دواى گرتنى سه‌ركرده‌كه‌ى حه‌شدى شه‌عبى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گرنگ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ هۆكاره‌كانى گرتنى قاسم موسڵیحى فه‌رمانده‌ى لیواى تفووفى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كات و سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاشكراى ده‌كات ئه‌مڕۆ هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تى عێراق بۆ تاوتوێكردنى دۆسیه‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى ئایار، ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ راپۆرتێكى له‌سه‌ر هۆكاره‌كانى گرتنى قاسم موسڵیح له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌و زانیارییانه‌ كراوه‌ كه‌ ئاژانسه‌ جیهانییه‌كان له‌سه‌ر گرتنى موسڵیح بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌.

له‌وانه‌ ئاژانسى رۆیته‌رز ئاشكراى كردووه‌ قاسم موسڵیح به‌ یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر گیراوه‌، ئاژانسى فڕانس پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى ئه‌منییه‌وه‌ ئاشكراى كردووه‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ى حه‌شدى شه‌عبى به‌ تۆمه‌تى كوشتنى چالاكوانان كوژراوه‌.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه‌، گرتنى موسڵیح به‌هۆى ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ چه‌ندان هێرشى به‌مدواییه‌ى سه‌ر سه‌ربازگه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگاى ئه‌نبار تێوه‌گلاوه‌، چونكه‌ موسڵیح خۆى به‌رپرسى ئۆپراسیۆنه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بووه‌ له‌ ئه‌نبار. به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى به‌ فڕانس پرێس ده‌ڵێ موسڵیح به‌و تۆمه‌ته‌ گیراوه‌ چالاكوانانى كه‌ربه‌لاى كوشتووه‌.

به‌ره‌به‌یانى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 26ى ئادار هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى قاسم موسڵیح فه‌رمانده‌ى لیواى تفووفى حه‌شدى شه‌عبیان ده‌ستگیركرد. موسڵیح له‌لایه‌ن ئه‌و لیژنه‌یه‌ى هه‌واڵگرییه‌وه‌ گیراوه‌ كه‌ له‌ هاوینى ساڵى رابردوو له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ پێكهێنراوه‌ بۆ گرتنى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى به‌ گه‌نده‌ڵى تۆمه‌تبار ده‌كرێن، بۆیه‌ ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى ده‌ڵێ، قاسم موسڵیح به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى گیراوه‌.

له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى ناوه‌ڕۆكى ئه‌و نووسراوه‌ى پشتڕاستكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن میدیاكانى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ قاسم موسڵیح به‌پێى ماده‌ى چوارى تیرۆر گیراوه‌.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى عه‌ره‌بیه‌ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى چوارقوڵى به‌ به‌شداربوونى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار و مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و فایق زێدان سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به‌ گرنگ وه‌سف كردووه‌ و گوتوویه‌تى تاوتوێى بارودۆخى سیاسى و ئه‌منى دواى گرتنى قاسم موسلح ده‌كه‌ن. جیا له‌وه‌یش ماڵپه‌ڕه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات چه‌ند ده‌زگایه‌ك به‌شدارییان له‌ گرتنى موسڵیح كردووه‌، ئه‌وانیش ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و هه‌واڵگریین.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین