حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رمنه‌.. كازمى له‌ دژى گه‌نده‌ڵى په‌نا بۆ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌بات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ دیداره‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و به‌رپرسانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، رێكارییه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى شه‌رمنن، بۆیه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دووى حوزه‌یران ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى راپۆرتێكى له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى مسته‌فا كازمى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌و دیداره‌ ده‌كات كه‌ دوێنێ له‌نێوان كازمى و شاندێكى بانكى نێوده‌وڵه‌تى له‌ به‌غدا ئه‌نجام دراوه‌.

سكاى نیوز باس له‌وه‌ ده‌كات، دواى كه‌مێك به‌ره‌و پێشچوون له‌ دۆسیه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى حكومه‌تى عێراق ده‌یه‌وێ ئاستى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌رز بكاته‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تى داواى هاوكارى له‌ رێكخراوه‌كان و وڵاتان بكات.

وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كیش ئاماژه‌ى به‌ ناوه‌ڕۆكى راگه‌یێندراوێكى نووسینگه‌ى مسته‌فا كازمى كردووه‌، كه‌ دوێنێ له‌سه‌ر دیداره‌كه‌ى كازمى و شاندى بانكى نێوده‌وڵه‌تى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ له‌ دیداره‌كه‌ تاوتوێى هاوئاهه‌نگى كراوه‌ بۆ كاراكردنى میكانیزمه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى.

كازم شه‌مه‌رى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ راپۆرته‌كه‌ى سكاى نیوز قسه‌ى كردووه‌، دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ عیراق به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ى هه‌نگاو بنێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و سامانه‌ دزراوه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، عێراق پێشتر له‌ كه‌مپینى نێوده‌وڵه‌تى سوودمه‌ند بووه‌ و ده‌توانێ ئه‌مجاره‌یش هه‌وڵى بۆ بدات. كازمى شه‌مه‌رى نموونه‌ى یانه‌ى پاریس ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ چه‌ندان ده‌وڵه‌ت له‌م یانه‌یه‌ ئاماده‌بوون له‌ قه‌رزى عێراق خۆش بن.

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى كازمى شه‌مه‌رى پێیوایه‌ عێراق به‌ ته‌نیا له‌ناوخۆ ناتوانێ ئه‌و كاره‌ بكات چونكه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و رێكارییه‌كانى حكومه‌تى عێراق شه‌رمنن.

مانگى رابردوو به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق رایگه‌یاند، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و گێڕانه‌وه‌ى سامانى به‌ قاچاخ بردراو عێراقى پێویستى به‌ هاوپه‌یمانییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، به‌ڵام چه‌ند رۆژێك دواتر شاره‌زایانى ئابوورى عێراق له‌ راپۆرتێكى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ گێڕانه‌وه‌ى سامانه‌كه‌یان به‌ ئه‌ركێكى مه‌حاڵ وه‌سف كرد بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین