مەسرور بارزانی: لەگەڵ حکومەتی عێراق کێشەکان چارەسەر دەکەین کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ھەوڵمان داوە کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکانی نێوانمان چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانمان دابین بکرێن."

ڕۆژی یەکشەممە (27/ئایار/2024) لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کردستان پردی ڕانیە - بنگرد لە ڕێوڕەسمێکدا کرایەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا مەسرور بارزانی، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، "ئێمە پلان و بەرنامەمان ھەیە بۆ خزمەتی کەرتی ڕێگەوبان لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان، خوا یار بێت بە باشتربوونی دۆخی دارایی، تۆڕی ڕێگەوبانی ھەرێم کە شادەماری ئابووریی ھەرێمن، بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر پێش دەخەین. خەڵکی ئەم دەڤەرە وەک ناوچەکانی دیکەی کوردستان بێگومان ھەموومان دەزانین کە قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە لەپێناو ئازادی و بەدەستھێنانی دەستکەوتە نیشتمانییەکان، بۆیە خەڵکی ئەم دەڤەرە، شایستەی زیاتر خزمەتکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارین".

 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان

ئامادەبووانی ھێژا

بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان

مایەی خۆشحاڵیمە کە دووبارە سەردانی ئەم دەڤەرە تێکۆشەرە و نیشتمانپەروەرە دەکەم و لەگەڵ ئێوەی خۆشەویستم بۆ کردنەوەی پردی دەربەندی رانیە کە نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر بەردی بناخەکەیمان دانا.

دەستخۆشی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگە کە بێگومان سوودێکی زۆر بە خەڵکی ئەم ناوچە و ئەم دەڤەرە دەگەیەنێت و سنووری پشدەر و بیتوێن و مەرگە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ئاسانکاریی بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتیان، ھەروەھا سوودێکی زۆری دەبێت بۆ گواستنەوەی بەروبوومی جووتیاران لە ناوچەکە، یارمەتیی گەشەسەندنی کەرتی گەشتیاریش لەم دەڤەرە دەدات.

چوار ساڵ لەمەوبەر، لە بارودۆخێکی سەختی دارایی و تەندروستی بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە تووشی ھەرێمی کوردستان بوو، ئێمە لەو کاتە بەردی بناخەی ئەم پڕۆژەیەمان دانا کە خۆشبەختانە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو کرا و خرایە خزمەتی ھاووڵاتیانەوە. ئەمە بۆ ئێمە مایەی شانازی و پێزانینە کە ئەم پڕۆژە گرنگە بە تەواوی لە لایەن توانا ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە. خۆشبەختانە ئەمڕۆ شایەدی ئەوەین کە توانا ناوخۆییەکان لە بواری دروستکردنی ڕێگەوبان، گەشەیان سەندووە و کوالێتیی ڕێگە و پردەکان زۆر باشتر بووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و ھەروەھا پێشخستنی ژێرخانی ئابووری دەبێت.

ئێمە پلان و بەرنامەمان ھەیە بۆ خزمەتی کەرتی ڕێگەوبان لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان، خوا یار بێت بە باشتربوونی دۆخی دارایی، تۆڕی ڕێگەوبانی ھەرێم کە شادەماری ئابووریی ھەرێمن، بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر پێش دەخەین. خەڵکی ئەم دەڤەرە وەک ناوچەکانی دیکەی کوردستان بێگومان ھەموومان دەزانین کە قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە لەپێناو ئازادی و بەدەستھێنانی دەستکەوتە نیشتمانییەکان، بۆیە خەڵکی ئەم دەڤەرە، شایستەی زیاتر خزمەتکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارین.

لەم ڕووەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی توانای بەردەست، چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری لەم دەڤەرە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی ئەم ناوچەیە.

ئێمە لەم کابینەیە ھەوڵمان داوە، ئابووریی ھەرێم فرەچەشن بکەین و تەنیا پشت بە داھاتی نەوت نەبەستین، کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازیش کە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئەم بەرنامە ئابوورییەن، ئێمە لەم دەڤەرە دەزانین ھەموو ئەو بنەمایانەی تێدایە کە ئەم کەرتانە تێیدا گەشە بکەن و دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجانی ئەم دەڤەرە بڕەخسێندرێت.

ھیوادارم وەبەرھێنەران و خاوەن سەرمایەکانی ئەم دەڤەرە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان، بەشدارییەکی کاراتر لە وەبەرھێنان لەم کەرتانەدا بکەن، پێشتریش بڕیارمان داوە کە دەستەی وەبەرھێنان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرھێنان لە ناوچە کەمتر گەشەسەندووەکاندا بکەن و زەمینەیەک بڕەخسێنن کە پرۆژەکان لەم دەڤەرانەشدا قازانج بکەن و بەردەوام بن.

ئامادەبووانی بەڕێز:

لە چەند ساڵی رابردوو، بارودۆخ و قەیرانی سەختی ئابووری و داراییمان تێپەڕاندووە، لێرەدا جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی ھاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەم. ئێمە ھەموو ھەوڵەکانمان خستۆتە گەڕ و ھەموو تواناکانی خۆمان بەکار ھێناوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دۆخە سەختە ئابوورییە بھێنین، بە تایبەت مووچەی ھاووڵاتیان کە لە کاتی خۆیدا بدرێت. ھەوڵمان داوە کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکانی نێوانمان چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانمان دابین بکرێن و زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین. من بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی لە پەیوەندیدام و شاندەکانی دانوستانکاریش بەردەوامن بۆ وەلاوەنانی کۆسپەکان و لەم بڕوایە داین، کە دەتوانین پێکەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی ھاووڵاتیان، سەروەت و سامانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتی ھەموو ھاووڵاتیان و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەکار بێنین و پێگەی ئابووریی عێراق و ھەرێم لە ناوچەکەدا بەرز بکەینەوە.

جارێکی دیکەش پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم پردە لە خەڵکی ئەم دەڤەرە دەکەم.

ئیتر ھەر شاد و سەرکەوتوو بن. کوردستانیش ھەر ئاوەدان بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین