەڵکیش لە ناوچەکە بەرزبکاتەوە. ئەمه‌ ببێتە شوێنێک بۆ پێگەیاندنی سەرکردەکان لە ناوچەکە و کۆمەڵگە جیاوازەکان، بە پێشکەشکردنی خوێندی ئاست بەرز و پرۆگرامی بنیادنانی کەسایەتی، و پاڵپشتی قوتابیان بۆئەوەی ئامادەبن بۆ ئەرکەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا ببێتە چەقی لێکۆڵینەوە و سەنتەری ئەکادیمی هەمیشەیی بۆ خەڵکی ناوچەکە. 

کاتێک کارکردن لە باڵەخانەی زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد، ئێمە لەشەڕی دژ بە داعش بووین، شەڕ تەنیا 12 کیلۆمەتر لێرەوە دوور بوو. بەهۆی قارەمانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانەوە لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، کارکردن لە زانکۆکە بەردەوام و بوو ساڵی 2015 کارکردن لە باڵەخانەی مستەفا بارزانی کۆتاییهات.

نەوەیەکی پەروەردەکراو بە زانست باشترین چەکە لە دژی توندەڕەوی بە هەموو جۆرەکانیەوە. هەربۆیە هیچ شتێک نەیتوانی کردنەوەی زانکۆکە رابگرێت. ئامانجەکەش ئەوە بوو زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک ببێتە چرای پێکەوە ژیان، رێزگرتن و فرەیی و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و رەگەزی.

لە 2015ەوە کوردستان و ناوچەکە لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا بوو، بەڵام زانکۆ هەر بەردەوام بوو، ئەمەش بەهۆی پێداگری فاکەڵتیەکان، ستاف و قوتابیان و پشتیوانی بۆردی ئەمیندران و دامەزراوەی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە کوردستان. سوپاس بۆ دامەزراوەی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە کوردستان، بەڕێوبەرایەتی بۆردی دامەزراوەکە و دکتۆرە رانیا مەجید، سەرۆکی دامەزراوەکە کە تێچووی چەند پرۆگرامێکی خوێندنی لە ئەستۆ گرتووە و بەردەوامە، لەگەڵ دروستکردنی تاقگە هونەرییەکان و بنیادنانی هۆڵ و شوێنی نیشتەجێبوون لە کەمپەسی زانکۆ، ئەمانە رێگە خۆشکەربوون بۆئەوەی زانکۆکە زیاتر پێش بکەوێت.

هەروەها دەمەوێت سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی بکەم بۆ پاڵپشتیەکانی لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان. زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک جەخت لەسەر پێدانی متمانە و بە دامەزراوەیی کردن کردووە. ئەم هەوڵە بەشێکە لە رێگەپێدانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا کە زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک لەگەڵ 6 زانکۆی دیکەی ئەمریکی هاوبەشن تێیدا، بۆ دڵنیابوون لە ستاندارەکان و لەوەی دەرچوانی ئەم زانکۆیە بتوانن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کێبرکێ بکەن.

ئەم هەماهەنگییەی نێوان زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەنگاوەکانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە زانکۆکەدا خێراتر کرد، و دەبێتە هۆی ئەوەی زانکۆکە بێتە نمویەکی باڵا لە کوردستان و ناوچەکە.

سوپاسی دکتۆر رانداڵ رۆدس دەکەم، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بۆ سەرۆکایەتی لە ماوەی پەتای كۆرۆنای نوێ و هەوڵ و دەسپێشخەرییەکانی بۆ ساڵانی داهاتوو. 

ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بۆ پرۆگرامی فرەچەشن کردنی ئابووری و گەشەسەندنی کەرتی تایبەت تەرخانکردووە. سەرەرای ئەوەی شانازی بەو دەستکەوتانەوە دەکەین لە کەرتی وزەدا بەدەستمان هێناون و چاومان لەوەیە کەرتی غازیش بەروپێشەوە ببەین، گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی نابێت وزە تاکە سەرچاوەی داهاتی گەلەکەمان بێت. لەم سۆنگەیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەندین پڕۆژەی ستراتیژیدا وەبەرهێنانی کردووە، هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەرە گرنگەکان و رەخساندنی دەرفەتی کار. چەند رۆژێک لەمەوبەر بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی گرنگم بۆ ئەمبارکردنی گەنم لە هەولێر و سلێمانی دانا، هەر لەناو پرۆژەکاندا کارگەی بەرهەمێنانی ئارد و سایلۆ و سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانیشی تێدایە. هەمان پرۆژە لە دهۆک و هەڵەبجەش دروستدەکەین.

چەند رۆژێک لەمەوبەر لە پارێزگای دهۆک بەردی بناغەی کارگەیەکی دروستکردنی به‌رهه‌مه‌كانی په‌تاته‌م دانا کە هەزاران دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت. گەورەترین کارگەی دروستکردنی ستیلمان لە عێراق کردووەتەوە، کە بە بەرهەمەکانی لە ئاسن و ستیل بەگوێرەی ستانداری نێودەوڵەتین و لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 1000 دەرفەتی کار دەرەخسێنێت. لە دهۆک پرۆژەی گەشتیاری چیای زاوامان کردەوە، کە نەک تەنیا دیمەنی دڵڕفێنی کوردستان نیشاندەدات بەڵکو دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چڕی وەبەرهێنانی لە ژێرخانی ئابووری و چەندین پرۆژەی ستراتیژیدا کردووە لەناویشیاندا پرد و بەرزە پرد و تونیڵ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی لە بواری چاکسازیدا ناوە، خزمەتگوزارییە گشتیەکانی باشترکردووە، رۆتینانی نەهێشتووە و سەرقاڵی بە دیجیتاڵکردنی بەڕێوەبردن لە فەرمانگە و بەشە جیاوازەکانی حکومەت.

لەبەر رۆشنایی ئەم کارە لەپێشینە نیشتمانیانەدا، لەگەڵ دەرچوونی ئێوە لە زانکۆ پێویستە بەهرە و زیرەکی و زانستی خۆتان بەکاربهێنن و بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی ئەم گەلە لە قۆناغەکانی داهاتوو بگرنە ئەستۆ. زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک، هەموو هەوڵی خۆیداوە بۆ ئەوەی باشترین پەروەردە و راهێنانی ئەکادیمیتان پێشکەش بکات بۆ پەرەپێدان و پێشخشتنی تواناکانتان. لە هەمووی گرنگتر لە ماوەی خوێندنی ئەکادیمیتاندا لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک، هەستی بەرپرسیارێتی و کۆمەڵایەتیتان لە ئاستێکدایە تەواوکەری ئەو خواست و ئامانجەی من، بۆئەوەی زانکۆکە ببێتە نموونەیەکی باڵا لە دیموکراسی و داپەروەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ وەرگرتنی بڕوانامەکانتان ئەو بەرپرسیارییەتان دەکەوێتە ئەستۆ کە گەل و نەتەوەکەی خۆتان خۆشبوێت و بەشداربن لە گەشەسەندن و بەرەو پێشەوەبردنی. پرۆگرامە ئەکادیمەکان، بەکالۆریۆس لە پەرستاریدا نەک تەنیا بەگوێرە ستاندارە نێودەوڵەتیەکانە بەڵکو بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێزی کارەی لەم بوارەدا لە پێویستمانە. زانکۆی ئەمه‌ریکی کوردستان لە دهۆک لیژنەیەکی راوێژکاری پیشەسازی پێکهێناوە بۆ پێدانی زانیاری گەڕاوە (فیدباک)  لە بواری پەرەپێدانی پرۆگرام، رێنوێنی و گواستنەوەی قوتابیانی دەرچوو لە زانکۆوە بۆ بواری تایبەتی خۆیان لە کارکردن.

رێنوێنی و قسەی کۆتاییم ئەوەیە:

هەرچۆنێک پێتان دەکرێت خزمەتی نەتەوەکەتان بکەن.

بێ جیاوازی لەگەڵ هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان کاربکەن.

رێز لە فرە پێکهاتەیی و جیاوازییەکانی کۆمەڵگەکەمان بگرن.

ژینگەی کوردستان بپارێزن و کار بۆ پاراستن و پاکراگرتنی ژینگە بکەن.

دەرچووانی ئازیز.. جارێکی دیکە،

پیرۆزبایی ئەم دەستکەوت و سەرکەوتنە مەزنەتان لێدەکەم. سوپاس بۆ هەمووتان کە بەشداری ئەم ئاهەنگە بوون، سوپاس بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان کە قارەمانانێتی و قوربانیدانی ئەوانە بووەتە هۆی ئەوەی لەم بۆنە خۆشەدا کۆببێنەوە. لە فێربوون و پێشکەوتن بەردەوام بن، فێربوون بە بڕوانامەیەکی بەکالۆریۆس کۆتایی نایەت. ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین