بوڵەنت ئەرنج بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت تورکیە

نوچە نێت

بوڵەنت ئەرنج جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەری سەرەکی ئەکپارتی ڕەخنە لە دەستگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی بروانامەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبۆڵ لەلایەن دادگاوە دەگرێت و دەڵێت، "کاتێک ئەو ڕووداوەم بیست توشی شۆک بووم."

ئەمڕۆ یەکشەممە (20/نیسان/2025) ماڵپەڕی (گەل) بڵاویکردەوە، هەرچەندە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆڵ لە (23)ـی ئادار لەلایەن یەک ملیۆن و (500) لایەنگری جەهەپە وەک کاندیدی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستنیشانکرا، بەڵام لەئێستادا لە زیندانە و تادێت لەنێو باڵی ئەکپارتی رەخنە  لە دەستگیرکردنی دەگیرێت.

بولەنت ئەرنج جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەری ئەکپارتی لە بەرنامەیەکدا رەخنە لە دەستگیرکردنی ئیمائۆغڵو دەگرێت و گوتی، "بەم کارە شۆک بووم"

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بروانامەی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆڵ دەشڵێت، "لە هەموو مامۆستایانی کارگێری یاسام بیستووە، ئەم بروانامەیە دوای (35) ساڵ هەڵناوەشێندرێتەوە، هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە و بروانامەی خۆیەتی بەدەستی هێناوە، نابێت لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری زانکۆیەک ئەم بڕیارە بدرێت تەنیا ئەگەر بریاریان لە سەرووی خۆیانەوە وەرگرتبێت."

ئارنج سەرنجی خستە سەر دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو وە سەرۆکی سارەوانییەکانی جەهەپە و گوتی، "ناکرێت دەستگیرکردنی سیاسی هەبێت، هەمان شتم بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاشیش گوتووە، سەرەتا پێویستە تۆمەتبارکردن پێشکەش بکرێت و لەلایەن دادگا بڕیار لەسەر ئەو تاوانە دەدات، نەک هاوشێوەی ئێستا سەرەتا دەستگیر بکرێت ئینجا دادگایی بکرێت ناکرێت سەرۆکی شارەوانییەکی گەورە بەبێ دادگایکردن دەستگیر بکرێت."

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، (19)ـی ئاداری (2025)، هێزێکی ئەمنی تورکیا هەڵیکوتایە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد، بەهۆیەوە لە زۆربەی شارەکان خۆپیشاندان بە دروشمی "ئەردۆغانی بێ بروانامە" بەڕێوەچوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین