ڕۆحانی: هەندێ لە ناوخۆی ئێران نیگەرانن لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان ئێران

نوچه‌نێت

حەسەن ڕۆحانی دەڵێت ئەگەر ئەمریکا ئیرادەی جددی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان نیشان بدات، ئەوا ئەویش وەک سەرۆک کۆماری ئێران خێرا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە. ڕۆحانی گوتویەتی هەندێ کەس نیگەرانن لەوەی گەمارۆکان هەڵبوەشێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاندووە، "تێناگەم کەسێک ئێرانی بێت چۆن دەتوانێ لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان نیگەران بێت. ئەو کەسە چۆن دەتوانێ بڵێت من لە خەڵکم، لە بەرەی گەلم و بۆ گەل کار دەکەم؟"

ڕۆحانی وتی،  "کاتێ بزانین دەتوانین مافی خەڵک وەرگرین، من وەک سەرۆک کۆمار تەنانەت ساتێکیش بەفیڕۆ نادەم. دەزانم هەندێ کەسیش نیگەرانن و ئیستا باسی ناکەم".

ئێران و ئەمریکا، کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە ڤیێنا گفتوگۆ دەکەن، ڕازیبوونى خۆیان لە پێشکەوتنی گفتوگۆکان دەربڕیوە، هەرچەندە هەر دوو وڵات دەڵێن تا زیندووبوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕێگایەکی دژوار لە بەردەمە.

حەسەن ڕۆحانی وێرای ڕەخنەگرتن لە نەیارانی سیاسەتی دەرەوەی کابینەکەی گوتی، "کاتێ دەبینم لایەنی ئەمریکی خۆی ئامادە کردووە بە پێی بەڵێنەکان هەڵسوکەوت بکات، بۆ ساتێکیش کات بە فیڕۆ نادەم. با نەیارانیش چییان پێ خۆشە بیڵێن. هەرچەندە دەسەڵات و بڵندگۆیان بە دەستەوە بێت".

دوو ڕۆژ پێشتریش عەباس عەراقچی،  یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی دیپلۆماتکاری ئێران لە ڤیێنا، ڕەخنەی لە شێوازی گواستنەوەی هەواڵەکان لە لایەن "پرس تیڤی"یەوە گرتبوو.

پرس تیڤی کەناڵێکی سەر بە دەسەڵاتی ئێرانە کە بەرنامەکانی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە.

هەروەها دەنگ و ڕەنگی ئێران لەو چەند ڕۆژەی دواییدا وەک ڕەخنە لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و هەروەها ڕەخنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەرنامەیەکی لەژێر ناوی "کۆتایی گەمە" بڵاو کردووەتەوە.

محەمەد جەواد زەریف یەکێک لەو کەسانەیە کە پێشبینی ئەوە دەکرێت وەک کاندیدی سەرۆک کۆماریی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا بەشدار بێت کە بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا بەڕێوە بچێ. هەندێ لە ڕیفۆرمخوازنی ئێران پێشوازی لە کاندیدبوونی زەریف دەکەن.

دەنگ و رەنگی ئێران کە لە بەرنامە جیاوازەکاندا ڕەخنەی توند لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەگرێت، ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری عەلی خامنەیی ڕابەری ئەو وڵاتەدایە.  

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین