دوای جیابوونەوە زانیم ئامانجی چیبووە! دیمانە و راپۆرت
دایکی چوار منداڵە بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو بڕیاری جیابوونەوەیدا. ئەو دەڵێت: هەموو پرۆسەکە نزیک تەواوبوونبوو کە من زانیم.

ئاشنا ژنێکی تەمەن 27ساڵە. دایکی چوار منداڵە. لە تەمەنی 18ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە. خەڵکی دەوروبەری شاری سلێمانییە.

ئەو ژنە ئێستا لەگەڵ منداڵەکانی لە خانوویەک دەژیت بەبێ ئەوەی هیچ کارێکی هەبێت. بەپێی گێڕانەوەی خۆی بیست ڕۆژ دوای لە دایکبوون ی منداڵی چوارەمی هاوسەرەکەی لێی جیابووەتەوە. بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی ئەو لەو بڕیارە وەربگرێت" تەنیا یەک هەفتەبوو منداڵم ببو کە هاوسەرەکەم و خەسوم شەڕیان لەگەڵ کردم، زۆر قسەو بوختانیان پێکردم بەڵام من گوێم پێنەدا چونکە لە ڕاستیدا ئازاری نەشتەرگەریم هەبوو جیا لەوەی سەرقاڵی منداڵەکەم بووم بە هەمووشێوەیەک لەگەڵ ئەوەشدا دەبوایە بەم دۆخەی خۆمەوە خزمەتی سێ منداڵەکەی ترم بکەم کە تەمەنی گەورەکەیان سیانزە ساڵە. نەمزانی ئەو پشتگوێ خستنەی من دۆخەکە دەگەیەنێتە ئەوەی لێم جیاببێتەوە".

ئاشنا سەبارەت بە دۆخی جیابوونەوەی گوتی" بۆ من وەکو خەو یان ڕووداوێکی لە ناکاو بوو، چونکە وامزانی توڕەبوونی ئەمجارەش وەکو هەر جارێکی ترە. تا ڕۆژێک کاغەزێکی بە دەستەوەبوو گوتی دەبێ ئیمزای بکەی و وادەی ڕۆژی دانیشتنی دادگامان دیاریکراوە".

ئەو ژنە باس لەوە دەکات، کە هەر لەگەڵ ئەوەی زانیویەتی هاوسەرەکەی بە جددی دەیەوێ لێی جیابێتەوە دەڵێت" پەنام بۆ دایکی برد پێم گوت، هەرچی دەکەن بەڵام تەڵاقم مەدەن لەبەر خاتری منداڵەکان، ژن دەهێنێت یان هەر ژیانێکم هەبێت ڕازیم، تەنیا مەهێڵە ماڵم لێ تێکبچێت" لە جیاتی هەرشتێ خەسوم گوتی تازە تەڵاقت دەدات لەسەر ئەوە مەڕۆ، بەڵام دەبێ لە مافەکانی خۆت خۆشبی، بە قسەی خەسوم کرد بەو مەرجەی منداڵەکان لێ نەسەنن و بهێڵن لەگەڵیان دابنیشم".

ئاشنا دەگێڕێتەوە" دوای پێنج مانگ لە جیابوونەوەمان بیستم خەریکی ژن خواستنە، دوای ئەوە زانیم پەیوەندی لەگەڵ کچێک هەبووە پێی گوتووە، ئەگەر ژنت هەبێت شووت پێناکەم، بۆ خاتری ئەو ژنە من کە دایکی چوار منداڵم تەڵاقی داوم". 

سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا یان داواکردنی مافی خۆی ئاشنا دەڵێت" پەشیمانم داوای هیچم نەکرد و لە مافەکانی خۆم خۆشبووم، هەست دەکەم فێڵم لێکرا دەترسێم منداڵەکانیشم لێ بسەننەوە".

ئالا حەمە سەعید، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کێشەی ئاشنا گوتی" لەم کۆمەڵگە پیاو سالارییەی ئێمە، کە یاساش لە بەرژەوەندی پیاوانە کێشەی هاوشێوەمان زۆرە، زۆر ژن هەن فێڵیان لێکراوە هەشە لە مافەکانی خۆی خۆشبووە لەبەرئەوەی ماڵی لێ تێکنەچێت و لە منداڵەکانی جیانەکرێتەوە".

لە بارەی باشترین بڕیار بۆ ئەم ژنانەی کە بیانوویان پێدەگیرێت ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە ڕایوایە" باشترین کار ئەوەیە نەهێڵن کێشەکانتان لە ناو ماڵدا کۆن بێت لەگەڵ هاوسەرەکانتان، بۆ نموونە کاتێک دەزانن هەڵەیەک هەیە یان پیاوەکانتان پەیوەندییان هەیە بێدەنگی لێ مەکەن و هەڵبدەن بیگەڕێننەوە ئەگەر چار نەبوو لە مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانتان خۆش مەبن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین