ڕاگەیێندراوێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لەبارەی دابەشکردنی مووچە کوردستان- عێراق

نوچە نێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت لە هەوڵەكان بەردەوامن لە "بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (11/كانوونی یەكەم/2023) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

 بە گوێرەی راگەیێندراوی حكومەتی هەرێم، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت، کە بەداخەوە، بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 12ین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستاش مووچەی مانگەکانی 10 و 11 ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە ولیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بە بێ کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە."

هەروەها دەڵێت، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی وەزیران، "داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوویان کە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت، پشت بەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە، بە گوێرەی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی عێراق ، چارەسەری بنەڕەتی کورتهێنانی تەرخانکراویی مووچەی هەرێم بکەن، تاکوو مووچەخۆرانی هەرێم، هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەکانیان بەتەواویی و لە وادەی یاسایی خۆیان وەربگرن و چی دی پاساو و بیانووی تەکنیکی، نەکرێتە بەربەست لەبەردەم شایستە داراییەکانی مووچەخۆران کە پێویستە دوور بێت لە هەموو ناکۆکییەک."

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە "لە کاتی گەیشتنی هەر بڕە پاریەکی تر، لە بەغداوە بۆ تەواوکاری مووچە، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەكان بکات."

هەروەها بڕیاردرا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە حەفتەی داهاتوودا، بۆ بەدواداچوونی پرسی هەموارکردنەوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتە داراییەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 ، سەردانی بەغدا بکات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین