دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ: چاودێری کەیسەکە دەکەین دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

کوڕێک لە ناو بازاڕی بەحرکە، بە  بەرچاوی خێزانی کچەکەوە هەوڵی سەربڕینی دەدات. بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: ماوەی 20 ساڵە لە بواری مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکەم تا ئێستا کەیسێکی بەم شێوەیە دڕندانە و نامرۆڤانەم وەرنەگرتووە. 

ڕۆژی (16/حوزەیران/2024) کچێک لەگەڵ دایک و کەسوکاری بە مەبەستی کڕینی پێداویستییەکانی جەژن سەردانی بازاڕی بەحرکە دەکات، لەو کاتەدا کوڕێک بە ئامانجی سەربڕینی پەلاماری کچەکە دەدات و ملی بریندار دەکات. بە هاوکاری خەڵک کچەکە ڕزگار دەکرێت.

دوای ڕووداوەکە کچەکە دەبرێتە نەخۆشخانەو شوێنی بڕینەکەی ملی دەدوورێتەوەو ئێستا تەندرووستی جێگیرە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.خێزانی کچەکە سکاڵای یاساییان دژی بکەری ئەم تاوانە لە لای پۆلیس و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ تۆمارکردووە، ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار دەستگیر کراوە. 

تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەبارەت بەو کەیسە بە نووچەنێتی گوت" وەک ئاگادارن شەوی عارەفە (16/6) ئەم کچەکە کە تەمەنی شانزە ساڵانە لە گەڵ کەسووکاری چووەتە بازاڕ، لە لایەن کوڕێکەوە هەوڵی سەربڕینی دەدرێت. ئەم کوڕە پێشتر چووەتە خوازبێنی کچەکە بەڵام کچەکە و خێزانی کچەکەش بەم هاوسەرگیرییر ڕازای نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا کوڕەکە بەردەوام هەڕەشەی لە ژیانی کچەکە کردووە کە ئەگەر شووی پێنەکات ئەوا دەیکوژێت".

تاڤگە عومەر سەبارەت بە بەدواداچوونی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەم کەیسە دەڵێت " ئێمە لە ڕۆژی(20/6)  لە کەیسەکە ئاگادار کراینەوە، قسەم لەگەڵ کچەکەو خێزانەکەی کرد. دوای ئەوە یەکسەر دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە بەڵام سوپاس بۆ خوا کە کچەکە نەمردووەو ئەو شوێنەی بە چەقۆ بڕدراوە بۆیان دووریوەتەوە. ئێستا تەندرووستی جێگیرە".

جگە لە پۆلیس ئێستا داواکاری گشتی و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، چاودێری ئەم کەیسە دەکەن، تاڤگە عومەر ڕەشید جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی ئەو ڕێکارانەی کە بە پێی یاسا دیاریکراون" ئەوەی کە لەسەر ئێمەیە وەکو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، چاودێی کردنی ڕێکارە یاساییەکانە. جەنابی سەرۆکی دەستە خۆشی ئاگاداری وردەکاری کەیسەکەیە و بەڵێنی هەموو هاوکارییەکی داوەو ئامادەیی دەستەی پیشانداوە بۆ هەموو هاوکارییەکی کەیسەکە، بۆیە ئێمە لەگەڵ داواکاری گشتی لەسەر خەت دەبین کە مافی یاسایی ئەم کچە نەفەوتێت. تۆمەتبار بە سزای یاسایی خۆی بگات".

سەبارەت بە دابینکردنی پارێزەر بۆ ئەم کچە، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئەوان داواکارییەکیان ئاراستەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان کردووە" وەکو دەستە داوا لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەکەین، کە پارێزەری خۆبەخش بۆ ئەم کەیسە دابین بکەن، لە بەرئەوەی کە ئەوە داوای خێزانەکەیە لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، ئێمەش هەوڵ دەدەین بە پێی ئەو دەسەڵاتەی کە هەمانە بە دواداچوون بۆ کەیسەکە بکەین و تاکو بتوانین ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنینەوە بە پێی یاسا کارپێکراوەکان". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین