گوته‌بێژى كازمى: زیاتر له‌ چوار هه‌زار خێزانى ئاواره‌ بۆ شنگال و زومار گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

یه‌حیا ره‌سول گوته‌بێژى مسته‌فا كازمى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكى فه‌رمى ده‌ڵێ، "تا ئێستا زیاتر له‌ چوار هه‌زار خێزانى ئاواره‌ى شنگال و زومار گه‌ڕا‌ونه‌ته‌وه‌ زێدى خۆیان".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ى نیسان، یه‌حیا ره‌سول گوته‌بێژى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتى هێزه‌كانى چه‌كداره‌كانى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا ژماره‌ى ئه‌و خێزانانه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ "رۆژئاواى نه‌ینه‌وا".

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى یه‌حیا ره‌سول هاتووه‌، "هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان به‌رده‌وامن بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئاسایش و سه‌قامگیرى بۆ زۆرێك له‌ ناوچه‌كانى رۆژئاواى نه‌ینه‌وا" دواتر باس له‌ ژماره‌ى خێزانه‌ ئاواره‌ گه‌ڕاوه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ،  "فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه‌كانى رۆژئاواى نه‌ینه‌وا هه‌ڵساوه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستانى عێراق ناحیه‌ى زومار و قه‌زاى شنگال، ئێستا ئه‌و خێزانانه‌ى له‌لایه‌ن فرقه‌ى 15 گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سێ هه‌زار و741 خێزانه‌ و ئه‌وه‌ى له‌لاى فرقه‌ى 20 گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سێ هه‌زار و 706 خێزانه‌".

رێككه‌وتنى ئاساییكردنه‌وه‌ى شنگال له‌ نۆى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوودا له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وحكومه‌تى فیدڕاڵى عێراق واژۆكرا، به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌ نافه‌رمییه‌كان له‌ شنگال بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و كار بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بكرێت، به‌ڵام به‌گوته‌ى به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان له‌ واقیعدا رێككه‌وتنى شنگال جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین