دوو رۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى.. خامنه‌یى داوایه‌ك له‌ خه‌ڵك ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایه‌تى ئێران، عەلی خامنەیی رابەری كۆمارى ئیسلامى لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، جەختی لە گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان کردەوە و داوای کرد سەرۆک کۆمارێکی بەهێز، بە دەنگی زۆرینه‌ هەڵبژێردرێت. خامنەیی هۆشداری دا ئەگەر رێژەی بەشداریکردنی خەڵک کەم بێت گوشارە ئابوورییەکان و لەوانە گەمارۆکان زیاتر دەبن.

رۆژی چوارشەممە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، عەلی خامنەیی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان بەشداریکردنی خەڵک و گوشارە دەرەکییەکان گوتی، "ئەگەر ئاستی بەشداریکردنی خەڵک کەم بێت، گوشارە دەرەکییەکانی دوژمن زیاتر دەبن. ئەگەر بمانەوێت گوشاری دوژمنان و لەوانە گوشاری ئابووری و گەمارۆکان لە ناو بچن یان کەم ببنەوە، رێگاچارە ئەوەیە کە بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا فراوانتر بێت و نیشانی دوژمنان بدەن کە خەڵک پاڵپشتی لە حکومەت دەکەن".

خامنەیی گوتیشی، "لەوە ئاگادارە کە چین و توێژە هەژارەکان گومانیان هەیە ئایا لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن یان نا، بەڵام بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان بە واتای دوورکەوتنەوەی خەڵک لە کۆمارى ئیسلامى دێت".

خامنەیی داوای لە گەنجانی ئەو وڵاتە کرد خەڵک هان بدەن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن. وەزارەتی ناوخۆی ئێران کە بەرپرسی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانە، بە پێی راپرسییەکان پێشبینی کردووە رێژەی بەشداریکردن لە نێوان ٣٧ تا ٤٧% بێت، ئەوەش کەمترین ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایه‌تى ئێران دەبێت.

ره‌تکردنەوەی زۆرینەی کاندیدەکان لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە، بێ هیوایی لە ریفۆرم و سندووقی دەنگدان، پەرەسەندنی هەژاری و هەڵاوسان، رووداوەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ و تەقەکردنی راستەوخۆ لە خۆپیشاندەران و تەقەی سوپای پاسداران لە فڕۆکەی گەشتییەکەی ئۆکرانیا لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بێ متمانەیی بەشێکی زۆر لە خەڵک لە حکومەت و هەڵبژاردنەکانن.

بەڵام رابەری کۆماری ئیسلامیی لە لێدوانەکەی خۆیدا تەنیا ئاماژەی بە چینی هەژاری کۆمەڵگە کرد و گوتی ئاگاداری راپرسییەکانە و دەزانێت کە داواکارییەکانی ئەو کەسانە جێبەجێ نەکراون. خامنەیی گلەیی چینە هەژارەکانی کۆمەڵگەی بە رەوا وەسف کرد، بەڵام گوتی بڕیاری ئەوان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان، بڕیارێکی دروست نییە و بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان کێشەکان چارەسەر ناکات.

ژمارەیەکی زۆر لە گرووپ و لایەنە سیاسییەکان لە ئێران لەو بڕوایەدان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەدا هیچ کێبەرکێیەک لە ئارادا نییە و کاندیدەکان هەموویان سەر بە یەک لایەنن بۆ ئەوەی کاندیدی خوازراوی دەسەڵات ببێتە سەرۆک کۆمار. بەڵام رابەری ئێران لە لێدوانەکەیدا ئەوەی رەت کردەوە و گوتی "ئێوە سەیری دیبەیتەکانتان کرد و بینیتان کاندیدەکان پێکەوە کێبرکێ دەکەن".

خامنەیی رەخنەی لەو کەسانە گرت (کە بە گوتەی ئەو) بە شرۆڤەی هەڵە دەیانەوێت خەڵک بێ هیوا بکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار نەبن و دەنگ نەدەن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین