هاژە سلێمان: هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکان قوڵتردەکاتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

هاژە سلێمان، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، لە گفتووگۆیەکی نوچەنێت، ئاماژە بە زیانەکانی هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959 لە عیراق دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان لە عیراق قوڵتر دەکاتەوە.

نوچەنێت: هەوڵێک هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959، پێتوایە هۆکارەکەی چییە؟

هاژە سلێمان: یاسای باری کەسێتی، لەو سەردەمەی دەرکراوە یاسایەکی شارستانی بووەو گرنگ و پێشکەوتووبووە، تا ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵە لە هەندێ یاسای وڵاتانی دەوروبەر پێشکەوتووترە. بۆیە هەموو پێکهاتەکانی عیراق لەم یاسایە سودمەند بوون بە قسەی خۆیان، لە بابەتی ڕێکخستنی ژیانی خێزان بەهەموو جۆرەکانییەوە، لە بابەتی هاوسەرگیری و بابەتی جیابوونەوەو بەخێوکردنی منداڵ، هەموو ئەو بابەتانەی کە باری کەسێتی دەگرێتە خۆ، 

ئیستا شیعەکان دەیانەوێ یاساکە بەپێی مەزهەب و خواستی خۆیان هەمواربکەنەوە، بیگەڕێننەوە دواوە نەک بیکەنە یاسایەکی پێشکەوتووتر، هەمووشمان دەزانین کە دەستکاری کردنی ئەم یاسایە بە پێی خواستەکانی ئەوان ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکان قوڵتر دەکاتەوە.

نوچەنێت: لە هەرێمی کوردستان ئەم یاسایەمان هەموارکردووەتەوە، بەرەو یاسایەکی مەدەنیتر، بەڵام ئەوان وەکو ئێوە دەڵێن دەیانەوێ بیگەڕێننەوە بۆ سەر ڕێبازەکانی مەزهەب؟ جیاوازییەکەیان چۆنە؟

هاژە سلێمان: هەموو یاساکان لە کاتی جێ بە جێ کردندا کەموکورتیان دەردەکەوێت، زیاتر ڕوونە کە کامە بڕگەی پێویستی بە دەستکاری کردنە. لە هەرێمی کوردستان هەست بە هەندێ بۆشایی کرا لە یاساکەدا بۆیە کار بۆ هەموارکردنەوەی کرا، بە تایبەت لەسەر ئەو بڕگانەی کە پەیوەندی بە فرەژنییەوە هەیە، بەڵام هەموارکردنەوەکەمان بە جۆرێک بوو کە لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام بگونجێت، بۆ نموونە لە ئیسلامیشدا فرەژنی مەرج دارە و ڕەهانییە، ئێمەش یاسای فرەژنیمان مەرج دارکرد. لەگەڵ هەندێ دەستکاری دیکە، کە لەگەڵ سەردەمەکە بگونجێت، بەڵام ئەو هەوڵەی ئێستا لە پەرلەمانی عیراق هەیە، گەڕانەوەیە بۆ دوادوە نەک پێشخستن، چونکە ئەم یاسایە وادەکات منداڵ بە شوبدرێت و هاوسەرگیری کاتی ڕێگەی پێبدرێت، کە بەتەواوی مافەکانی ژن و منداڵی تێدا پێشێل دەکرێت.

نوچەنێت: پێتوایە کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟

هاژە سلێمان: بێ گومان کاریگەری خراپی دەبێت. ئێمە دوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عیراق، دەبینین کە خەڵک هەیە دەچێت لە ژێر دەسەڵاتی دادگاکانی ئەوان، گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم دەکات. بە داخەوە هەمان بوو چووە دادگای فیدڕاڵی و سکاڵای لەسەر یاسا هەموارکراوەکان تۆمارکرد، بێ گومان خەڵکێک هەیە لە کوردستانیش دەیەوێت یاساکانی کوردستان بگەڕێنێتەوە بۆ دواوە.

دەبێ ئێمە بزانین کە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە بەم جۆرەی شیعەکان، دەیانەوێت کەلێنی نێوان پێکهاتەکان لە عیراق گەورە دەکات. بە داخەوە سوننە زۆر بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن لەم بابەتە، بەهۆی ئەوەی دەیانەوێ ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ شیعەکان بکەن بۆ تێپەڕاندنی یاسای لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییە سوننەکان.

لە ئیستادا خەڵک لە ڕیگەی کەناڵەکانی تەکنەلۆژیاوە یەکتر دەناسن، هەریەک لە وڵاتێکن و هاوسەرگیری دەکەن، کە هاوزمانیش نین نەک هاو مەزهەب، بۆیە لەم سەردەمە گەڕانەوە بۆ ڕێکخستنی باری کەسێتی و کۆمەڵگە بەپێی مەزهەب سەختە و قبوڵ ناکرێت.

وێڕای ئەوەی کە هاوسەرگیری کاتی و کێشەی مەزهەبی لە کۆمەڵگەی کوردیدا نییە، دەکرێ هەموو ئەوانە بکرێنە کێشە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت بە بڕیارێک کارکردن بەم یاسایە ڕابگرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین