عێراق گازی سروشتی لە وڵاتێكی تر هاوردە دەكات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای كرد، رێككەوتن كراوە بۆ ئەوەی عێراق لە توركمانستان گازی سروشتی هاوردە بكات، بۆ ئەوەی سووتەمەنی وێستگەكانی كارەبای پێ دابین بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئابی 2023 عزەت سابیر بریكاری وزارەتی نەوتی بۆ كاروباری گاز، لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای كردووە، شاندی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی كەرتی گاز لە توركمانستان كۆبووەتەوە و رێككەوتنی سەرەتایی كراوە بۆ ئەوەی عێراق لەم وڵاتە گازی سروشتی هاوردە بكات.

سەبارەت بە بڕ و میكانیزمی هاوردەكردنی ئەوە روونكراوەتەوە، كە دواتر رێككەوتن لەسەر ئەو وردەكارییانە دەكرێت. ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە توركمانستان بە یەكێك لە وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانی گازی سروشتی دادەنرێت لە ناوچەكە و جیهاندا.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا عێراق بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی كارەبا گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە سزادراوە عێراق كێشەی لە پێدانی شایستە داراییەكانی ئێران هەیە، بۆیە بە دوای سەرچاوەی نوێی گاز دەگەڕێن.

ئەمە لە كاتێكدایە عێراق ساڵانە بە بەهای خەملێندراوی حەوت ملیار دۆلار گازی سروشتی كە یاوەری دەرهێنانی نەوتە بە فیڕۆ دەچێت و دەسووتێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین