د.بەشیر: دەیانەوێ عێراق بکەنە وڵاتێکی مەزهەبی دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

دکتۆر بەشیر حەداد، ئەندامی پەرلەمان لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، ئێستا ئەندامی بۆردی وتاری هەینییە لە وەزارەتی ئەوقاف هەروەها وتاربێژە لە مزگەوتی جەلیل خەیات،  لە گفتووگۆیەکی نوچەنێت سەبارەت بە هەوڵ دان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت: هەموار کردنەوەی ئەم یاسایە کاریگەری یاسایی، ئابوری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیشی پێوەدەبێت، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ ڕێگرتن لەم هەوڵە بخرێتە گەڕ.

نوچەنێت: هەوڵێک هەیە لە پەرلەمانی عیراق، بۆ هەموارکردنەوەو هەندێک دەڵێن ئەو هەوڵە بۆ گۆڕینە نەک هەموارکردن بۆ یاسای ژمارە (188) ی ساڵی 1959، هۆکارەکەی چییە؟

د.بەشیر: ئەگەر سەیری مێژوو بکەین ئەو بابەتە بابەتێکی نوێ نییە، هەمان بابەت لە سەردەمی پاشایەتییەوە هەوڵی بۆ دەدرێت، فقهی جەعفەری بۆ باری کەسێتی لە عیراق  دابنێن و بیکەنە بنەما بۆ هەموو بابەتەکانی باری کەسێتی، بەڵام پێیان نەکرا، بۆیە لە دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 188ی ساڵی 1959 دیسان هەوڵیان دا، کە دژایەتی یاساکە بکەن بە دانانی فقهی جەعفەری ئەوکاتەش پێیان نەکرا، لە عیراقی نوێ لە ساڵی2003 لەسەرەتا، کە ئەنجوومەنی حووکم دانرا مانگی یەکێک لە سیاسەتمەدارەکان دەبوون بە سەرۆکی ئەنجوومەنی حووکم، لەو مانگەی کە عەبدولعەزیز حکیم سەرۆکی ئەنجوومەنی حووکم بوو، بڕیارێکی دەرکرد بۆئەوەی ئەم یاسایە ڕابگیرێت و یاسای جەعفەری کاری پێبکرێت، بەڵام کە مانگەکە تەواوبوو پۆل بریمەر، بە بڕیارێکی خۆی ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە، لە ساڵی 2024دیسان هەوڵیاندا وەزیری دادی ئەوکات شیعەبوو هەوڵێکی زۆری دا کە ئەو پڕۆژە یاسایە بهێنێتە پەرلەمان بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، پەرلەمان قبوڵی نەکرد.

لە ساڵی 2019 هەوڵێکی زۆر درا بۆ گۆڕینی ماددەی 57، کە بابەتی لە خۆگرتنی منداڵە، ئەوکاتەش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان لە عیراق و کوردستان هەوڵی بۆ درا، ئەوەبوو نەمانهێشت و نەکرا. 

ئێستا دیسان بە دەرفەتیان زانی جارێکی تر ئەم بابەتە بەرنە پەرلەمان، بینیان پێکهاتەی سوننەو کورد کێشەی نێوماڵی خۆیان هەیە دەرفەتیان وەرگرت. ئەو پەرتەوازەییەیان بە دەرفەتی زانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم کارە. ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێردراوەتە پەرلەمان، لە ناو چاورچێوەی هەماهەنگیشدا ڕێککەوتنێک هەیە ئەولایەنانەی، کە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدان هەموو شتێک بە ڕێککەوتن دەکەن، بەڵام بەبێ ئاگاداری سوننەو کورد ئەم پڕۆژەیە نێردراوەتە پەرلەمانی عیراق، بێ گومان مەبدەئیەن سوننەو کورد دژی ئەم کارەن ئەگەر بکرێت ئەوان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی یاساوە، وڵات بکەنە وڵاتێکی ئایینی یان مەزهەبی واتە وڵات لە وڵاتێکی مەدەنییەوە بکەنە مەزهەبی، کەواتە ڕزگارکردنی عیراق و ئەو هەموو هەوڵە بۆ ئازادی هەمووی بە فیڕۆ دەڕوات.

نوچەنێت: پێتوایە پێکهاتەی کورد و سوننە، دەنگ بەم پڕۆژە یاسا دەدەن؟

د.بەشیر: سوننەو کورد لەسەرەتادا دژی بوون، بەڵام لایەنی شیعە کاریان بۆئەوە کردووە کە چۆن ڕێگایەک بدۆزنەوەو کاری لەسەربکەن، سوننە ساڵانێکی بە نزیکەی دوانزەهەزار کەسی  بەناوی تیرۆرەوە و هەندێکیان لەسەر کێشەی مەزهەبی گیراون، ئێستا دەستیان کردووە بە لە سێدارەدانیان. بۆیە دەیانەوێ ئەم خەڵکەیان ئازاد بکرێت، شیعە دێت بە سوننە دەڵێت، ئەگەر ئێوە دەنگ بەم پڕۆژەیاسایە بدەن ئێمە دەنگ بە پڕۆژە یاساکەی ئیوە دەدەین.

نوچەنێت: بەڵام دەڵێن ئەو زیندانیکراوانەی سوننە "زۆربەیان بەعسی و تیرۆرستن"؟

د.بەشیر: ڕاستە بەعسیشی تێدایە بەڵام هەندێکیان بەهۆی مەزهەبەوە گیراون، بۆیە ئەگەر بێ گوناهێکیشی تێدابیت زۆرە، ئەم بابەتە بابەتێکی زۆر هەستیارە، بەڕەحمەت بێت مام جەلال زۆر داوای لێکرا، کە ئیمزای بۆ لە سێدارەدانی کۆمەڵێکیان بکات نەیکرد، داوا لە د.بەرهەم کرا نەیکرد، داوا لە د.فوئاد مەعسوم کرا نەیکرد بەڵام د.لەتیف ڕەشید زۆر بە ئاسانی ئیمزایان بۆ دەکات، تا ئێستا ئیمزای بۆ لە سێدارەدانی زیاتر لەسەد کەس کردووە، بابەتێکی مەترسیدارە، سوننە داوادەکات یاسایەکی لێبوردنی گشتی بۆ بەشێک لەو بەندکراوانە دەربچێت، کە بێ تاوانن و هیچیان لەسەرنییە، بەڵام شیعە ناهێڵێت ئەم یاسایە دەربچێت.

ئەو بابەتە ساڵانێکە هەیە، سیاسییەکانی سوننەش بەردەوام بەڵێن بە جەماوەری خۆیان دەدەن، کە کار لەسەر بابەتی لێبوردنی گشتی دەکەن.

کوردیش دوو سێ بابەتی هەیە، یەکێکیان بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەیە، کە هیچ کێشەیەکی نییەو پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی عیراقیش نییە، چونکە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی بۆ دراوە، بەڵام ئەوان کاریان بۆ ئەوە کردووە کە چۆن ڕێککەوتینیان لەگەڵ دەکەن. 

بەپێی دەستوریش هەر بڕیارێک کە لە پەرلەمانی کوردستان پێش 2003 بڕیاری لەسەر درابێت دەڕوات، بەڵام ئێستا بۆئەوەی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەربکرێت دەڵێن دەبێ لە پەرلەمانی عیراق دەنگی لەسەر بدرێت و دەکرێتە کارتی فشار لەسەر کورد، هەروەها گەڕانەوەی زەوییەکانی سەرگەڕان و پەلکانە، واتە ئەو زەوییانەی پێشتر بەبڕیاری بەعس داگیرکراوە.  واتە یاسای بڕیاری هەوڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی قیادەی سەورە.

نوچەنێت: گۆڕینی یاسا، کاریگەری لەسە گۆڕانی کلتوور هەیە و پەیوەندی تەواوی بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، کاریگەری جۆراوجۆری لەسەر هەموو بابەتەکان هەیە، هەندێجار دەبێت بە کارەسات لە کۆمەڵگە، پێتوایە کورد و سوننە ئەو ڕێککەوتنە دەکەن؟

د.بەشیر: بەڵێ زۆر بە ئاسانی دەیکەن، چونکە ئەو تێڕوانینەی ئێمە بۆ مەترسییەکانی ئەم هەموارکردنەوەیە هەمانە لای سیاسییەکان نییە، سیاسییەکان دەلێن ئەوەچییە بابیکەن، گرنگ قازانجێکی سیاسی بکەین نازانن شوێنەواری ئەوە لە دواڕۆژدا چەندە مەترسیدارە. مەترسی ئێمە لە تێپەڕینی ئەو هەموارە لە داهاتووە، لە دواڕۆژدا چی ڕوودەدات ئێمە لە کوردستان زۆر زۆر جێ بەجێی ناکەین، پەرلەمانی کوردستان بریارێک دەردەکات، کە ئەو یاسایە جی بە جێ ناکەین.

نوچەنێت: ئێمە ئێستا پەرلەمانمان نییە چۆن دەتوانین ئەو بڕیارە دەربکەین؟ هەروەها پێتوایە پێکهاتەی ئەمجارەی پەرلەمان بڕیارێکی وەها دەربکەن؟

د.بەشیر: کاتێک پەرلەمان کۆبووەوە دەتوانێ ئەو بریارە بدات. وەکو چۆن پێشتر کراوە، بەڵێ پێموایە ئەگەر یاساکە هەمواریش بکرێتەوە، لە پەرلەمانی کوردستان، هەمان بڕیاری پێشتر دەدرێت. پێویستە لە کوردستانیش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئەم مەبەستە، هەوڵ بدەن کە فشار دروست بکەن و گفتوگۆ لەسەر تێگەیشتنی سیاسییەکان بکەن بۆ ئەم بابەتە. ئێمە پێشتر وێڕای سەختی و کۆسپەکان یاسای باری کەسێتیمان لە هەرێمی کوردستان هەموارکردەوە و دەتوانین شتی تریش بکەین.

نوچەنێت: لە هەرێمی کوردستان یاسای باری کەسێتیمان هەموار کردووەتەوە، بەڵام  هەندێک کەس دەچن لە مەخمور ئەو کارانە دەکەن، کە لە یاساکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم مەرجدار یان قەدەخە کراوە. پێتوایە بۆ ئەم یاسایەش وادەبێت؟

د.بەشیر: بەڵی بێ گومان، ئەو مەترسییەش هەیە، ڕەنگە سبەی هاوڵاتییەک بچێت لە ژێر دەسەڵاتی دادگاکانی دەرەوەی هەرێم بیەوێ ئەم یاسایەی بەسەردا جێ بە جێ بکرێت. یاسای باری کەسێتی لە هەر وڵاتێک هەندەسەی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەیە. 

نوچەنێت: پێتوایە ئامانجەکەی ئەوان لەم هەوڵە، سیاسی، کۆمەڵایەتی یان یاساییە؟

د.بەشیر: ئامانجی سەرەکی ئەوان مەزهەبییە، دەیانەوێ یاسا بکەنە ئامرازێک بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە، دەبێ بزانن کە ئەم بابەتە سەرپێچی یاسایی و دەستوریشی تێدایە، وەکو:

پێچەوانەی ماددەکانی 2،14، 41، 88،79ی دەستورە، ماددەی 2 دەڵێت ئیسلام دینی فەرمییە بەڵام نابێت هیچ شتێک دەربچێت دژی سەوابتی ئیسلام بێت، بەڵام لە هەموارەکە دەڵێت، ئەگەر هاتوو ژن و پیاو مەزهەبیان جیاوازبوو بۆ نموونە ژنەکە شیعە بوو، پیاوەکە سوننە بوو مەزهەبی پیاوەکە لەسەر مەزهەبی ژنەکە فەرز دەکرێت، کەواتە لێرەدا کوا مافی ژنەکە و کوا یەکسانی؟

ماددەی 41دەڵێت، عیراقییەکان ئازادن لەوەی ئەو یاسایە جێ بەجێ دەکەن یاننا، بەڵام تۆ ئازادی لە ژنەکە وەردەگرییەوە، ماددەی 88 دەڵێت، قازی هیچ دەسەڵاتێکی نییە بە غەیری دەسەڵاتی یاسا نەبێت، هیچ شتێک ناتوانێت فشار بخاتە سەر قازی جگە لە یاسا بەڵام لێرە ڕای مەرجەعی ئایینی شیعە فەرز دەکرێت لەسەر قازی و دادگا دەسەڵاتی لێ دەسەنرێتەوە.

هەروەها دەڵێت، هەندێ پەیماننامەی نێودەوڵەتی هەن، کە عیراق ئیمزای کردوون، وەکو پەیماننامەی سیداو، مافی منداڵان، بینیشتان چۆن ئێستا وڵاتان فشار دەخەنە سەر دەوڵەتی عیراق ،کە نابێت ئەم یاسایە هەمواربکرێتەوە، ئەگەر کرایەوە واتای عیراق لەو پەیماننامانە کشایەوە، ئەوا  ئاسەواری ئەمنی و ئابوری سیاسیشی لی بکەوێتەوە. 

فشاری ئەمنی دروست دەکات، دەزانین کە پەیوەندییەکان ئەمریکا و بەریتانیا زۆربەی سیاسەتەکانیان بەندە لەسەر ئەوەی، کە ئایا ئەم وڵاتە لە بابەتی دیموکراسی پێشکەوتوویە یان نا، ئەگەر عیراق دژی مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی دیموکراسی بێت ئەوا ئەوان هاوکارییەکانی لێ ڕادەگرن. لە لایەنی سیاسی و ئەمنیش، عیراق دەکەوێتە بارودۆخی فەوزاوە.

نوچەنێت: کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم یاسایە لەسەر عیراق چی دەبێت؟ 

د.بەشیر: لە هەموو شتێ گرنگتر ئەوەیە، کە فەتوای ئاینیمان سەبارەت بە شوکردنی کچان هەیە دەڵێت، کچ دەتوانێ لە تەمەنی خوار شانزە ساڵیش شوبکات، کەواتە تەمەن دیاری نەکراوە، تەنیا دەڵێت ئەو منداڵەخۆی بناسێ، خۆناسینی کچ هەندێجار لە هەشت هەندێجار لە نۆ زیاتت یان کەمتر دەبێت، دەڵێت لەو ماوەیەدا دەگوازرێتەوە بەڵام ئەگەر کچ لە ناو لانکیش بێت دەکرێ گرێبەست و مارەبڕین بکرێت.

ئێمە لە 2003 کارێکی زۆرمان لەسەر ڕزگارکردنی کچان لەم کێشەیە کرد،  توانیمان 35-40ئافرەت کە لە ناو بێشکە مارەبڕاوە ڕزگارمان کردن هەندێ لە حکوومەت و هەندێک لە خێرخواز و شت، دوای ئەوەی دەمانزانی یەکتریان بە دڵ نییە. لەبەرئەوەی لە کاتی مارەبڕینی ئەوکچە منداڵ بووە، ئێمە زۆر کۆششمان کرد تا لەوە ڕزگارمان بێت دەمان گەڕێننەوە سەر ئەو حاڵە.

هەروەها بابەتی لە خۆگرتنی منداڵ دوای جیابوونەوە. بابەتێکی دیکەی هەستیارە. ئافرەت، کە جیابووەوە پیاو دەتوانێ منداڵەکەی بە ئاسانی لێ بسەنێت، دەزانین کاتێک ئافرەت جیادەبێتەوە دڵی تەنیا بە منداڵەکەی خۆشە، جیا لەوەی هەمیشە دایک بۆ منداڵ بەسۆزترەو تەحەمولی دەکات لێرەدا باوک دەتوانێ بە ئاسانی منداڵەکە بخاتە بەردەستی ئەو ژنەی کە دەیهێنێتەوە.

لە یاسای مەزهەبی جەعفەری ماددەی 219دەڵێت، ئەگەر ئافرەت مێردی مرد میراتی لە مەوادی سابتە، ناکەوی وەکو خانوو زەوی، لە کاتێکدا لە قورئاندا بەشی خۆی هەیە. لەوانەی ناوماڵیش ئەوانەی، کە بەشی دەکەوێت دەتوانێ کوڕەکەی یان منداڵی کەسەکە نەیداتێ و بڵێ نرخی ئەو شتەت دەدەمێ.

ئەوە کێشە دەخاتە ناو کۆمەڵگە بەتایبەتی ئەگەر جیاوازی مەزهەبی لە نێوان ژن و مێرد هەبێت، ئەوا لەم یاسایە ئافرەت دەبێتە کۆیلە، چونکە هەندێ شت لە نێوان مەزهەبەکاندا جیاوازە لە مەزهەبێک ڕێگە بە هەندێ شت دراوە لەوەیتر حەرام کراوە.

نوچەنێت: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستا بابەتی هاوسەرگیری کاتی نییە، ئەوکێشانەشمان بۆ دروست دەبێت؟

د.بەشیر: بەڵێ بەپێی ئەم یاسایە هاوسەرگیری کاتی ڕێگەپێدراو دەبێت، هاوسەرگیری لە یەک کاتژمێرەوە تاکو بۆ ڕۆژێک بۆ هەفتەیەک ئەوە بڵاودەبێتەوە، ئێستاش هەیە بەڵام خەڵک نایڵێت ئێستا دارو دەستەکانیان بڵاویان کردووەتەوە کێشەشی دروست کردووە، لەوحاڵەتەدا جیابوونەوە زۆردەبێ، کە زۆربوو منداڵی بێ دایک و باوکیش زۆر دەبێت.هەندی کێشەی زۆر گەورە لەناو کۆمەڵگە دروست دەبێت.

نوچەنێت: تا ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جیاوازی مەزهەب نەبووەتە کێشە. پێتوایە ئەم کێشەیەش لە کۆمەڵگە بەرچاو دەکرێت؟

د.بەشیر: ئەگەر ئەو بابەتە لە سەربنەمای ئایین بێت بۆ نموونە بڵێن، با بابەتی باری کەسایەتی لەسەر مەزهەبی سوننە بێت، ئەویش دەبێتە کێشە، چونکە لە ناو سوننە چوار تا پێنج مەزهەبت هەیە هەر مەزهەبێک چەندین مەرجەعی تێدایە، تۆ بەکامە مەرجەع بڕیار دەدەی؟ ڕەنگە ژن بڵێت من فڵان مەرجەعم دەوێت پیاوەکە بڵێت نەخێر ئەوەی ترم دەوێت، قازی لێرەدا چی بکات؟ هەروەها لە ناو هەزهەبی شیعە مەرجەعی جیاوازیان هەیە ئەوان مەرجەعی نیشتیمانی و مەرجەعی خاریجیشیان هەیە، هەر لە نەجەف دووسێ مەرجەع هەیە لە یەکتر جیاوازن، سیستانی لەگەڵ خامنەئی جیاوازە، ئەوە کێشەی کۆمەڵایەتی زۆر دروست دەکات.

هەروەها لە ڕووی لە یاساییەوە ئەوە دەستدرێژییەکی گەورەیە بۆ سەر مافی پەرلەمانی عیراق، چونکە نووسینی ڕەشنووسی یاسا لە پەرلەمان دانی پێدانراوە کێ بیکات و دەسەڵاتی کێیە؟ دیاریکراوە کە  دەسەڵاتی حکوومەت و لیژنەی پەرلەمانە، لێرە دەڵێت مدونەکە وەقفی شیعی و سوننی ئامادەی دەکات و دەینێرێت بۆ پەرلەمان، کێ دەسەڵاتی داوەتێ تا ڕەشنووسی یاسا ئامادەبکات؟ ئەمە ئیشی ئەوان نییە و کێ دەسەڵاتی پێداون؟

ئینجا دەڵێت ئەم هەموارە دەڕوات دەنگ بدەین لەسەر ئەوان، کە دوای شەش مانگی دیکە ئەم دوو مدونەیە دەردەچێت ئێستا چۆن من دەنگ لەسەر شتێک بدەم کە دوای شەش مانگ دەزانم چی تێدایە، ئەمە ناکرێ. پێشێل کردنی یاسایە بەشێوەیەکی گشتی.

پێموایە حکوومەتی عیراقی بەوە ڕازی نییە، بەڵام ناتوانێ ڕای بگرێت ئێستا لە عیراق حکوومەتێکی نیشتیمانی نییە تەنیا دەسەڵات هەیە، حکوومەت دەبێ بنەمای خۆی هەبێت بتوانێ بڕیارەکانی خۆی جی بەجێ بکات، ئێستا زۆربڕیاری هەیە حکوومەت ناتوانێ جێ بەجێی بکات. لایەنی دەرەوەی حکوومەت زاڵە لەسەر حکوومەت.

نوچەنێت: مەبەست میلیشیاکانە؟

د.بەشیر: میلیشیا و لۆبی سیاسیش ئەو لایەنە سیاسییانەی، کە ئەو حکوومەتەیان دروست کردووە. هەرئەوانن فشاری لێدەکەن کەچی بڕوات و چی نەڕوات.

بینیشمان چەندینجار ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر بودجەی هەرێم دەدات، بەڵام بەڕێوەبەرێکی گشتی رای دەگرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین