هەشت ڕۆژنامەی ئێران لە سەروتارێکی هاوبەشدا ڕەخنە له‌ شێوازی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەگرن ئێران

نوچه‌نێت

هەشت ڕۆژنامەی سەر بە بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران و نزیک لە کابینەی ڕۆحانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١، بە بڵاوکردنەوەی سەروتارێکی هاوبەش ڕەخنەیان لە لە دۆخی ڤاکسیناسیۆنی گشتیی و شێوازی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵێتەدا کرد و داوایان کرد حکومەت کاری خێراتر لەو بارەوە ئەنجام بدات.

ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، ڕۆژنامەکانی "ئێتلاعات"، "جمهوری ئیسلامیی"، "شەرق"، "ئێعتماد"، "ئێقتساد"، "سازندگی"، "هەفت سۆبح" و "هەمشەهری" لەو سەروتارە هاوبەشەدا هەلومەرجی ئێستای دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنایان بە قەیران ناو بردووە و هۆشداریان داوە کە هیچ گەشبینییەک بە داهاتوو نییە.

ئەو ڕۆژنامانە لە سەروتارە هاوبەشەکەیاندا وێرای ئاماژەکردن بە هەواڵ و زانیارییە لێکدژەکان سەبارەت بە هاوردەکردنی ڤاکسین، ئەوەیان بە دەرخەری پڕژوبڵاوی لە سیستەمی بڕیاردانی وڵاتدا ناو برد و ڕایانگەیاندووە کە کەمته‌رخەمی ناوەندەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکان بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو نیگەرانییە کە نەکا ئیرادە و بڕیارێکی تاقانە و تایبەت لەو بوارەدا لە ئارادا نەبێت.

بەگوێرەی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران تا ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئایار، پێنج ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا هاوردە کراون و ئەو ڕێژەیە وەڵامدەرەوەی تەنیا دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسە. کۆی ئەو ڤاکسینانە کە لە ئێراندا کوتراون گەیشتووە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٢٧٠ هەزار ژەم.

پێشتر حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، ڕۆژی ١٦ نیسان داوای کردبوو، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ هاوردەکردنی ڤاکسین هاوکاریی بکەن، بەڵام هێشتا ڕاپۆرتێکی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە هاوردەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ ئێران لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەروتارە هاوبەشەکەی ئەو ڕۆژنامانە، وێرای ئاماژەکردن بە شکستی کەرتی تایبەت لە هاوردەکردنی ڤاکسیندا، دەڵێت کەرتی تایبەت هۆکاری سەرنەکەوتنەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ کێشە ناوخۆییەکان نەک دەرەکییەکان.

ئەو سەروتارە لە درێژەدا وێرای ئاماژەکردن بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوە بچن، هۆشداری دەدات کە لەبەرئەوەی حکومەتی داهاتوو لە چەند مانگی سەرەتادا سەرقاڵی کاروباری جێگیرکردنی کابینە و دەسەڵاتی نوێ دەبێت، ئەو نیگەرانییە جدییە لە ئارادیە کە ئەوە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هەوڵەکانى بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

ئەو ڕۆژنامانە لە کۆتایی ئەو سەروتارەدا داوایان لە سەرۆک کۆمار کردووە بە خێرایی لێژنەیەکی نیشتمانیی پێکهاتوو لە حکومەت، کەرتی تایبەت و دامەزراوە خەڵکییەکان دامەزرێنێت و ئەو لێژنەیە بکاتە بەرپرسی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پرسی دابینکردنی خێرای ڤاکسبن و داڕشتنی پلان بۆ دابەشکردنی شەفاف و کوتانی خێرای ڤاکسینەکان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین