پەرلەمان تاوتوێی زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە دەکات تەندرووستی

سیهام میران ، تایبەت بە نوچەنێت

بڕیارە لە دانیشتنی سبەی پەرلەمان بابه‌تى "زیادبوونی تووشبوون بە شێرپەنجە" تاوتوێ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى بیر له‌ چاره‌سه‌ریى بكرێته‌وه‌، کە لە لایان گەلاوێژ عوبێد سيان، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پێشنیار کراوە، له‌ لێدوانێکی بۆ "نوچەنێت" ئەو پەرلەمانتارە ئامانجی پێشنیارکردنی بیرۆکەکەی روون دەکاتەوە.

ئەمرۆ دووشه‌ممه ‌١٩ی نیسان، پەرلەمانی کوردستان کارنامەی دانیشتنی سبەی بڵاوکردەوە کە لە تەوەرێکدا باس لە تاوتوێکردنی بیرۆکەی"زیادبوونی شێرپەنجە" دەکات کە لە لایەن د. گەلاوێژ عوبێد سيان پێشنیار کراوە.
 
سەبارەت بە ئامانجی لە پێشکەشکردنی ئەم بیرۆکەیە، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت د. گه‌لاوێژ عوبێد سيان گووتی، "هەر کێشەیەك لە کۆمەڵگا هەبێت بە پێى ماددەی ٤٩ لە پەیڕەوی ناوخۆى پەرلەمان، ئێمه‌ دەتوانین وەکو بیرۆکە پێشکەشی پەرلەمانی بکەین، دواتریش ئاراستەی حکومەتی هەرێمى كوردستان دەکرێت".

هەر لە لێدوانەکەی د. گه‌لاوێژ عوبێد سيان دووپاتی دەکاتەوە کە ئەرکەکە تەنیا لە ئەستۆی پەرلەمان نییە كه‌ بیر له‌ چاره‌سه‌رى زیادبوونى رێژه‌ى تووشبووانى ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بكاته‌وه‌ و دەڵێت، "ئێمە داواکاریمان تەنیا لە پەرلەمان نییە بەڵکو لە هەموو خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێـم هەیە، پێویستە لە بواری شێرپەنجە زیاتر کاربکرێت و توێژینەوەکان زیاد بکرێت گرنگی بە بواری توێژینەوەکان بدرێت. بە تایبەت لەسەر ئاستی بۆماوەیی خەڵك هۆشیار بکرێتەوە، لە کاتێك کە نیشانەکانی لێ سەر هەڵدەدات یاخود خەڵکانێک گومان لێکراون لە تووشبوونی شێرپەنجە ئەوانە پێویستە پێشوەختە پشکنین بکرێن، حکومەت و پەرلەمان هەموو پلانی پێشوەختەیان هەبێت یاخود بۆ پشکنینی پێشوەختە."

لە کۆتای قسەکانی د. گەلاوێژ عوبێد گووتی، "لە هەموو جیهاندا توێژەران دەورێکی گرنگ و باڵایان هەیە لە دۆزینەوەی شێرپەنجە، دیاریکردنی شێرپەنجە لە قۆناخی سەرەتاکان ئەوە زۆر گرنگە، ئەگەر بێت بە توێژینەوە یاخود پشکنینی پێشوەختەی قۆناخە سەرەتاکان دەستنیشانیان بکەین ئەوە دەبێتەوە هۆی ئەوەی بتوانین تەمەنی نەخۆشەکە درێژتر بکەینەوه‌".


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین