فەرەنسا ڕەخنەی توند لە ئێران دەگرێت ئێران

نوچه‌نێت

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا وێرای ڕەخنەی توند لە ئێران بە هۆی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی فەرەنسیی، ڕایگەیاند کە لە هۆکاری ئەو هەڵوێستەی ئێران و تۆمەتبارکردنی ئەو هاووڵاتییە تێناگات.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، دادگای شاری مەشهەد هاووڵاتییەکی فەرەنسی بە ناوی "بنجامین بریر"ی بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن و پڕۆپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامیی" دەستبەسەر کردووە.

بنجامین بریر کە وەک گەشتیارێک سەردانی ئێرانی کردبوو، مانگی ئایاری ساڵێ ڕابردوو بە تۆمەتی وێنەگرتن لە ڕێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لە نزیک سنووری ئێران و تورکمەنستان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە لە زیندانی "وەکێڵ ئاوا"ی مەشەهد زیندانییە.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، حکومەتی فەرەنسا هیچ بەڵگەیەکی لەبەر دەست نییە سەلمێنەری پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتانە بن کە خراونەتە پاڵ بنجامین بریر.

بەگوێرەی ئەو ڕاگەیێندراوە، بنجامین بریر مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠ بۆ تێپەڕاندنی ڕۆژانی پشووی خۆی لە ئێراندا بوو و لەوێ دەستبەسەر کرا.

پێشتر، سەعید دێهقان، پاریَزەری بنجامین بریر وێرای ڕاگەیاندنی هەواڵی دەستبەسەرکردنی بریر، لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی نووسی: دوو تۆمەتی تر لەژێر ناوی "بڵاوکردنەوەی خراپە لەسەر زەویی و خواردنەوەی کحول" خراونەتە پاڵی.

ڕاگەیاندنی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە فەرەنسەییە، ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە بکاندین بریر، خوشکی بنجامین بریر لە نامەیەکدا بۆ ڕای گشتیی کە لە هەفتەنامەی فەرەنسەیی "لو پوان" بڵاو کرایەوە، ئەو تۆمەتانەی بە بێ بنەما وەسف کرد کە خراونەتە پاڵ براکەی و ڕایگەیاند ئێران لە زیندانیکردنی براکەی کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکاندا بگاتە ئامانجەکانی.

خاتوو بریر لەو نامەیەدا داوای لە ئیمانۆیل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا کرد بۆ ئازادکردنی براکەی گوشار بخاتە سەر ئێران. 
کۆماری ئیسلامیی چەندین جار بەوە تۆمەتبار کراوە کە هەوڵ دەدات بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی بیانی یان ئەو هاووڵاتیانەی کە هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن، وەک کارتێکی گوشار لە گفتوگۆکانیدا کەڵکیان وەربگرێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا ئێران چەندین جار ئەو هاووڵاتییە بیانیانە یان ئەو هاووڵاتیانەی خاوەن دوو ڕەگەزنامەن و لە ئێران دەستبەسەر کراون، لەگەڵ ئەو ئێرانیانە کە لە وڵاتانی تر زیندانین، ئاڵوگۆر کردووە.

نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا، ڕۆڵان مارشال لێکۆڵەری فەرەنسیی کە ٨ مانگ لە ئێراندا زیندانی بوو لەگەڵ جەلال ڕوحوڵا، ئەندازیارێکیی ئێرانی کە لە زیندانەکانی فەرەنسا بوو ئاڵوگۆڕ کرا و توانی بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا.

ساڵی ٢٠٠٩ کلوتید ڕیس، هاووڵاتییەکی ٤٥ ساڵ تەمەنی فەرەنسیی کە بۆ ماوەی شەش مانگ بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەیەک سەردانی زانکۆی ئیسفەهانی ئێرانی کردبوو، بە هۆی ناردنی چەند وێنە لە خۆپیشاندانەکانی سەرشەقامەکانی ئێران دوای هەڵبژاردنەکان لە ڕێگای ئیمەیلەوە، بە سیخۆڕی تۆمەتبار کرا.

سەرەتا حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە بەڵام لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوکمە گۆڕدرا بۆ پێدانی غەرامەی ٢٨٥ هەزار دۆلاری و دەرئەنجام ئازاد کرا.

دوو ڕۆژ دوای ئازادکردنی خاتوو ڕیس، عەلی وەکیلی ڕاد، کە بۆ ماوەی ١٨ ساڵ بە تاوانی کوشتنی شاپور بەختیار(دوایین سەرۆک وەزیرانی ئێران لە سەردەمی شا) لە فەرەنسا زیندانی بوو، ئازاد کرا و ئەو وڵاتەی بەرەو ئێران بەجێ هێشت.

 

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین