رێبوار بابكه‌یى په‌رله‌مانتار: ناكرێ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى هه‌رێم به‌ده‌ر بن له‌ چاودێریى کوردستانی

سیهام میران، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د. رێبوار بابكه‌یى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، به‌م نزیكانه‌ دیدارێكى سیاسى له‌ لایه‌ن لیژنه‌كه‌یان رێكده‌خرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان. له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى بۆ "نوچه‌نێت" باسى له‌وه‌ كرد لیژنه‌كه‌یان پێداگریى ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ده‌ر نه‌بن له‌ چاودێریى لیژنه‌كه‌.

بڕیاره‌ له‌ داهاتوودا لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان دیدارێكى فراوان ساز بكات و  به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان  له‌ پرسه‌ سیاسى گرنگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ بۆچوونى هه‌بێت.

د. رێبوار بابكه‌یى په‌رله‌مانتار و سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ى نیسان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت هه‌ندێك زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و دیداره‌ خسته‌ڕوو.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى د. رێبوار بابكه‌یى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ "نوچه‌نێت" داوه‌ له‌ هه‌شتى مانگى حوزه‌یران دیداره‌كه‌ سازده‌كرێت و هەندێك کەسانی پسپۆر وەک مامۆستایانی زانکۆ لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵه‌تییه‌كان و سیاسەت، لەگەڵ کەسانی شارەزا و و بەرپرسانى باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا به‌شدار ده‌بن.

د. رێبوار بابكه‌یى ئامانجى سه‌ره‌كى دیداره‌كه‌ دیارى ده‌كات و له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ "نوچه‌نێت" گوتى، "باس لە هەندێک تەوەری گرنگ دەکەین ئێمە مەبەستمان ئەوەیە لیژنەی پەیوەندییەکان و پەرلەمانی کوردستان بخەینە ناو رووداوەکانەوە لە پەراوێزی رووداوەکانەوە نەبن، تا پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی پەیوەندیەکانی کوردستان بتوانێت وەک لیژنە رای خۆی هەبێت را دروست بکات، سەرنج و تێبینی ئەو تێکستانەی کە لە بەرامبەر ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە دەخرێنەڕوو".
 

د. رێبوار بابكه‌یى:

ده‌مانه‌وێ لیژنەی پەیوەندییەکان و پەرلەمانی کوردستان بخەینە ناو رووداوەکانەوە لە پەراوێزی رووداوەکان نەبن


سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ درێژه‌ى لێدوانه‌كه‌ى گوتیشى، "دواجار پەرلەمان لێوە ئاگادارکەینەوە كه‌ ئەو ئاڵنگارییانە چین و ئەو گۆڕانکارییانە چین؟ کە لەسەر ئاستی عێراق وهەرێمی کوردستان هه‌ن و چۆن بکرێت رووبەڕووی ئەو ئاڵنگاریانە ببتەوە، بە کەمترین زیان لەو پێشهاتانەی دێنە پێش لێ دەرچن".

له‌باسكردنى نموونه‌ى ئاڵنگارییه‌كان د.رێبوار بابكه‌یى نموونه‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێرى هێنایه‌وه‌ و گوتى، "چەند جارێك هێرش کرایە سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەم هێرشە وەکو دیارە پاشخانەیەکی سیاسی بەدواوەیە، بۆیە ئەمە پێشهاتێکی تازەیە چۆن رووبەڕووی ببینەوە بە چ میكانیزمێك ئەمە گرنگە؟، ئه‌مه‌یش لە دیدارەكه‌ باسى لێوه‌ ده‌كه‌ین".

له‌ ته‌وه‌رێكى ترى قسه‌كانى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى باسى له‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ كرد. رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌م لیژنه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ى كردبوو باسى له‌ دواكه‌وتنى راپۆرته‌كانى نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كرد بوو، د. رێبوار بابكه‌یى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ نوچه‌نێتى گوت، "یەکێك لەو میكانیزمانه‌ى کە چاودێری نوێنەراتییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێ دەکەین، بریتیە لە بابەتی راپۆرت، کە بۆمان بنێرن. ئێمە راپۆرتێکمان بە دەست گەیشتووە پێش سێ مانگـ، ئێستا دەبوو راپۆرتی دووەم هاتبایە. لە راپۆرتی یەکەم هەندێك سەرنجی خۆمان خستووه‌ته‌ڕوو، بەهۆی بارودۆخی دارایی هەرێم و ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێمە نەمانتوانیوە سەردانیان بکەین لە نزیکەوە لە رەوشی ئەوان بزانین، بەڵام کۆبوونەوەی ئۆنڵاین کە جارێك لەگەڵ نوێنەراتیەکان و چەند جارێك لەگەڵ فەرمانگە و بە فیزیکیش فەرمانگەمان بانگکردووەته‌  پەرلەمان"

له‌ كۆتایى قسه‌كانى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ لیژنه‌كه‌یان ده‌یه‌وێ چاودێرى نوێنه‌رایه‌تییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ بكات، ئه‌و گوتى، دەمانەوێت پێداگیر بین لەسەر ئەوەی کە ناکرێت نوێنەراتیەکانی دەرەوەی هەرێم بەدەر بن لە چاودێری لیژنەکەمانەوە هەناردنی راپۆرت وە بزانین کاروچاڵاکیەکانیان چییە. ئەو پێوەرانەی کە دامانناوە بۆ کاروچاڵاکیەکان ئایا لە چوارچێوەی ئەو پێوەرانە ئیشی خۆیان دەبەن بەرێوە؟ بۆیە ئێمە نوسراوێکمان ناردووە کە هەرچی زووه‌ ئەو راپۆرتانە بنێرن تاکو ئیێمە بتوانین چاودێریان بین بەسەریانەوە وە هەڵسەنگاندن بۆ کاروچالاکیەکانیان بکەین".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین