واده‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ى مامۆستایان دیارى كرا کوردستان- عێراق

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ژمێریارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، رۆژى چوارشه‌مى داهاتوو مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت، ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانیش بۆ نوچه‌نێت گوتى، "فشارمان كردووه‌، بۆئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ مووچه‌كه‌ بدرێت".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ى ئایار سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ژمێریارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ زانیارى ئه‌وه‌ى دا كه‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو دووى حوزه‌یران مووچه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ دابه‌ش ده‌كرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتى، "هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ مووچه‌ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بدرێت، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا خۆمان بۆ پێشتهاتى ئه‌وه‌ داناوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆژه‌ نه‌درێت ئه‌وا پێنجشه‌ممه‌ بدرێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ئاماده‌ نه‌بوو ناوى ئاشكرا بكرێت و زانیارى زیاتر بدات، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت نوچه‌نێت په‌یوه‌ندى به‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان كرد و ئه‌ویش دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ مووچه‌ بدرێت.

مامۆستا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت گوتى، " ئەوەی ئاگامان لێیە و ئێمە لە هەوڵداین کە حکومەت لەم هەفتە هەموو مووچەکان بدات، به‌ مامۆستایانیشه‌وه‌ . حکومەت دەڵێت كێشه‌یه‌كى ته‌كنیكى هەیە، بەڵام هەموو هەوڵی خۆمانداوە تاکو ئێستا ئیش لەسەر ئەوە دەکەین، فشارێکمان کردووە کە دەبێت ئەم هەفتە هەموو مووچەکان بدرێت".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ پێشتر یه‌كێتى مامۆستایان یاداشتێكى به‌ حكومه‌ت دا بوو بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ "ته‌رفیع"ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران، سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامى حكومه‌ت مامۆستا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى گوتى، "وه‌زاره‌تى دارایى به‌ڵێنى به‌ ئێمه‌ داوه‌ له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى به‌غدا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات، شه‌ش مانگ یانیش زیاترى پێده‌چێ تا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ لاى ئێمه‌ ته‌رفیعات گرنگه‌".

له‌ چه‌ند مانگى رابردوودا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ 25ى مانگ ده‌ستى به‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌م مانگه‌ دواكه‌وتووه‌ و حكومه‌ت ده‌ڵێ كێشه‌یه‌كى ته‌كنیكى هه‌یه‌ و مووچه‌ دابه‌ش ده‌كرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین