گولیزار ره‌شید سندى په‌رله‌مانتار: پێشنیارمان كردووه‌ كه‌ناڵێكى ته‌له‌ڤزیۆنى نیشتمانیمان هه‌بێت کوردستانی

سیهام میران، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

گولیزار ره‌شید سندى ئه‌ندامى لیژنه‌ى رۆشنبیرى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، پێشنیاریان بۆ وه‌زیرى رۆشنبیرى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ كه‌ناڵێكى ته‌له‌ڤزیۆنى نیشتمانى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت.

گولیزار ره‌شید سندى له‌ لێدوانێكى بۆ "نوچه‌نێت" باسى له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كرد، كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى رۆشنبیرى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ماوه‌ى رابردوودا له‌ په‌رله‌مان كراوه‌ وگوتى، "من پێشنیارێكم بۆ وەزیری رۆشنبیری کردووە جگە لەو هەموو کەناڵانەى  تەلەڤزیۆن كه‌ هەن، دەبوایە ئێمە تەلەڤزیۆنێکی نیشتمانیمان هەبووایە، رەنگدانەوەی کولتوور و خەڵکی کوردستان بووایه‌، لە هەموو دەوڵەتی دنیادا کەناڵی نیشتمانی زۆر گرنگە هەبێت، گرنگەکەش لەوەدایە لەژێر ده‌سه‌ڵاتى حکومەتیش دەبێت، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر رەنگدانه‌وەی خەڵکی خۆی نیشان دەدات".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات تێبینى له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كان زۆره‌ و ده‌ڵێ، "هەندێ پرۆگرام هەیە کە لەگەڵ کولتووری ئێمە ناگونجێ، هەرچەندە دەزانین ئێمە لە سەردەمێکین کە سۆشیال میدیا تێیدا پێشکەوتووە، بەڵام ناکرێ گەنجانی ئێمە یاخود ئافرەتانمان بە شێوەیەکی بێت وەکو کاڵایەك خۆی دەربخات".

دواتر باس له‌ بوارى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى به‌ گشتى ده‌كات و به‌ "فه‌وزا" ناوى ده‌بات و  ده‌ڵێ، "ئەوەی دەبینین فەوزایەک هەیە، دەبینین هەندێك کەس هیچ پیشەیان رۆژنامەگەری نییە، یەك رۆژیش رۆژنامەوانیان نەخوێندووە، كه‌چى شت بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین