کاندیدێکی هه‌ڵبژاردنى سەرۆکایه‌تى ئێران کشایەوە ئێران

نوچه‌نێت

موحسین مێهر عەلیزادە، یەکێک لە حەوت کاندیده‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئێران، لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی ناوخۆى وڵاته‌كه‌ى، کشانەوەی خۆی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاوی کردەوە، ئەو کاندیدە کە لە بەرەی ریفۆرمخوازان نزیک بوو و بە دروشمی "کابینەی سێیەمی ریفۆرمخواز" هەڵمەتەکانی خۆی دەست پێکردبوو، لە زۆربەی راپرسییەکاندا دەنگی ئەوتۆی بە دەست نەدەهێنا.

مێهر عەلیزادە کە پێشتر پارێزگاری خوراسان و لە سەردەمی دەسەڵاتی ریفۆرمخوازەکانیشدا سەرۆکی رێکخراوی وەرزشی ئێران بوو، نەیتوانی متمانەی بەرەی ریفۆرمخواز بەدەست بێنێت. ئەو  بەرەیە کە پێکهاتووە لە چەندین حزب و رێکخراوی ریفۆرمخواز، رایگەیاندووە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەدا کاندیدیان نییە.

مێهر عەلیزادە، لە سێ دیبەیتی تەلەڤزیونی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا ئامادە بوو و لەو دیبەیتانەدا رەخنەی زۆری لە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێستای دەزگای دادی ئەو وڵاتە و یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی گرت. عەلیزادە لە دیبەیتەکاندا دەستی خستە سەر ئاستی خوێندەواری رەئیسی و پێی گوت، "تۆ تا پۆلی شەشت خوێندووە، هەڵبەت من رێز لە خوێندنەکەت لە حەوزەی علمی دەگرم، بەڵام ئەوە بۆ ئیدارەدانی وڵات بەس نییە".

ئەوە کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و هەندێکیش گوتیان بڕوانامەی دکتۆرای مێهر عەلیزادە گوایە لە زانکۆی هۆڵەندا وەری گرتووە، ساختەیە.

نامەکەی مێهر عەلیزادە بۆ عەبدولڕەزا رەحمانی وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە کشانەوە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کورتە و لەو نامەیەدا کە نیوەشەوی رابردوو نووسیویەتی، تەنیا ئاماژەی بە بڕیاری کشانەوە کردووە.

مێهر عەلیزادە هێشتا جگە لەو نامە هەڵوێستێکی تری نەنواندووە، بۆیە دیار نییە ئایا لە قازانجی کاندیدێکی تر کشاوەتەوە یان نا.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین