شێخ ئەدهەم بارزانى: بانگ لەهەموو لایەنەکانی بەرپرسیاردەکەم، سنورێک بۆ سنوربەزاندنى تورکیا دابنێن کوردستانی

نوچەنێت:

شێخ ئەدهەم بارزانى، بەرپرسى پێشووى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى لە سلێمانى، لە ڕاگەیێندراوێکدا، کە ئاراستەى هەر چوار سەرۆکایەتییەکە و پارتە سیاسییەکان و یوئین و حکوومەتى عێراق کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، "کوردستان کەوتۆتە بەر گەڕێکی دیکەی داگیرکاری سوپایی و جینۆسایدی ژینگەیی."

ئێوارەى ئەمڕۆ (29)ى ئایارى (2021)، شێخ ئه‌دهه‌م عوسمان بارزانی، لە لاپەڕەى فەرمى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک دا، لەسەر هێرشەکانى تورکیا لە باشوورى کوردستان، دەڵێت، "جوگرافیای هەرێمی کوردستان، بەگشتی و دەڤەری بادینانی خۆشەویست، بە تایبەتی و بە شێوەیەکی زۆر دژوارتر، کەوتۆتە بەر شاڵاوێکی چڕی دەستبەسەرداگرتن، کە لە زۆر ناوچە دا سوپای دەوڵەتی تورکیا تا قوڵایی نیزیك به‌ چڵ کیڵۆمەتر هاتووەتە پێش."

 

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى شێخ ئەدهەم بارزانى:

بەڕێزان، هه‌ر چوار سەرۆکاتی : هەرێمی کوردستان و عێراق.

بەڕێزان، هه‌موو پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی : هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

بەڕێزان، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرووه‌كان و نۆێنه‌ریان له‌ عێراق، و ئه‌نجۆمه‌نی ئاسایشی نێونه‌ته‌وه‌ی .

بەڕێزان، ئه‌ندامانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.

به‌رێزان، ئه‌ندامانی كۆمكاری عه‌ره‌بی.

به‌رێزان، رێكخراوه‌كانی : نێونه‌ته‌وه‌ی و كومه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كوردستان و عێراق و جیهان.

بەڕێزان، رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی : کوردستان و عێراق و جیهان.

سلاوێکی گه‌رمی برایانە

لە هەڵومەرجێکی زۆر دژوار و ئایەندە نادیاری وڵاتەکەمان، و له‌ سه‌رده‌می نیزیك بۆنه‌و له‌ كوتای هاتنی پەیمانی لۆزان له‌ سالی ٢٠٢٣.

کوردستان کەوتۆتە بەر گەڕێکی دیکەی داگیرکاری سوپایی و جینۆسایدی ژینگەیی.

وەک هەموومان ئاگادارین، لەو ماوەی رابردوو دا، جوگرافیای هەرێمی کوردستان، بەگشتی و دەڤەری بادینانی خۆشەویست، بە تایبەتی و بە شێوەیەکی زۆر دژوارتر، کەوتۆتە بەر شاڵاوێکی چڕی دەستبەسەرداگرتن، کە لە زۆر ناوچە دا سوپای دەوڵەتی تورکیا تا قوڵایی نیزیك به‌ چڵ کیڵۆمەتر هاتووەتە پێش و خاکی کوردستانیان خستۆتە ژێر هەڵومەرجی سەخت و نایاسایی داگیرکاریی سەربازی. 

ئەوەش بە شێوەیەکە کە نەبەتەنێ چیاکان و ناوچە و خاڵە جیۆسەربازیەکان، بەڵکوو گوندەکانیشی به‌ دانیشتووانی چۆڵ کردووە، و به‌ ده‌ها هاولاتی شه‌هید كراون ، و لەو ده‌ڤەرانه‌ دا مرۆڤەکانی ناچار بە هەڵاتن و بەجهێشتنی وارو زێدی باب و باپیران کردووە .

لەباری ژینگەییەوە، بەپاساوی خۆپارێزی و سازوکاری جەنگی و سوپایی، لێڕە وارە جۆانه‌كانی کوردستان، کە سەرمایەیەکی نەتەوەیی و کوردستانی و لە ئاستێکی فراوانتردا، میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتی و جیهانیش دێنە هەژمار، بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو لەناو دەبا و ده‌سۆتێنێ و بە نایاسایی تاڵان دەکات .

لەو سۆنگەوە، بەپێی تێڕوانینێکی مۆڕاڵی بۆ ئایەندەی وڵات، وه‌ك هاولاتیك وغه‌مخورێك بانگ لە دەسەڵات و هەموو لایەنەکانی بەرپرسیاردەکەم، کە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ، چ لەڕێی گفتووگۆ و دانووسانی دولایەنە، یان لەڕێی دەوڵەتی عێراقی، یان رێکخراوی نەتەوەیه‌كگرتوەکان و گشت ئەو دەوڵەت و هێزە جیهانیانەی کە رێز لە ئاشتی و مافی مرۆڤ دەگرن و دەتوانن گوشار دروست بکەن، سنورێک بۆ ئەو سنوربەزاندن و داگیركاریه‌ دابنێن . 

بەپێی ئەزموونی رابردوو دەوڵەتی تورکیا، هەر جوگرافیا و ناوچەیەکی لەرووی سوپایی داگیر کردبێت، هەرگیز پاشەکشەی لێ نەکردووە، لەو بارەوە دوڕگەی قبرس و ئەسکەندەرونە، دوو بەڵگەی زیند و روون و مێژووی ئەو هاوکێشەیەن، و هه‌ر وه‌ها داگیر كردنی به‌رزایه‌كانی شه‌كیۆ له‌ نیزیك سنوری ئێران له‌ ده‌ڤه‌ری برادۆست و به‌رزایه‌كانی ده‌ڤه‌ری بارزان و ئامێدی و بامه‌رنێ و زوربه‌ی به‌رزایه‌كانی بادینان تاكو نیزیك سنوری روژهه‌ڵات وده‌شتی نه‌ینه‌وا و به‌ تێكرای سنووری نێوانمان دا .

كاتی لێدانی زه‌نگی مه‌ترسی هاتووه‌ كه‌ هه‌موومان پێكه‌ووه‌ و به‌ بێ دوودڵی ئه‌م زه‌نگه‌ لێبده‌ین، و زۆر بەجدی و بەهەند وەرگرتنی تەواو، هه‌موو ڕێكاره‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌كان بگرینه‌ن به‌ر و هه‌ڵوێسته‌كانمان رێكبخه‌ین، به‌لێ هه‌ڵوێسته‌كانمان رێكبخه‌ین .

و داوا لە دەوڵەتی تورکیا بکرێ، کە لە سۆنگەی دراوسێیەتی و هاوئایینی و پێکەوەژیانی مێژوویی و جوگرافییەوە، لەپێناو ژیانی ئاشتییانەی نێوان دوو گەڵی کورد و تورک وگه‌ڵانی تر له‌م ده‌ڤه‌ره‌ دا و سەقامگیری و ئارامیی هەرێمایەتی و رۆژ هه‌ڵاتی ناڤین، رێز لە سەرووەری خاک و ژینگە و ئیرادەی خۆبەڕێوەبەریی یاسایی و دەستوریی کوردستان بگرێ و دان بە پرەنسیپە مرۆڤی و سیاسی و ئیداریەکانی ئەو هەرێمەدا بنێ.

و کێشەکان لەناو ئەو چوارچێوە و بازنە و کۆمەڵگەی توركیا و كوردستانی باكور دا چارەسەر بکات، کە ناوەندی سەرهەڵدانی ئەو ئاریشانانه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتنی دوونه‌ته‌وه‌ی كورد و تورك هه‌یه‌.

بژی ئاشتی و پێكه‌وووه‌ ژیانی مرۆڤایه‌تی.

براتان

ئه‌دهه‌م عوسمان شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی

29-5-2021

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین