سه‌در: میلیشیاكان خزمه‌ت به‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند، میلیشیاكان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ بیانییه‌كان بۆئه‌وه‌ى له‌ بڕیارى كشانه‌وه‌ پاشگه‌زببنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانن بوونى خۆیان به‌مانه‌وه‌ى هێزه‌ بیانییه‌كان به‌نده‌.

میدیاكانى عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ى نیسان، په‌یامێكى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌درى شیعه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هێرشى كردووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و میلیشیایانه‌ كه‌ به‌ "له‌ده‌ست ده‌رچوو" ناویان ده‌بات و پێیوایه‌ ئه‌وانه‌ خزمه‌تى هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و به‌ "داگیركه‌ر" ناویان ده‌هێنێ.

موقته‌دا سه‌در ده‌ڵێ، "هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن ده‌یانه‌وێ بارودۆخى ئه‌منى عێراق بشێوێنن له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، گرنگترینیان دواخستنى هه‌ڵبژاردن و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌یه‌تى. هه‌ندێك له‌ میلیشیا له‌ ده‌ست ده‌رچووه‌كان هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج بۆئه‌وه‌ى له‌ بڕیارى كشانه‌وه‌ پاشگه‌زیان بكه‌نه‌وه‌، مانه‌وه‌ى ئه‌وان مانه‌وه‌ى میلیشیاكانیشه‌ یانیش ده‌یانه‌وێ عێراق بخه‌نه‌ ململانێى ده‌ره‌كى له‌ میانه‌ى به‌ستنه‌وه‌ى به‌ ململانێى سوورى ئیسرائیلى".

به‌گوێره‌ى ئه‌و ئامارانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى جۆ بایدن له‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا له‌ 20ى كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ، نزیكه‌ى 30 جار له‌لایه‌ن میلیشیاكانى نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین