باوکی کچە ئێزدییەكی ڕفێندراو: تەنیا سەرۆکی هەرێم دەتوانێت دەردمان دەرمان بکات هەواڵ

نوچە نێت

دوای ئەوەی کچە کوردێکی رفێندراوی ئێزدی لە گرتووخانەیەکی باکووری کوردستان دۆزرایەوە، تورکیا داوای نووسراوی فەرمی عێراق دەکات و باوکی داوای هاوکاری لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.

ڕۆژی سێشەممە (22/تشرینی یەکەم/2024) ماڵپەڕی (رووداو) بڵاویکردەوە، کەمال چەتۆ، باوکی کچە کوردێکی ئێزدە کە دوای زیاتر لە (10) لە زیندانیکی باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە، داوا دەکات سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکارییان بکات تاوەکو کچەکەی بگەڕێندرێتەوە ناو خێزانەکەی.

کچەکە ناوی ئاسیایە و کاتێک (2014) لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە رفێندراوە، تەمەنی تەنها (15) ساڵ بووە، لە رێگەی پرسیار و بەدواداچوونەوە شوێنی کچەکەی ئاشکرا کراوە و زاندراوە کە لە زیندانێکدایە لە شاری رووهای باکووری کوردستان.

کەمال چەتۆ دەشڵێت، ئاسیا سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چەند خێزانێکی دیکەی داعش چووەتە تورکیا، کچەکەی دوو مانگە لە شاری رووها دەستبەسەرە، تورکیا داوای نووسراوی فەرمی عێراق دەکات بۆ ئازادکردنی، تورکیا لارییان نییە لە ئازادکردنی، بەڵام بەڵگەیان دەوێت لە عێراقەوە. ئاسیا دوو منداڵیشی لەگەڵدایە و تورکیا داوا دەکات منداڵەکانیش ببەنەوە.

باوکی کچە ڕفێندراوە ئێزدییەکە ڕاشیدەگەیێنێت، "ئێمەش دوای هەموو بەدواداچوونەکانمان و هەوڵدانەکانمان بۆ ئازادکردنی ئاسیا تاوەکو ئێستا بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووین، بۆیە داوای هاوکاری لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، تکایە دەنگم بگەیێننە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چونکە تەنیا ئەو دەتوانێت دەردی ئێمە دەرمان بکات."

لە (3)ی ئابی (2014) تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری نزیکەی (5) هەزار ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد، (6,417) کەسیش رفێندران. بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئێستا (3,577) کوردی ڕفێندراوی ئێزدی رزگارکراون، (2,840) هاووڵاتیشیان بێسەروشوێنن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین