سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی هۆ‌ڵه‌ندا کۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لە هەولێر كۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرگری و ڕاهێنانی سەربازیدا، تاوتوێ كرد.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (23/كانوونی یەكەم/2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا هەر یەك لەشێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سه‌رۆک، وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی هه‌ردوولا ئامادەی‌ بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هەردوولا جەختیان "لەسەر بره‌ودان به‌ هه‌موو بواره‌کانی په‌یوه‌ندی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا"، کردەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس "لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کرا و هەوڵەکانی چاکسازی و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ لە چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەدا، خرایە بەر باس."

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی هۆڵەندای کرد "بۆ پشتگیریی بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش و ستایشی ڕۆڵی هێزە هۆڵەندییەکانی کرد لە ڕاهێنان و بەهێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا."

هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لای خۆیەوە جەختی "لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی ناوچه‌که‌دا."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، "هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی دۆخی ئێزدییان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی ناوچه‌که‌، به‌تایبه‌تی گۆڕانکارییه‌کانی سووریا و لێکه‌وته‌کانی و چه‌ند پرسێکی دیکه‌ی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین