سەرۆک بارزانی بەشداری رێوڕەسمی یادی 100ساڵەی لەدایکبوونی دانیێل میتێران دەکات
نوچە نێت
ڕۆژی سێشەممە (12)ـی تشرینی دووەم/2024) لە شاری هەولێر سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە رێوڕەسمی یادی (100) ساڵەی لەدایکبوونی خاتوو دانیێل میتێران هاوسەری سەرۆک کۆماری پێشووی فەرەنسا فرانسوا میتێران کرد.
سەرۆك بارزانی لە ڕێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی، خاتوو دانیێل میتێران، "بەڕاستی ئەو خانمە مافێکی زۆری لەسەر ئێمەی خەڵکی کوردستان هەیە. رۆڵێکی زۆر زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردنی دۆزی گەلی کورد، هەرچی لە توانای دابوو کردی و من دڵنیام دەیویست زۆر زۆر زیاتر بۆ کورد بکات بەڵام دیارە مەجاڵ هەر هێندە بوو."
دەقی وتارەكەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
دەقی وتاری سەرۆک بارزانی؛
بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز، زۆر زۆر بەختەوەرم کە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزتان لێرەین بۆ یادکردنەوەی سەتساڵەی یادی لەدایکبوونی خاتوو دانیێل میتێران، کە بە ڕاستی ئەو خانمە مافێکی زۆری لەسەر ئێمەی خەڵکی کوردستان هەیە. رۆڵێکی زۆر زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردنی دۆزی گەلی کورد، هەرچی لە توانای دابوو کردی و من دڵنیام دەیویست زۆر زۆر زیاتر بۆ کورد بکات بەڵام دیارە مەجاڵ هەر هێندە بوو.
یەکەمجار کە من بە خزمەتی گەیشتم لە مانگی تەمموزی ساڵی 1989 بوو لە پاریس، ئەوە دوای عەمەلیاتی گەورەی ئەنفاڵ بوو کە لە کوردستان ڕژێمی عێراق پێی هەڵسا و چەند ڕۆژێک بوو لە تورکیا گەڕابووەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و خانەوادەی پێشمەرگە و هاوڵاتیانی کوردستان لە دەڤەری بادینان کۆچیان کردبوو بۆ تورکیا و لەوێ لە چەند شوێنێک دامەزرابوون. خاتوو دانیێل میتێران لەو کاتەدا چوو سەردانی ئەو خەڵکەی کردبوو. کە من ویستم باسی ئێش و ئازاری خەڵکی کوردستانی بۆ بکەم، تەماشامکرد ئەو زۆر زۆر ئاگادارە پێویستی بە شەرح نییە، کە باسی کرد چووتە یەک دوو ئۆردوگا لە مەنتیقەی دیاربەکر و دەورووبەری دیاربەکر و باسی ئەو خەڵکەی کرد و فرمێسکیشی هاتەخوار. بەڕاستی بۆمن شتێکی تازەبوو، یەکەمجاربوو من ببینم کەسێکی ئەوڕووپی فرمێسک بۆ کورد بڕێژێت ئەوە زۆر تەئسیری لەمن کرد. دوای ئەوە لە هەرچی مەحفەڵێکی نێودەوڵەتی بوبێت لە خودی فەڕەنسا هەوڵی داوە کە بەرگری لە مافی گەلی کوردستان بکرێت.
دوای راپەڕینی گەورەی بەهاری ساڵی 1991، یەکسەر هات بۆ حاجی ئۆمەران و لەوێ دیسان چوین پێشوازیمان لێکرد. لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992 دیسان هات سەردانی کوردستانی کرد و لە پەرلەمان وتارێکی پێشکەشکرد، و خەریکبوو لەم سەفەرەدا گیانی خۆی لەدەست بدات، چونکە رژێمی عێراق ئوتوموبیلێکی مینڕێژکراویان بۆ لەسەر ڕێگا دانابوو لە نێوان سلێمانی و هەڵەبجە، ئوتوموبیلەکە تەقیەوە و خودا نەجاتی دا بە معجزە رزگاری بوو، بەڵام بەرنامەی خۆی تێکنەدا و چوو سەردانی هەڵەبجەشی کرد.
ئیتر بەردەوام بوو ئەم خانمە، هەرچی لە دەستی هاتبێت کردی، بۆیە ئێمە خۆمان بە قەرزار ئەو خاتوونە گەورەیە دەزانین. لە ساڵی 1993یش کە خەڵاتی مافی مرۆڤ پێشکەش بە دانیێل میتێران کرا، شانازی ئەوەم هەبوو لە واشنتۆن کە ئەو خەڵاتە من پێشکەشیم کرد. وە تا رۆژی وەفاتی بە نسبەتی ئەو دۆزی گەلی کوردستان لە ئەولەویاتی بوو، جارێک من لە وەزیرێکی فەڕەنسیم بیست، وتی سەرۆک میتێران جارێکیان وتی مادام میتێران هیچ حاڵێکی بۆمن نەهێشتۆتەوە، هەر مەوزوعێک بێتە پێش ئەو مەسەلەی کوردی دێنێتە پێش و دەلێت دەبێت وا بکەن و دەبێت ئەمە بۆ کورد بکەن، خودی سەرۆک میتێرانیش فەزلێکی زۆری هەبوو، هەم لە بڕیاری 688 ئەوەی مەجلسی ئەمن، وە کە یەکەمجار دیسان من بە خزمەتی گەیشتم لە ئاداری ساڵی 1992 بوو پێمگووت ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، وتی ئەمە باشترین شتە کە ئێوە دەیکەن، پیرۆزترین شتە. کە هەستام پێمگووت جەنابی سەرۆک من چ پەیامێک بە خەڵکی کوردستان بگەینم؟ بڵێم سەرۆک میێتران چ دەڵێت؟ وتی بە دڵنیاییەوە بە خەڵکی کوردستان بڵێ دۆستێکی بە وەفاتان هەیە لە ئەلیزێیە.
ئیتر من دەستخۆشیی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە ئەم یادەیان ڕێکخستووە، وە هەرچی بیکەین بۆ ئەم خانمە هێشتان کەمە و ئێمە ناتوانین حەقی ئەو بدەین، بەڵام هەمیشە لە یادمان دەمێنێت بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی دەکەینەوە و لەناو دڵمان دایە و ان شاو للە جێگای بەهەشت بێت.
زۆر سوپاستان دەکەم.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment