ناونووسی کاندیدانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران دەستی پێکرد ئێران

نوچه‌نێت

ناونووسی کاندیداکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، لە کاتێکدا دەستیپێکردووە کە ئەو مەرجانەی ئەنجومەنی چاودێری بۆ کانداداکان دایناون، ڕووبەڕووی دژایەتی حکومەت بووەتەوە. کاندیداکان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دەتوانن ناوی خۆیان وەک کاندیدی سەرۆک کۆماریی لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا تۆمار بکەن. گوتەبێژی ئەنجومەنی چاودێری ڕایگەیاندووە ئەو ناونووسیانەی کە مەرجە پێویستەکانیان ڕەچاو نەکردبێت، وەلا دەنرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ زەمانە" بڵاوی کردەوە، ناونووسی کاندیداکانی خولی سیانزەی سەرۆک کۆماریی لە ئێران بە فەرمانی عەبولڕەزا فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە، لە کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی ئایار لە بینای وەزارەتی ناوخۆ دەستی پێکرد و تا ڕۆژی شەممە ١٥ی ئایار، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، بەردەوام دەبێت. 

دوای ناونووسی کاندیداکان، ئەنجومەنی چاودێری لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئایارەوە تا ئێوارەی ٢٠ی ئایار، واتە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، لێکدانەوە بۆ شیاویی و لێهاتوویی کاندیدەکان دەکات و ئەنجامەکان ڕادەگەیێنێت. ئەوەش ئەو پرسەیە کە بەردەوام جێی ناکۆکی و مشتومڕ بووە. 

ئەنجومەنی چاودێری ڕۆژی پێنجی ئایار، بە مەبةستی "ڕێکخستنی پرۆسەی ناونووسی کاندیداکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی"، مەرجەکانی کاندیدبوونی بە وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند. بە پێی ئەو گەڵاڵەیە پێویستە کاندیداکان لە نێوان ٤٠ تا ٧٥ ساڵ تەمەن بن، لانیکەم بڕوانامەی ماستەریان هەبێت و لانیکەم چوار ساڵ لە پۆستێکی بەڕێوەبەرایەتیدا ئەزموونیان هەبێت و هیچ جۆرە ئەزموونێکی زیندان یان دۆسیەی دادگایان نەبێت. وەزیرەکان، شارەوانانی ئەو شارانەی زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس دانیشتوویان هەیە، فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان کە خاوەن پلەی سەرلەشکەر یان سەرتر لەوە بن دەتوانن خۆیان کاندید بکەن. 

 

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رێژه‌ى به‌شداربوون كه‌م بێت

 

 

ئەو گەڵاڵە پەسەندکراوە، ڕۆژی ٦ی ئایار بە وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیێندرا. 

دوای ڕاگەیاندنی ئەو گەڵاڵەیە، ئەو ڕیفورمخوازانەی کە دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن، دەڵێن دیاریکردنی ئەو سنوورانە دەتوانێ ڕێگری لە ناونووسی ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانە بکات کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن. 

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماریی ئێران ئێوارەی دووشەممە ١٠ی ئایار فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ دا، بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بە پێی پێوەرەکانی ناوەندیی یاسایی سەرۆک کۆمار و بە پێی یاساکانی ڕابردوو کار بکەن. دوای ئەوە ناوەندیی یاسایی سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند دانانی یاسا تەنیا ئەرکی پەرلەمانە و جەختی کردەوە ئەگەر قانوونێک پەسەند بکرێت پەرلەمان بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەوانی ڕادەگەیێنێت. 

عەبساعەلی کەدخۆدایی، گوتەبێژی ئەنجومەنی چاودێری سەبارەت بە ناکۆکی و جیاوازی بیروبۆچوونی نێوان ئەنجومەنی چاودێری و حکومەت سەبارەت بە مەرجە پێویستەکان بۆ ناونووسی کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی گوتی: "ئەو ناونووسیانەی کە ئەو مەرجانە لە خۆ نەگرن کە لە لایەن ئەنجومەنی چاودێرییەوە دیاری کراون، هیچ بایەخێکیان نییە و بە نوێنەرەکانمان کە لە بنکەکان جێگیر کراون گوتومانە ئەو کەسانەی هەموو مەرجەکانیان نییە ناونووسی نەکرێن". 

کەدخۆدایی جەختی کردەوە کە تەنیا ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکرێت کە مەرجەکانی ئەنجومەنی چاودیڕیان ڕەچاو کردبێت. 

دوای سەرهەڵدانی ناکۆکی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی چاودێری سەبارەت بە مەرجەکانی کاندیدبوون بۆ سەرۆک کۆماریی، "لەعیا جندی" یاریدەدەری کاروباری یاسایی حەسەن ڕۆحانی لە ڕۆژنامەی ئێراندا نووسی: "میتۆدی ٤٠ ساڵی ڕابردوو بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە دەستوور ئەوە بوو و تا ئێستا ئەنجومەنی چاودێری و وەزارەتی ناوخۆ بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی کاندیدبوون و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان، گەڕاونەتەوە بۆ دەستووری وڵات و لەوانە مادەی ١١٥ و یاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی کە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە و لانیکەم بە فەرمی ئەوە پێوەر بووە". 

نانووسی کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە هێشتا هەندێک لەوانەی کە ناویان لە میدیاکانی سەر بە ڕیفۆرمخوازان و کۆنەپارێزان [محافیزەکاران] وەک کاندید هاتووەتە ئاراوە، خۆیان بە فەرمی ڕایاننەگەیاندووە لە هەڵبژاردنەکاندا ناونووسی دەکەن یان نا. لەوانە دەکرێ ئاماژە بە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، مەحمود ئەحمەدینژاد، ئیسحاق جەهانگیری، محەمەد جەواد زەریف، عەلی لاریجانی، محەمەد باقر قالیباف، سەعید جەلیلی و عەلی ئەکبەر ساڵحی بکرێت. 

به‌شێك زۆر له‌ كاندیده‌كان سه‌ر به‌ سوپاى پاسدارانن
 

 

لەو کەسانەی کە تا ئێستا ڕایانگەیاندووە خۆیان کاندید دەکەن، دەکرێ ئاماژە بەو ناوانە بکرێت: سەعید محەمەد فەرماندەی پێشووی "قەرارگای سازندگی خاتم الانبیا"ی سوپای پاسداران، حسێن دێهقان وەزیری پێشووی بەرگریی، ڕۆستەم قاسمی فەرماندەی پێشووتری قەرارگای خاتم الانبیا و وەزیری نەوت لە سەردەمی ئەحمەدینژاد، عەلیڕەزا ئەفشار فەرماندەی پێشووتری هێزی بەسیج، محەمەد عەباسی وەزیری پێشووی وەرزش، محەمەد نزامی ئەردەکانی یەکەمین وەزیری "تعاون" لە ئێران، ئەمیر حسەین قازیزادە هاشمی نوێنەری پەرلەمان، عزەتۆڵا زەرغامی سەرۆکی پێشووی دەنگ و رەنگی ئێران، ڕامین مهمان دوست گوتەبێژی پێشووتری وەزارەتی دەرەوە و باڵوێزی پێشووی ئێران لە کازاخستان و تایلەند، محەمەد غەرەزی وەزیری پێشووتری پەیوەندییەکان، مەحمود سادقی، مستەفا کەواکبیان، موحسێن ڕەهامی، شاهین محەمەد سادقی و عەلی مۆتەهەری نوێنەرانی پێشووی پەرلەمان، حەسەن سۆبحانی لە نوێنەرانی ساڵەکانی ١٩٩٠ لە پەرلەمان، مەسعود پزشکیان جێگری سەرۆک پەرلەمان لە خولی پێشو و وەزیری تەندروستی لە کابینەی محەمەد خاتەمی، قۆدرەتعەلی حشمەتییان نوێنەری خولی پێنجەمی پەرلەمان، محەمەد زارع فومنی بەرپرسی بنکەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، فەرەیدون عەباسی دوانی نوێنەری پێشوی پەرلەمان و سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی لە سەردەمی ئەحمەدینژاد، وەهاب عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی "جهادگران"، ئەسەدۆڵا بادامچیان سکرتێری گەشتیی حزبی "موتلفە" و نوێنەری پێشووتری پەرلەمان، سەید محەمەد سادق خەڕازی باڵوێز و یاریدەدەری پێشووی نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵوێزی پێشووتری ئێران لە فەرەنسا، ئەبولقاسم ڕەئوفیان سکرتێری گشتیی حزبی ئیسلامی ئێران زەمین، مستەفا تاجزادە یاریدەدەری سیاسیی وەزیری ناوخۆ لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی محەمەد خاتەمی و سادق خەلیلیان وەزیری پێشووی کشتوکاڵ. 

هەندێ نیشانە دەری دەخەن کە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمساڵ تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانیش کەمتر دەبێت. گوشاری ئابووری سەر شانی خەڵک بە هۆی لێنەهاتوویی دەسەڵات و گەمارۆکان بە تایبەت دوای پەتای کۆرۆنا، سەرکوتی بەربڵاوی خۆپیشاندەران لە چەند ساڵی ڕابردوودا، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی گەشتی ئوکرانیا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە و پابەندنەبوونی حەسەن ڕۆحانی بە بەڵێنەکانی خۆی لەو هۆکارانەن کە خەڵکی لە هەڵبژاردنەکان دوور خستووەتەوە. 

لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئێران (هەڵبژاردنی پەرلەمان) ڕێژەی بەشداریکردن لە هەموو وڵات ٤٢.٥٧٪ و لە پارێزگای تاران.٢٤.٦٢ ٪ بوو. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان ٥٧ ملیۆن و ٩١٨ هەزار و ١٥٩ کەس دەنگدەر لە ئێران هەن. 

نزیکەی ١٠ مانگ پێش ئێستا، حسامەدین ئاشنا، ڕاوێژکاری حەسەن ڕۆحانی دەربارەی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی گوتبووی: "بە پێی یاسا تەنانەت ئەگەر ٢٠٪ی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن، هێشتا دەکرێ سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت". 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین