شادی حەسەن: بەشیوەی ئۆنلاین و ڕاستەوخۆش کتێب دەفرۆشم دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

شادی حەسەن، کچێکی گەنجە، دوای تەواوکردنی زانکۆ بیری لەوەکردووەتەوە کە خاوەنی پڕۆژەیەکی خۆی بێت و لە سەر پێیەکانی خۆی بوەستێت. بۆ ئەو مەبەستەش لە ناو ماڵەکەی خۆی کتێبخانەیەکی کردووەتەوە و لە ڕێگەی ئۆنلاین و ڕاستەوخۆش کتێب دەفرۆشێت.

شادی دەرچووی بەشی دەروونزانی ساڵی 2020، لە گفتووگۆیەکی نوچەدا دەڵێت: هیچ داواکارییەکم لە کەس نییە تەنیا دەمەوێ لەسەر پێیەکانی خۆم بوەستم. 

سەبارەت بە بیرکردنەوە لەوەی کتێبخانە دابنێت شادی دەڵێت" لە سەرەتا ئارەزوویەکی زۆرم بۆ کتێب کڕین و کتێب کۆکردنەوە هەبوو، چونکە حەزم لە کتێب خوێندنەوەیە. دواتر بیرم کردەوە کە لە ناحیەکەی ئێمە لە سەنگەسەر هیچ کتێبخانەیەکی لێنییە، بۆیە هەوڵمدا کتێبخانەکەم گەورەبکەم سەرەتا تەنیا لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کتێبم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا ئەگەر کەسێک بیهەوێت سەردانی کتێبخانەکە بکات و کتێب بکڕێت دەتوانێ".

سەبارەت بە هاوکاری پاڵپشتی شادی گوتی" خێزانەکەم و چەند هاوڕێیەکم پاڵپشتن بۆ کارەکەم، بەڵام زیاتر پشتم بە خۆم بەستووە".

لە بارەی کارەکەی و کاردانەوەو تێڕوانینی خەڵكی ناحیەکە بەرامبەر بە کارەکەی شادی پێیوایە" کتێب فرۆشتن کارێکی زۆر جوانە، بۆیە خەڵک بە گشتی پێشوازییەکی ئەرێنی بۆ کارەکەم هەیە، بە کارێکی پیرۆزی دەزانن".

لە بارەی ئەو کەسانەی کە لە لای شادی کتێب دەکڕن، ڕوونیکردەوە، لە زۆر جۆر پیشەو تەمەن کتێبی لا دەکڕن بە تایبەتیش خوێندکاران.

شادی وێڕای ئەوەی کتێب دەفرۆشێت، بەشداری لە کردنەوەی پێشانگا گشتییەکانیش دەکات و دەڵێت" وێڕای ئەوەی لە هەوڵی ئەوەدام لە شوێنێکی گونجاو و باشم دەستبکەوێت بۆ ئەوەی کتێبخانەکەم لە ماڵ بەرمە دەرەوە، لە کاتی کردنەوەی پێشانگا گشتییەکانی کتێبیش بەشداری دەکەم". 

سەنگەسەر شارەدێیەکە، کەوتووەتە دەڤەری پشدەر یەکێکە لە گەرەترین ناحیەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین