میلیشیاكانى عێراق 300 هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌كانى ئه‌مریكا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مریكى هه‌ندێك زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و درۆنانه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ میلیشیاكانى عێراق له‌ دژى به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا به‌كارى ده‌هێنن و ده‌ڵێت "نیگه‌رانییه‌كانى ئه‌مریكاى زیاد كردووه‌" له‌ هه‌واڵی ماڵپه‌ڕێكى رووسیش ئاشكرا كراوه‌، له‌ كۆتاییه‌كانى 2019 تا ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ 300 هێرش بۆ سه‌ر بنكه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق ئه‌نجام دراون.

ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ پێنجى حوزه‌یران، پوخته‌ى راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا باس له‌و درۆنانه‌ كراوه‌، له‌ هێرشه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى بنكه‌كانى ئه‌مریكا له‌لایه‌ن میلیشیاكان به‌كارهاتووه‌.

رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و هێرشانه‌ زیان و قوربانى گه‌وره‌یان نه‌بووه‌، به‌ڵام نیگه‌رانییه‌كى زۆرى بۆ هاوپه‌میانى نێوده‌وڵه‌تى دروست كردووه‌. سێ به‌رپرسى ئه‌مریكى بۆ رۆژنامه‌كه‌ باسیان له‌وه‌ كردووه‌ هه‌ندێك پارچه‌ى درۆنه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه‌، دووپاتیشیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ى سه‌ره‌تایى ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و درۆنانه‌ له‌ دروستكراوى ئێرانن و به‌ ته‌كنه‌لۆجیاى ئێران به‌رهه‌م هاتوون.

له‌ماوه‌ى رابردوودا به‌ درۆن سێ هێرش بۆ سه‌ر بنكه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق ئه‌نجام دراون، كه‌ یه‌كێكیان بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كى نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر بوو.

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رى درۆنه‌كان به‌رپرسه‌كان ئاماژه‌یان بۆ كردووه‌، ئه‌و درۆنانه‌ قه‌باره‌یان له‌ درۆنى مه‌ده‌نى گه‌وره‌تره‌ به‌ڵام ده‌توانن تا نزیكه‌ى 27 كیلۆگرام ته‌قینه‌وه‌ هه‌ڵبگرن. جیا له‌وه‌یش ده‌ڵێن ده‌توانێ به‌ نزمایى بفڕێت بۆیه‌ سیسته‌مى چاودێرى ئاشكرایان ناكات.

ئارتى رووسى جیا له‌ راپۆرته‌كه‌ى نیویۆرك تایمز باسى له‌وه‌ كردووه‌، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى هه‌واڵگرى ئه‌مریكى بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، له‌ كۆتاییه‌كانى 2019 تا ئێستا زیاتر له‌ 300 هێرش كراونه‌ته‌ سه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق و له‌ ئه‌نجامدا چوار هاووڵاتى ئه‌مریكى و 25 هاووڵاتی وڵاتانى تر كوژراون ،كه‌ زۆربه‌یان عێراقیین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین