دادگای بەغدا هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕەتدەکاتەوە کوردستان- عێراق

نوچە نێت

ئەو کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، سەرکەوتنێکی یاسایی گەورەیان لە بەغدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ داوایەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتکردەوە و بڕیارەکانی پێشووی دادگەی هەڵوەشاندنەوە، کە گرێبەستەکانی نێوان ئەو کۆمپانیایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە بێ بنەما و پووچەڵ هەژمار کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە (22/کانوونی یەکەم/2024) ماڵپەڕی (Iraqi Oil Report) بڵاویکردەوە، "دادگای تێهەڵچوونەوە لە کەرخ داوایەکی وەزارەتی نەوتی ڕەتکردەوە، زنجیرەیەک بڕیاری (2022)ی هەڵوەشاندەوە کە چەندین گرێبەستی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پووچەڵ کردبووەوە".

بەهۆی بڕیاری دادگاکەوە کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە کوردستان کار دەکەن سەرکەوتنێکی یاسایی گەورەیان لە بەغدا بەدەستهێنا کاتێک دادگا داواکاری وەزارەتی نەوتی ڕەتکردەوە و بڕیارەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە کە چەندین گرێبەستی نەوتی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندبووەوە.

ڕاپۆرتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیێندراوەکەیدا، "بڕیارەکانی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرخی دەستکەوتووە کە لە (18)ی ئەم مانگەدا دەرچووە کە پێدەچێت کۆتایی بە هەڵمەتێکی یاسایی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بهێنێت لە دژی نۆ کۆمپانیای نەوتی کە گرێبەستیان لەسەرەوەی هەیە لە کوردستان کە بریتین لە ئەداکس و دانە گاز و دی ئێن ئۆ و گازپرۆم نەفت، گەنەل ئینێرجی و گۆڵف کیستۆن و ئێچ کەی ئێن ئینێرجی و شاماران.  و وێسترن زاگرۆس".

دادگەی کەرخ لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، "گرێبەستی نێوان ئەو کۆمپانیایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاسایین، گرێبەستەکان پشت بەو بنەما یاساییانە دەبەستن کە دادگەی باڵای عێراق لە شوباتی (2022) بە نادەستووری داینابوون".

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئایاری (2022) دەستی بە سکاڵاتۆمارکردن کرد بۆ ئەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش ماوەیەکی کەم دوای بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق. 

پاشان دادگەی کەرخ لە تەممووز و تشرینی یەکەمی (2022) ژماریەک بڕیاری دەرکرد بۆ پووچەڵکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی وەک ئەداکس، گەنەل ئینێرجی، گۆڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شاماران و وێسترن زاگرۆس، بەڵام هیچ بڕیارێکی ئاشکرای بۆ دانە گاز و گازپڕۆم نەفت نەدابوو.

دواتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان داوای تێهەڵچوونەوەی تۆمارکرد، کە دواجار ئەمساڵ بڕیاری لەسەر درا. دوای ئەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق جارێکی داوای تێهەڵچوونەوەی لە دادگەکە کرد بۆ ئەوەی گرێبەستەکان بە پووچەڵ دابنێت. 

لە (18)ـی ئەم مانگە، دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ (9) بڕیاری دەرکرد، واتە لەسەر دۆسیەی هەر کۆمپانیایەک بڕیارێکی دەرکرد و داواکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتکردەوە، گرێبەستەکانی بە پووچەڵ هەژمارنەکرد. بڕیارەکەی (18)ـی ئەم مانگە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە سیاسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆڕیەوە بۆ تورکیا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین