سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا کۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و  سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، "ستایشى ڕۆڵی ئەڵمانیای لە پشتیوانیکردنی عێراق و هه‌رێمى كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا كرد، هه‌روه‌ها هاوكاریى‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیاى له‌ پرۆسه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و یارمه‌تییه‌كانى ئه‌ڵمانیاى بۆ پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌تى ئێزدییان بەرز نرخاند."

به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (12/كانوونی یەكەم/2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی له‌ بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا و بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماتکاران، پێکهاتبوو.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەیه‌کدا كه‌ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆك، وه‌زیرى كاروبارى پێشمه‌رگه‌، سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌، باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا ئاماده‌ى بوون، "دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا، کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ئەرک و چالاکیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دۆخی گشتیی عێراق، تاوتوێ کران، هەروەها دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاكاندا، بیروڕایان گۆڕییەوە."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هه‌موو بوارەکاندا دووپات کردەوە، "به‌تایبه‌تى ستایشى ڕۆڵی ئەڵمانیای لە پشتیوانیکردنی عێراق و هه‌رێمى كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا كرد، هه‌روه‌ها هاوكاریى‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیاى له‌ پرۆسه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و یارمه‌تییه‌كانى ئه‌ڵمانیاى بۆ پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌تى ئێزدییان بەرز نرخاند."

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا جەختی "لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیری و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن."

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین