ئايا هاوبەشى تورکیا و سووریا سنوورێک بۆ مانۆڕەکانى ئیسرائیل لەو ناوچەیە دادەنێت؟ وەرگێڕان

نوچە نێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها
رۆژنامەى هارتسى ئیسرائیلى لە راپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر داگیرکردنى چەند ناوچەیەکى نوێ لە سووریا لە لایەن ئیسرائیل و بەهێزبوونەوەى پێگەى ئەنقەرە  دیمەشق و پێشوازى وڵاتانى ناوچەکە لە حکومەتى نوێى سووریا، ئەوەش مەترسى بۆ سەر تەلئەبیب درووست کردووە.
رۆژنامەى هارتس ئەو ئەگەرەى ناو لێناوە "تەنگەژەى نوێ" کە لە داهاتوو رووبەوورى تورکیا و ئیسرائیل دەبێتەوە، لە هەمان کاتیشدا روونى کردۆتەوە کە تورکیا لەناو سووریا هەژموونێکى بەهێزى هەیە، رۆژنامەکە بە پێگەى تایبەتى ناوى دەبات، ئەوەش وایکردووە کاریگەرى لەسەر هەوڵەکانى سەرکردایەتى نوێى سووریا بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى دەسەڵاتى نوێى تورکیا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى درووست بکات.
لە پاڵ ئەوەشدا جیاوازى لە نێوان هێرشەکانى ئیسرائیل لە ناوچەکانى سووریا و هێرشەکانى کەرتى سەر کەرتى غەزە هەیە، بە جۆرێک چەندین فاکتەر هەیە وادەکات  هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر خاکى سووریا کاردانەوەى جۆراوجۆرى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لێ بکەوێتەوە.
دووەم پێشێلکارى
جووڵەکانى ئەو دواییەى ئیسرائیل لە سووریا کاردانەوەى حکومەتى نوێى سووریاى لێکەوتەوە، رۆژێک دواى داگیرکردنى جەبەل شێخ و ناوچەکانى دەوروبەرى قەنیترە حکومەتى نوێى سووریا بە سەرۆکایەتى ئەحمەد شەرع دوو نامەى ئاراستەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا داواى کشانەوەى دەستبەجێى ئیسرائیل لە خاکى سووریا دەکات و هێرشەکانى بۆ ناوخاکى سووریا رابگرێت.
لە نامەى فەرمى یەکەم لە حکومەتى سووریا بۆ ئەنجوومەنى ئاسایش هاتووە: کۆمارى سووریاى عەرەبى دەچێتە قۆناغێکى نوێ لە مێژووى خۆیدا، گەلەکەى بەرەو دامەزراندنى وڵاتێک هەنگاودەنێنن کە لەسەر بنەماى ئازادى و یەکسانى و سەروەری یاسا بونیاد نرابێت و ئاشتى و ئارامى تێیدا بونیاد بندرێت.
لاى خۆشەوە بنیامین ناتەنیا هۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە کاتى سەردانەکەى بۆ بەرزایەکانى جۆلان رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەى لە (1974) واژۆکراوە، کە تێیدا باس لە ماوەى نێوان هێزەکانى سووریا و ئیسرائیل لە بۆشاییەکان دەکات، بەڵام  سەربازانى سووریا پێگەکانى خۆیان چۆڵ کردووە، ئێمەش رێگە بە هیچ هێزێکى نەیار نادەین کە لەسەر سنوورەکانمان جێگیر بێت.
رۆژنامەى هارتس بە پشتبەستن بە ماڵپەڕى "واللا"ى ئیسرائیل باس لەوە دەکات، کە ناتەنیاهۆ بە جیک سۆلیڤان، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى ئەمەریکاى راگەیاندووە، هێزەکانى ئیسرائیل لەو بۆشاییە دەمێننەوە تاوەکوو هێزێک درووست دەبێت رێککەوتنى جیاکردنەوە دەسەپێنێت.
ماڵپەڕەکە رەخنەى لەو هەنگاوانە گرتووە و دەڵێت، ئەوە دووەم پێشێلکارى نێودەوڵەتییە لە لایەن ئیسرائیلەوە، لەدواى داگیرکردنى رێڕەوى ڤیلادلفیا و بڵاوکردنەوەى هێزەکانى لە غەزە، ئەو هەنگاوە قاهیرە بە پێشێلکارى رێککەوتنى کامدیڤد و رێککەوتنى بەرەى فیلادلیفیا لە (2005) دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دوو دۆخە جیاوازن، ئیسرائیل پارێزگارى لە گفتوگۆکانى لەگەڵ میسر کردووە.
پێشتر ئیسرائیل رێگەى بە هێزەکانى میسر دابوو لە رێگەى بەهێزکردنى پێگەى سەربازییان لە سینا کۆتوبەندەکانى کامدیڤد تێپەڕێن، لەوانە بەکارهێنانى هێزى ئاسمانى بۆ رووبەڕووبوونەوەى گرووپە ئیسلامییەکان لە نیمچە دوورگەى سینا، بەڵام لەگەڵ سووریا هیچ گفتوگۆیەکى دوو لایەنە نییە، ئیسرائیل هیچ نیەتێکى نییە ئەو ناوچانەى تازە دەستى بەسەرداگرتووە لە داهاتووێکى نزیک لێى بکشێتەوە، تەنانەت لەگەڵ لێدوانەکانى ئەحمەد شەرعین دەردەکەوێت کە لەو دۆخە لاوازەى ئێستاى سووریا نایەوێت بچێتە ناو بەرەنگاربوونەوەى سەربازیى، هەروەک گوتیشى، هیچ بەرژەوەندییەکانمان لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەدوور دەزاندرێت ئەو لێدوانە دڵنیایى بە ئیسرائیل دابێت، یاخود هەڵوێستى بەرانبەر خاکە داگیرکراوەکان بگۆڕێت.
دەسەڵاتى شەرعى
لە مامەڵەى نێودەوڵەتى لەگەڵ داگیرکردنى خاکى سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە جیاوازى زۆرە لە هەڵوێست بەرانبەر هێرشەکان بۆ سەر غەزە و داگیرکردنى سووریا جیاوازە، لە کەرتى غەزە  ئازادییەکى نیمچە رەهای بە پاڵپشتى شەرعیەتى نێودەوڵەتى عەرەبى هەیە، بەڵام لە سووریا بە تەواوى جیاوازە.
سەرەڕاى ئەوەى ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەى بە دیموکراسى نەهاتونەتە سەر دەسەڵات، بەڵکوو لە رێگەى هێزى سەربازى لە مەترسى ئەگەرى سەرهەڵدانى جەنگى ناوخۆى هاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام بە کردەیى پشتیوانى عەرەبى و نێودەوڵەتییان بەدەست هێناوە.
ئەحمەد شەرع ئەو پاڵپشتییەى لە رێگەى لێدوانە دیپلۆماسییە ستراتیژییەکانى روونکردنەوە سیاسەتەکانى داهاتووى دەدات، بەو هەوڵانەشى دەستى بە چنینەوەى بەرهەمەکانى کردووە. 
ئەو ماڵپەڕە ئاماژەى بەوە کردووە، لەسەر ئەرزى واقیع وڵاتانى بەهێزى وەک سعوودیە و ئیمارات پیرۆزباییان لێی کرد، تورکیا باڵیۆزخانەى خۆى لە دیمەشق کردەوە، قەتەر هەمان هەنگاوى نا، هەروەک روونە لە (13) ساڵ وڵاتانى ئەوروپا ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەنەوە، بەتایبەت ئەوانەى بیریان لە درووستکردنەوەییەکان لەگەڵ دەسەڵاتى بەشار ئەسەد دەکرەوە.
ئەو داپێدانانە نێودەوڵەتییە بە دەسەڵاتى نوێى سووریا تەنگەژەیەکە بۆ ئیسرائیل، وەک ماڵپەڕى واللا نووسیەتى، کەواتە زیادبوونى پاڵپشتى نێودەوڵەتى بۆ حکومەتى نوێى سووریا بەو نزیکانە لەسەر ئەرزى واقیع دەبێتە فشارى کردەیى بۆ پاشەکشەى ئیسرائیل لەو خاکانەى سووریا کە لە ماوەى رابردوو داگیرى کردوون.
دەربارەى رۆڵى تورکیا ئەو پاڵپەڕە نووسیوویەتى، ئەگەر هەیە پەیوەندییەکانى تورکیا و سووریا رەنگدانەوەى نەرێنى لەسەر ئیسرائیل و چاوتێبڕینە هەرێمییەکانى لەو ناوچەیە هەبێت، ئەو پەیوەندییانە کاریگەرى گەورەى لەسەر چالاکییەکانى ئیسرائیل لەناو خاکى سووریا دەبێت، لە پاڵ هەوڵەکانى سەرکردایەتى سووریا بۆ پاشەکشەى هێزەکانى ئیسرائیل لەو ناوچەیە، تورکیا فاکتەرێکە بۆ دیاریکردنى سنوورى چالاکییەکانى ئیسرائیل لە سووریا.
دۆخى ئیستا و پێشوو جیاوازە، لە رابردوو ئیسرائیل بە ئازادییەکانى نیمچە کامڵ بە هەماهەنگى لەگەڵ سەرکردایەتى رووسیا لە بنکەى حەمێمیم دەسووڕایەوە، بەڵام هێزەکانى رووسیا دەستیان بە کشانەوە کرد، زۆربەى فڕۆکەکانى سووریان جێهێشت، ئەوەى ئێستا رووسیا دانوستاندنى لەسەر دەکات، پارێزگارییە لە مانەوەى لە بەندەرى تەڕتوس.
لەگەڵ نەمانى هێزە ئاسمانییەکانى رووسیا و سووریا، تورکیا لە رێگەى هاوبەشى لەگەڵ حکومەتى سووریا بە کردەیى بەسەر ئاسمانى سووریا باڵادەستن، ئەوەش کۆتایى بە ئازادانەى چالاکییەکانى ئیسرائیل دەهێنێت. 
سەرەڕاى ئەوەى ئیسرائیل پێویستى ئەو ئازادەییە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەى هێزەکانى ئێران لە سووریا کشانەوە، ئەحمەد شەرع بڕیارى داوە، چالاکییەکانى حزبوڵا لەناو خاکى سووریا قەدەغە بکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا تەلئەبیب گومانى لە تواناکانى حکومەتى نوێى سووریا هەیە بۆ رێگرى لە گواستنەوەى چەک لە سووریاوە بۆ لوبنان.

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین