دواى جه‌ژن رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى پێشمه‌رگه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق راگه‌یاندووه‌، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رێنمایى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى ئه‌منى نێوان هه‌ولێر و به‌غداى داوه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، بۆیه‌ راسته‌وخۆ دواى جه‌ژن جێبه‌جێ ده‌كرێت.

شه‌وى رابردوو 14ى ئایار، ئاژانسى هه‌واڵى عێراق "واع" لێدوانێكى جه‌بار یاوه‌رى ئه‌میندارى گشتى پێشمه‌رگه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ باس له‌ رێككه‌وتنى ئه‌منى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات.

جه‌بار یاوه‌ر له‌ لێدوانه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "له‌میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى پێشوو گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتنێكى هاوبه‌ش بۆ پێكهێنانى ژوور هاوئاهه‌نگى بۆ ناوچه‌كانى خانه‌قین و كه‌ركووك و مووسڵ و مه‌خموور، رێككه‌وتنه‌كه‌یش له‌ژێر رۆشنایى پێشنیاره‌كانى كازمى بووه‌".

ئه‌میندارى گشتى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ نۆى ئه‌م مانگه‌ شاندێكى باڵاى ئه‌منى به‌ سه‌رۆكایه‌تى قاسم ئه‌عره‌ج راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانی كردووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ دواى جه‌ژنى ره‌مه‌زان راسته‌وخۆ ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ بكرێت.

پێشتر له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوودا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق رێككه‌وتنێكى ئه‌منیان له‌سه‌ر ناوچه‌ى كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كردووه‌، بۆئه‌وه‌ى بۆشایى ئه‌منى پڕ بكرێته‌وه‌. به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان چه‌ندان جار ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ له‌وه‌ى ئه‌م بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ بۆ تیرۆریستان بووه‌ته‌ ده‌رفه‌تێك تا جموجۆڵیان زیاد بكه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین