ئەمەریکا لە دژی ئێران هێزێکى زۆرى هێناوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
نوچەنێت:
ڕۆژی شەممە ١٥ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بڵاوی کردەوە، ڕەوانەکردنی ئەو هێزانە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هێرشێکە لە لایەن ئێران یان گرووپە میلیشیاکانى عێراق سەر بە سوپای پاسداران، لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت.
بە پێێ ئەو ڕاپۆرتە، ئەمەریکا لە سێ هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئاسمانییەکانی خۆی ڕەوانەی کەنداو کردووە. ئەو هەنگاوە بە ڕەوانەکردنی دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژیکی بۆئینگ B-52 سترافورتس دەستی پێکرد.
تا ٤ی ئایاری ٢٠٢١، ئەمریکا ٦ فڕۆکەی B-52ی لەو ناوچەدا جێگیر کردبوو، پێشووتر ئەوە ئەمەریکا ئەو بۆمبهاوێژانەی لە ئاسمانی کەنداو دەفڕاند و پاشان دەیگەڕاندنەوە بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی وڵات، بەڵام ئەمجارە B-52کان لەو ناوچەیەدا جێگر دەکراون.
لە هەنگاوی دووەمدا فڕۆکەیەکی شەڕکەری F18یش گەیشتە ناوچەکە. ئەو جۆرە فڕۆکانە دەتوانن تا ٣ هەزار کیلۆمەتر ببڕن و لە بنکەکانی خۆیان دوور بکەونەوە و ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، بەڵام فڕۆکەی جۆری B-52 دەتوانێ مەودایەکی زیاتر ببڕێت و لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، بە یەک فڕین بگەڕێنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
جگە لەو فڕۆکانە، ئەمەریکا پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری ئایزەنهاوێری وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی دوای چوونەدەرەوە لە ئەفغانستان لە دەریای عەرەب هێشتۆتەوە.
ڕەنگە جدیترین و سەرنجڕاکێشترین هەڵوێستی ئەمریکا، ڕەوانەکردنی ژێردەریاییەکی پێشکەوتوو بۆ ناوچەی کەنداو بێت. ژێردەریایی "جورجیا" زیاتر لە ١٥٠ مووشەکی توماهاوکی تێدا جێگیر کراوە. ئەو ژێردەریاییە توانای هەناردەکردنی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوان و بەلەمانەیشی هەیە کە لە ڕێگای دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و ژمارەیەک لە هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانیشی لەگەڵدایە.
بە پێی سەرچاوەکانی "ئەلعەرەبیە"، ئەو هێزانە لەسەر داوای فەرماندەیی سێنتکام ڕەوانەی ناوچە کراون و ناردنى ئەو هێزانە و هێنانى کەلوپەلى سەربازییى پێشکەوتوو بە واتاى هۆشداریدانی جدی بە تاران دێت بۆ تاران، کە ئیدارەی جۆ بایدن زۆر جدییە لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ بەرپرچدانەوەی هەر جۆرە هێرش و پەلامارێک لە لایەن ئێران یان گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتەوە.
هۆشداری ڕاستەوخۆ و جددی بۆ تاران
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، سەرەتا وای نیشان دا کە هێشتنەوەی پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری ئایزێنهاور لە ناوچەکە، پەیوەندی بە چوونەدەرەوەی هێزە ئەمەریکییەکان لە ئەفغانستان هەیە، بەڵام سەرچاوەکانی "ئەلعەرەبیە" جەختیان کردووەتەوە ئەوە هەڵگری هۆشدارێکی جددی و ڕاستەوخۆیە بۆ ئێران.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان نەکردووە، کە ئایا هیچ جۆرە زانیاریەک لە بەردەستە سەبارەت بەوەى ئێران سەرقاڵی داڕشتنی پلانێک بێ بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا یان ئایا ئێران ئەو فەرمانەی بە گرووپە میلیشیاکانی خۆی داوە یاخود نا، بەڵام گرژییەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی نێوان بەلەمەکانی سوپای پاسداران و هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا، لە ئاوەکانی کەنداو و هەروەها هێرشەکانى سەر بنکەی "عەین ئەسەد" و کاروانی لۆجستی ئەمەریکا لە عێراق، دەتوانێ ئاماژەیەک بێت بۆ ئەو پلانانەی ئێران.
ئەمەریکا دەیەوێت پاشەکشێ بە ئێران بکات
بە پێى ڕاپۆرتەکەى "ئەلعەرەبیە" ئەمەریکا دەیەوێت ڕێگری لەوە بکات، کە ئێران کەڵک لەو دەرفتە وەربگرێت، کە ڕەنگە بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بۆی بڕەخسسێت و بیەوێت هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی سوپای ئەمەریکا وەک سوپایەکی ناکارامە، لاواز و شکستخواردوو لە بەرامبەر ئێرانێکى بەهێز و سەرکەوتوو دەربکەوێ.
بابەتێکی گرنگی تر ئەوەیە، کە جۆ بایدن دەیەوێت هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی و ئەولەوییەتدان بە دیپلۆماسی و هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، ئەو پەیامە بە تاران بدات کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە زۆر جددیە، ئەوەش بە نواندنی هێز و هەروەها بە جەختکردنەوە لە نیشاندانى ئامادەیی بۆ کردەی سەربازیی لە دژی تاران.
ڕووبەڕووبوونەوە لە کەنداوەوە تا ڤیێنا
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەلەمەکانی سوپای پاسداران چەندین جار لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عەرەب بە شێوەیەکی "ناپسپۆڕانە" خۆیان لە کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا نزیک کردەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پنتاگۆن" ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢١ ڕایگەیاند، چەند بەلەمێکی سوپای پاسداران لە گەرووی هۆرمۆز بە شێوەیەکی دنەدەرانە لە هێزی دەریایی ئەمەریکا نزیک بوونەوە و هێزەکانی ئەمەریکا ناچار بوون ٣٠ فیشەکی ئاگادارکردنەوە بتەقێنن.
جۆن کربی، وتەبێژی پنتاگۆن دەڵێت: "هێزی دەریایی ئەمریکا هێزێکی ڕاهێنراوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بەو پێیە دەجوڵێتەوە و مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات."
کربی گوتیشى: "بەلەمەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی مەترسیدار لە هێزەکانی ئەمریکا نزیک بوونەوە لەو کاتەدا، بۆیە هێزەکانی ئەەمریکا ناچار بوون ٣٠ فیشەکی ئاگادارکردنەوە بتەقێنن."
وتەبێژى پەنتاگۆن دەشڵێت: "سەرکردایەتیى فەرماندەیی سوپای پاسداران نادیارە و سوپا زیاتر فەرمانەکانی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ دەکات."
جگە لە گرژی لە نێوان هێزە سەربازییەکان لە ئاوەکانی کەنداو، لە ڤیێناش دیپلۆماتکاران ڕووبەڕووی یەکتری وەستاونەتەوە. هاوکات لەگەڵ درێژەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا، سەرچاوە ئەورووپییەکان بە "ئەلعەرەبیە"یان گوتووە تا ئێستا کرانەوەیەک لەو گفتوگۆیانەدا نەهاتووەتە ئاراوە و پرسی وردەکارییەکانی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران ئەو کرانەوەى سڕ کردووە.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەشکردووە: "ڕێگای زۆر ماوە تا گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و ئەگەر ناکۆکییەکان دەربارەی گەمارۆکان چارە بکرێن، گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام."
بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، گفتوگۆکان گەیشتوونەتە خاڵێکی هەستیار و ڕوونکراوەتەوە کە ئێران پێویستە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی بەڵینەکانی چی بکات.
کەناڵی "پرس تیڤی" نزیک لە دەسەڵاتی ئێران کە بەرنامەکانی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە، پێشتر ڕایگەیاندبوو گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوا لە ڤیێنا، پایتەختی نەمسا گەیشتوونەتە بنبەست و هۆکارەکەیشی دژایەتی ئەمریکا لەگەڵ داواکاری ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بووە.
ئەو کەناڵە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە پێداگری ئێران لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکان بە یەکجاری بکات، ڕایگەیاند، "ئەمەریکا بە پێداگری لەسەر هەڵنەوەشاندنەوەی ٥٠٠ گەمارۆ کە پێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەتۆمین، هۆکاری بە بنبەستگەیشتنی گفتوگۆکانی ڤیێنایە."
هەروەها لە ڕاپۆرتێکى "پرس تیڤی"دا هاتووە، کە "هەڵنەوەشاندنەوەی گەمارۆکان لەسەر ٥٠٠ تاک و ڕێکخراو، وا دەکات ئێران نەتوانێ لە قازانجە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کەڵک وەربگرێت."
کۆماریخوازان لە بەرەی پێشەوەی ڕەخنەگرانى ڕێککەوتنی ئەتۆمین
سیناتۆر میچ مەک کانل، ڕابەری کۆماریخوازەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی ١٤ی ئایاری ٢٠٢١ وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە ئێران چالاکترین وڵاتی جیهانە لە بواری پشتیوانیکردن لە تیرۆرە، گوتی، جۆ بایدن نابێ بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەو وڵاتە خەڵات بکات.
مەک کانل لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی نووسیوویەتى: "ئێران چالاکترین وڵاتی جیهانە لە بواری پشتیوانیکردن لە تیرۆر. ئەو مووشەکانەی کە دەڕژێنە سەر ئیسرائیل، شوێنپەنجەی ئێرانیان لەسەرە. هاوشیوەی ئەو هێرشانە لە دژی عەرەبەکان و ئەمەریکییەکانیش ئەنجام دەدەن، بۆیە نابێ ئیدارەی بایدن بە کەمکردنەوەی گەمارۆکان یان گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، خەڵاتی ئەو جۆرە ڕەفتارانە بکات."
هەروەها سیناتۆر مایک گالاگر بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە مووشەکبارانی ئیسرائیل لە لایەن بزووتنەوەی حەماسەوە، نووسیوویەتى: "ئەوە وێنەیەکی سەیرە، کە وەبیرمان دەهێنێتەوە بۆچی ئەمەریکا دەبێ بە هەموو توانایەوە لە پاڵ ئیسرائیل بوەستێت، لە کاتێکدا کە حەماس (گرووپێکی تیرۆریستی) و ئێران (گەورەترین حکومەتی پاڵپشتی تیرۆریزم لە جیهاندا) هەوڵ دەدەن نزیکترین هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر نەخشە بسڕنەوە."
مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکاش جەختی کردەۆتەوە، کە سیاسەتی دەرەوەی لاواز "تیرۆریستەکانی هان دەدات و جیهان ناسەقامگیرتر دەکات."
پەمپیۆ ئاماژەى بوەشکردووە، پیویستە ڕابەرانی ئەمریکا بە ڕوونی ڕابگەیەنن، "ئێمە بە ئاشکرا لە پاڵ ئیسرائیلی دۆست و هاوپەیمانمان دەبین."
پێشتر ٤٤ سیناتۆری کۆماریخواز، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ئایار لە نامەیەکدا بۆ جۆبایدنى سەرۆکی ئەمةریکا، بە هۆی پشتیوانی دارایی و سةربازيى ئێران لە گرووپی فەلەستینی "حەماس" لە غەزە، داوای کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان کردبوو.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment