سەوزایى هەولێر و سلێمانى بەهۆى وشکەساڵى و بێ ئاوى هەڕەشەى وشکبوونیان لەسەرە کوردستانی

نوچەنێت:

بەهۆى کەم ئاویى و وشکەساڵى، پارک و باخچەکانى هەولێر و سلێمانى هەڕەشەى وشک بوونیان لەسەرە و بەڕێوەبەڕێکى ئەندازەى پارکەکانیش دەڵێت، ئێستا تەنیا بەشی وشکنەبوون دار و سەوزاییەکانی ئاودەدرێن، ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، مەترسییەکی جیددی دەکەوێتە سەر دار و سەوزایی پارک و باخچەکان.

رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند،  لە وەرزەکانى تر، سەوزاییەکان زۆر پێویستیان بە ئاو نییە، بەڵام لەگەڵ هاتنى گەرما، دەبێ هەفتانە سێجار ئاوبدرێن، بۆیە ئێستا پلانێکمان رادەستی حکومەت کردووە ئەگەر زوو پلانەکەمان پەسند نەکرێت، مەترسییەکى گەورە دەکەوێتەسەر دارو پارکەکان.

 هاوکات ڕێکخراوەکانى ژینگەپارێزیش هۆشدارى بە حکوومەت دەدەن، لە وشکبوونى سەوزایى و باخچەکان ئەگەر بە خێرایى بڕیارێک نەدات بۆ چارەسەرکردنى کەم ئاوى، هەروەک  بۆردی رێکخراوە ژینگەییەکانى سلێمانى لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، زیاتر لە 4 ساڵە لە كاتی هاتنی وەرزی ئاودان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چەندین  داواكاریمان ئاراستەی حكومەت کردوە كە لە كاتی پێویستدا نەمام و درەختەكان ئاو بدرێن، بەڵام بە داخەوە ئەو گرفتە تاوەکو ئێستاش وەكو خۆی ماوەتەوە.

هەروەها بە پێى یاداشتێکى بۆردی رێکخراوەکان، ئاونەدانی درەختەكانەوە، لەساڵی 2016 هەزار و 500 بنەدار وشكبوون و لەساڵی 2017ش 500 بنەداری دیكە وشكبوون، ئەمساڵیش مەترسی وشكبوون و نەبوونی ئاو بۆ ئاودانی درەخت و باخچە و بلوارەكان لە ساڵانی پێشووتر زیاتر دەبن، ئەگەر لە ئێستاوە چارەسەرێك بۆ ئەو گرفتە نەدۆزرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین