دوو ژنی کورد لە لیستی ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهاندان دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

دووژنی کورد، لە لیستی ئەو سەد ژنەدان، کە ساڵانە تۆڕی میدیای بی بی سی(BBC)، وەک ١٠٠ ژنی کاریگەر لە جیهاندا دەست نیشانیان دەکات.

نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدیی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ژینا مودەڕیس گۆرجی، چالاکوان و رۆژنامەوانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لیستەکەدان. 

نادیە موراد، خەڵکی باشوری کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی ھێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوەوە رفێندرا، لەگەڵ کچانی دیکەی ئێزدی کرانە کۆیلە و دەستدرێژی جەستەیی و سێکسییان کرابووە سەر. دوای سێ مانگ توانی لە دەست چەکدارانی داعش رابکات و خۆی رزگاری بکات؛ دواتر بە بێ ترس، ئەو ستەم و دەستدرێژیی و رووداوانەی کە لەو ماوەیەدا روویاندابوو و بۆ جیهانی گێڕایەوە.  

لە ماوەیەکی کورتدا دەنگی خۆی گەیاندە پلاتفۆرم و سەکۆ نێودەوڵەتییەکان. بەجۆرێک بە شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی زانرا. 

دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی، نادیە موراد، ھێشتا وەکو چالاکوانی داکۆکیکردن لە مافی ئەو ژنانەیە، کە دەست درێژی سێکسیان دەکرێتەسەر.

ژینا مودەڕیس گورجی، چالاکوان و رۆژنامەوانێکی کوردی رۆژھەڵاتی کوردستانە و ساڵی ٢٠١٩ رێکخراوی ژیڤانۆی ژنانی دامەزراند. ئەو رێکخراوە لە رێگەی پەروەردە، چالاکی و پشتیوانیی کۆمەڵایەتییەوە داکۆکی لە مافی ژنان دەکات و بەرەنگاری تووندوتیژیی دژی ژنان دەبێتەوە.

ژینا مودەڕیس لە دەستپێکی چالاکی و جووڵانەوەکانی (ژن، ژیان، ئازادی) کە داکۆکیکردن بوو لە مافی ژینا ئەمینی، تاوەکو ئێستا، دوو جار دەستبەسەر کراوە.

هەروەها بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی رژێم” دادگەیی کرا و سزای ٢١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. دواتر سزاکەی بۆ ٢ ساڵ و ٤ مانگ دابەزێندرا و ئێستا زیندانییە. 

ھاوکات ژینا ئەندامی کەمپەینی کۆکردنەوەی ملیۆنێک واژۆ بووە، بۆ ریفۆرمی یاسای دژی ژنان، ئەو ژنە چالاکوانە کوردە، ھاوکات نموونەیەکی تایبەتە بۆ ژنانی کورد.

لەو لیستەی BBC چەندین ژنی دیکەی وڵاتانی جیھان ھەن، کە کەسایەتی ناسراو و ستەمدیدەن و نموونەی داکۆکیکردنن لە مافەکانیان. تۆڕەکە دەڵێت “لیستەکەیان تایبەتە بەو ژنانەی، کە لە رێگەی خۆڕاگرییانەوە داوای گۆڕانکاری دەکەن لە کاتێکدا جیھانی دەورووبەریان دەگۆڕێت”.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین