به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانى توركیا ناتۆ هێزى زیاتر ره‌وانه‌ى عێراق ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

په‌یمانگه‌ى شاهانه‌ى به‌ریتانى ئاشكراى ده‌كات، به‌هۆى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى توركیا له‌ عێراق دروستى كردووه‌، هاوپه‌یمانى ناتۆ هێزى زیاتر ره‌وانه‌ى عێراق ده‌كات.

ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15ى ئایار پوخته‌ى پێشبینییه‌كى په‌یمانگه‌ى شاهانه‌ى به‌ریتانى ده‌كات، كه‌ باس له‌ زیادبوونى هێزى ناتۆ له‌ عێراق ده‌كات.

ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌ كه‌  ناوه‌كه‌ى به‌م شێوه‌یه‌یه‌ Royal United Services Institute " به‌ كورتكراوه‌ى "RUSI" ده‌ناسرێت، زانیارییه‌كانى له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس وه‌رگرتووه‌ و باسى له‌وه‌ كردووه‌، ده‌ستوه‌ردانه‌كانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا له‌ ململانێیه‌كان وایكردووه‌ توركیا ببێته‌ یاریكه‌رێك كه‌ ئه‌سته‌م بێت پێشبینى هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى بكرێت.

بۆیه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ شرۆڤه‌كاران پێیانوایه‌ توركیا له‌پاڵ ئێران به‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسییه‌كانى ئاسایشى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست داده‌نرێت، چونكه‌ ده‌ستى خستووه‌ته‌ ناو كاره‌كانى هه‌ر یه‌كه‌ له‌ لیبیا و سووریا و عێراق و لبنان و یه‌مه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ عێراق په‌یمانگه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات توركیا به‌ هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر عێراق كاره‌كانى ناتۆ بۆ سه‌قامگیربوونى ئه‌و وڵاته‌ زه‌حمه‌ت ده‌كات، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى ناسراو به‌ "ناتۆ" هێزى زیاتر ره‌وانه‌ى عێراق بكات كه‌ ئێستا چوار هه‌زار سه‌ربازى له‌ عێراقن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین