ئەردۆغان کارەتەکانى ئۆپۆزسیۆن دەسووتێنێت وەرگێڕان

نوچە نێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها

ئەو سەرکەوتنەى هێزە هێزەکاتى ئۆپۆزسیۆنەکانى حکومەتى سووریا لە (2024/12/8) بەدەستیان هێنا و رژێمى بەشار ئەسەدیان خست، رەنگدانەوەى گەورەى لەسەر تورکیا دەبێت.
بەگوێرەى کۆمسیۆنى کاروبارى پەنابەران تورکیا جیهان میواندارى زۆرترین ژمارەى پەنابەرانى سوورى کردووە، کە بەگوێرەى ئامارى مانگى نیسانى ئەمساڵى فەرمانگەى کۆچى تورکیا ژمارەى پەنابەرانى سووریا سێ ملیۆن و ( 120) هەزار و (430) کەس بووە.
دۆسیەى پەنابەرانى سوورى فشارێکى گەورەى لەسەر حکومەتى تورکیا بە فەرمانڕەوایى پارتى دادوگەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا درووست کردبوو.
ئەوەش وایکرد بوو ئۆپۆزسیۆنى تورکیا کار لەسەر  هاندانى رەگەزپەرستانە و درووستکردنى رق دژ بە پەنابەران بکەن، بۆ ئەوەى دەستکەوتى سیاسى بەدەست بهێنن.
کار گەیشتە ئەوەى لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى ساڵى (2023) کەمال کلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکى کاندیدى ئۆپۆزسیۆن درووشمى سوورییەکان دەردەکرێن، بەڵام لەدواى سەرکەوتنى شۆڕشى سووریا هەوڵەکانیان پووچەڵ بۆوە، ئێستا ئەنقەرە بەرى پاڵشتییەکانى شۆڕش و گەلى سوورى دەچنێتەوە، ئۆپۆزسیۆنیش تووشى تەنگەشە بووە، بەتایبەت لەو دۆسیەى کە ئەجێنداکەى لەسەر بونیاد نابوو بەشێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو چارەسەر بوو.
موهاجیر و ئەنسارییەکان
لە رۆژەکانى سەرەتاى شۆڕشى سووریا و هاتنى سوورییەکان رەجەب تەیب ئەردۆغان پرەنسیپى موهاجیر و ئەنسارییەکانى تەبەنى کرد، کە ئاماژەیە بۆ ئەو بەها ئیسلامییەى کە لەسەر بنەماى قبووڵکردنى دراوسێیەتى چەوساوە و هاوکارى لێقەومان بونیادنراوە، ئەوەش رووبەڕووى هەڵمەتى توندى ئۆپۆزسیۆن بووە کە ئەو پرەنسیپەى رەت کردەوە و داواى گێڕانەوەى سووریەکانى بۆ خاکى خۆى و ئاشتەوایى لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکرد. 
لەدواى سەرکەوتنى شۆڕشى سووریا ئەردۆغان لە (2024/12/13) لە کۆنگرەى ناوچەیى هەشتەمى پارتى دادوگەشەپێدان لە ویلایەتى سەکاریا لە باکوورى رۆژئاواى تورکیا ئاماژەى پێ کرد.
ئەردۆغان ئاماژەى بەوە کرد، سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا هەمیشە پرسیارى ئەوەیان دەکرد، کە تورکیا لە سووریا چى دەکات، منیش پێیان دەڵێم، ئایا ئێستا دەزانن تورکیا بۆچى لە سووریایە؟ بۆچى ئەوە هەڵوێستى بوو، ئێستا ئەسەد لەکوێێە؟ ئەى ئەو ئۆپۆزسیۆنانەى پاڵپشتیمان کردن ئێستا لەکوێن؟
پاشان گوتى، حەلەب، شام، حەما، حمس، تەواوى غازى عەنتاب و ئیستەنبۆڵ و هەموو شارەکانى تورکیا ئەگەر دواى جەنگى یەکەمى جیهان دابەش نەکرابوونایە، تا ئێستاش ئێمە یەک وڵات بووین. 
سەبارەت بە گەڕانەوەى ئاوارەکانى سووریاش ئاماژەى بەوە کرد، پڕۆسەى گەڕانەوەى ئاوارەکان لەدواى گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییە دەستى پێکرد، ئەو سووریانەشى خواستى مانەوەیان هەیە لە وڵاتەکەمان ئەوا میوانى ئێمە و لەسەرسەرمانیان دادەنێین.
دەربارەى زیندانەکانى سووریاى سەردەمى دەسەڵاتى ئەسەد  گوتى، زیندانەکان بەڕوونى ئەو ستەمە گەورەى دەسەڵاتى ئەسەد دەربارى هاووڵاتیان دەردەخات پرسیار و وەڵام بۆچى ئەو هەموو ساڵەى رابردوو سوورییەکان نەگەڕانەوە، ئەوە بوو ئێمە لە زیندانەکان بینیمان کە بریتییە لە کەوڵکردنى مرۆیى.
من لێرە پرسیار لە ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا دەکەم، بۆچى پاڵپشتى ئەسەدت دەکرد، کە ئەو هەموو ستەمەى لە گەلەکەى دەکرد؟.
ئێمە پابەندى داخوازییە یاساییەکانى برایەتیمان بووین لە میانەى داڵدەدانى برا سووریەکانمان و لەژێر باڵى خۆمان داماننان، ئەوەش لە رێگەى سکاڵاکردن نەبوو، بەڵکوو لە وشیارى ئێمەوەى ئەنسارییەکان بەرانبەر موهاجیرەکان.
ئەردۆغان چەندین جار لە دیدارەکانى جەختى لەسەر دەستبەرنەدانى سوورییەکان دەکردەوە، لە (2022/5/9) لە یادى دامەزراندنى (32) ساڵەى دامەزراندى کۆمەڵەى بزنسمان و پیشازى سەربەخۆى تورکیا (مۆسیاد) جەختى لەسەر ئەو بابەتە کوردەوە و گوتى، "ئێمە رۆڵەى کلتوورێکین باش دەزانین واتاى موهاجیر و ئەنسار چییە، پەنابەرانى سووریا هەرکات توانایان هەبوو ویسیان بگەڕێنەوە دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام ئێمە هەرگیز رەوانەیان ناکەینەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانى گوتى، ئێمە تا کۆتایى پارێزگارى لە ئاوارەکان دەکەین کە بۆى جەنگەوە دەرکراون، ئێمە هەرگیز لەو خاکە دەریان ناکەین، دەرگاى ئێمە بۆیان کراوەیە، بەردەوام دەبین لە پێشوازییان هەرگیز نایانگێڕینەوە بەردەمى بکوژەکان، ئەوەش ئاماژە بوو بۆ ئەو داوایەى کە ئۆپۆزسیۆنى تورکیا داواى رەوانەکردنەوەى ئاوارەکانى دەکرد.

ئامادەبوونى بەهێز


ئێستا لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە گشتگیر و بەهێزە لە سووریاى دواى قۆناغى بەشار ئەسەد، ئامادەبوونى تورکیا بەهێز و کاریگەر دەردەکەوێت، هەڵوێستەکانى دەرخەرى مووژدەن لە دەستکەوتەکانى سیاسەتى تورکیا لە سووریا، حکومەتى کاربەڕێکەرى سووریا عەزام غەریبى بۆ پارێزگارى حەلەب دەستنیشان کرد، عەزام لەو کەسایەتیانەیە لەسەر ئاستى سیاسى و کەسى پەیوەندى بەهێزى لەگەڵ تورکیا هەیە، جگە لەوەش فەرماندەى بەرەى شام بووە، کە یەکێکە لە فەیلەقى سێ لە سوپاى نیشتیمانى سووریا، بەڵام ماستەرى لە (2019) لە کۆلێژى ئیلاهیات لە زانکۆى بینگۆل تەواوکرد.
سەرۆک وەزیرانى پێشووترى تورکیا لە لاپەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نووسیوویەتى، "عەزام غەریب، پارێزگارى دیاریکراوى حەلەب دەرچووى زانکۆى بینگۆلە، ئایا سیاسیەکانى هاندەربوون بۆ دەرکردنیان و لە زانکۆکان و بڕینى ئاو لە مامەڵەکرانیان گواستنەوەیان بە ئۆتۆمبێل بۆ سنوورەکان ئێستا داواى لێبوردنیان لێ دەکەن."
لە بەشێکى دیکەى قسەکانى دەڵێت، بەرهەر حاڵ، لێیان گەڕێن با سەردانێکى حەلەب بکەن و قاوەیەکى تورکی لاى پارێزگارى حەلەب بخۆنەوە و بە زمانێکى پاراوى تورکی پێشوازییان لێ دەکات، دەبێت ئەوەش بزانن ئەو قاوەیە سیبمولى یادگارى و برایەتییە، کە تەمەنى چل ساڵ نییە، بەڵکوو چل سەدەیە."
هێزى نەرم
جگە لە عەزام غەریب نموونەى هەزاران سوورى هەیە، کە لە ساڵانى رابردوو لە قوتابخانە و زانکۆ تورکییەکان خوێندوویانە، لە (2019/3/7) زیاء سەلجوق، وەزیرى پەروردە رایگەیاند، رێژەى خوێندنى سوورییەکان بە رێژەى لە (70%) بەرزبۆتەوە، گەیشتۆتە نزیکەى (700) هەزار منداڵ.
بڕیارى یەکخستنى قوتابیانى سووریا لەگەڵ سیستەمى خوێندنى تورکی لە خوێندنى (2017-2018) چووە بوارى جێبەجێکردن.
بەگوێرەى ئامارێکى راگەیێندراوى ئەنجوومەنى فێرکردنى باڵاى تورکیا، ژمارەى قوتابیانى تۆمارکراوى سووریا لە زانکۆکانى تورکیا لە ساڵى (2021 – 2022) گەیشتە (37) هەزار و (326) قوتابى، لە بەرانبەر زیاتر لە (200) هەزار قوتابى بیانى لە تورکیا دەخوێنن.
بەگوێرەى داتا فەرمییەکانى وەزارەتى ناوخۆى تورکیا لە مانگى (12)ى ساڵى رابردوو (238) هەزار پەنابەرى سووری رەگەزنامەى تورکیان وەرگرتووە، ئەو ژمارانە لە داهاتوو لە بەرژەوەندى وڵاتى تورکیا دەبن، کە وەبەرهێنان لە هێزى مرۆیى ئەو ژمارە زۆرەى سوورییەکان دەکات، کە پەیوەندى ئاینى و کلتوورى کۆمەڵایەتى و زمانى گەورەى لەگەڵیان هەیە.
یەکێکى دیکە لەو دەستکەوتە سیاسیی و ستراتیژیانەى کە تورکیا لە سەرکەوتنى شۆڕشى سووریا بەدەستى دەهێنێت، گەمارۆدانى رێکخراوە کوردییەکانە لەناو خاکى سووریا.
بە دیاریکراویش پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە و هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەد) کە لە (25) ئەردۆغان لە کۆبوونەوەى فراکسیۆنى پەرلەمانى پارتەکەى گوتى، پیرۆزبایى لە برا سوورییەکانمان دەکەن کە سەرکەوتنێکى گەورە بوو بۆیان، شکست بوو بۆ ئەوانەى هەوڵى جوداخوازییان دەدا، ئێمە ئامانجەکانى خۆمان بەدەست دەهێنین لە قۆناغى داهاتوو هەموو ئامرازەکانى بەردەستمان بەکار دەهێنین.
کۆتایی بەو رێکخراوانە دەهێنین کە دەیانویست دیوارێک لە خوێن لە نێوان ئێمە و برا کوردەکانمان درووست بکەن، ئەگەر ئەوان حیساباتى خۆیان هەبێت، ئەوا ئێمەش حیساباتى خۆمان هەیە، دەبێت ئەوانە چەک فڕێ دەن، ئەگەر نا ئێمە لەگەڵ چەکەکانیان دەیان نێژین.
دۆناڵد تەرەمپ، سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمەریکا لە (2024/12/20) گوتى، ئەردۆغان پیاوێکى زیرەک و بەهێزە، ئەسەد قەساب بوو، بینیمان چى بە منداڵان کردووە، ئێستا کلیلى سووریا لە دەستى تورکیایە.
هێزى سەربازى
کاتێک قسە لەسەر دەستکەوتەکانى تورکیا دەکرێت باس لە هێزى نەرم دەکرێت، ناکرێت هێزە سەربازییەى سووریا کە دژ بە حکومەتى سووریا وەستایەوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەنقەرە پشتگوێ بخرێت.
لە (2024/12/5) ماڵپەڕى "دۆچە فیلەى" ئەڵمانى راپۆرتێکى لەسەر پاڵپشتى سەربازیى تورکیا بۆ هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا بڵاوکردەوە، تێێدا دەڵێت، "تورکیا ئاگادارى هێرشەکە بوو، بەبێ رەزامەندى و پاڵپشتى تورکیا ئۆپۆزسیۆنى ئەسەد هیچ چانسێکیان نەبوو."
مایکل لۆدرز، پسپۆڕ لە کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەو ماڵپەڕە ئەڵمانیەى راگەیاندووە، کە ئەنقەرە تەنیا نەبووە لە پێشکەشکردنى ئەو پاڵپشتییە سەربازییە، چونکە ئاشکرا گرووپەکان پێویستیان بە چەکى گونجاو بووە، کە جگە لە تورکیا بەهۆى پێگەى جوگرافیەوە لە هیچ رێگەیەکى دیکە بەدەست نەهات.
کەمال ئۆزتورک، نووسەر چاودێرى سیاسى تورکى لە نووسینێکى کە ماڵپەڕى جەزیرە بڵاوى کردۆتەوە، بە ناونیشانى، "تورکیا لە سووریا چى دەکات؟" لە بەشێکى نووسینەکەى دەڵێت، "تورکیا بۆ گرەنتى ئاسایش لە باکوورى سووریا پاڵپشتى سوپاى نیشتیمانى سوورى کرد، چەک و مەشقى پێویستى بۆ دابین کردن."
لە بەشێکى دیکەى قسەکانى ئۆزتورک دەڵێت، پاشان هێزەى پۆلیسى شارەکانى بۆ درووستکردن و پاڵپشتى گرەنتى ئەمنى بۆ دابینکردن، بە تێپەڕینى کات و بە هاوکارى حکومەتى تورکیا سوپاى سووریا هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەى کۆنتڕۆڵ کرد، کە ملیۆنان خەڵکى تێدا دەژیا.
ئەو نووسەرە تورکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کاتێک لە (2024/11/17) هێزى نیشتیمانى سووریا هێرشى کردە سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە تورکیا بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان پاڵپشتى کردن، کە تواناى هێزەکانى سووریاى تا ئاستێکى زۆر بووەستێنێت.
سەرچاوەکان
1. أردوغان: عودة السوريين لبلادهم بدأت أما من يرغبون في البقاء بتركيا فهم ضيوفنا
2. ماذا فعلت تركيا في سوريا؟
3. أردوغان: أشقاؤنا السوريون ناضلوا 13 عاما وحققوا نصرا عظيما
4. تركيا تعلن عدد السوريين العائدين إلى وطنهم
5. طلاب سوريون يحصدون المراكز الأولى في الجامعات التركية.. تعرف إليهم
6. ما دور تركيا في هجوم فصائل مسلحة معارضة ضد قوات الأسد؟
7. كليتشدار أوغلو يثير جدلا حول "ترحيل السوريين".. أردوغان يعلق

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین