وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن بگاتە ئیسرائیل، لەگەڵ ناتەنیاهوو کۆببێتەوە، باس لە هەوڵەکان بکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس.

ڕۆژی یەکشەممە (18/ئاب/2024) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێک دەگاتە ئیسرائیل و لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی وڵاتەکە کۆببێتەوە، "باس لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و دوایین پێشهاتەکان و ناکۆکییەکانی ناوچەکە بکەن".

ئیسرائیل تۆمەتبارە بە پێشێلکردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە، "داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات، ڕووبەڕووی ناڕەزایی نێودەوڵەتی بووەتەوە".

هەروەها دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری داوە، "ئیسرائیل جینۆسایدی ئەنجام داوە، چەندین جار دادگاکە داوای کردووە دەستبەجێ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە شاری ڕەفەح ڕابگیرێت کە زیاتر لە یەک ملیۆن فەلەستینی پێش ئاوارەی ئەوێ ببوون".

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە، "نزیکەی (40) هەزار و (400) هاووڵاتی لە فەلەستین گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، زیاتر لە (92,500) هاووڵاتیش بریندار بوون".

لە ماوەی تێپەڕبوونی زیاتر لە (10) مانگ بەسەر جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، ئەم سەردانەی بلینکن نۆیەمین سەردانە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێناو هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین