سەرۆكى هەرێمى كوردستان پەيامێكى لە ساڵيادى جينۆسايدى كوردانى فەيلى بڵاوكردەوە کوردستانی
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جينۆسايدى كوردانى فەيلى پەيامێكى بڵاوكردەوە، لە پەيامەكەيدا دەڵێت، "جينۆسايدى كوردانى فه‌يلى و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى سڕينه‌وه‌ و تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان."

 ئەمڕۆ پێنجشەممە (چوارى نيسانى/ 2024) سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە پەيامەكەى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئەو جينۆسايدە مێژوويه‌كى ره‌ش و رابردوويه‌كى تاڵى پڕ له‌ هه‌ڵه‌ى عێراقه‌ كه‌ بووه‌‌ هۆى نه‌هامه‌تى و ناسه‌قامگيرى بۆ وڵات.

دەقی پەیامى سەرۆكى هەرێمى كوردستان:

 ئه‌مڕۆ يادى به‌ ئازارى چل و چوار ساڵه‌ى جينۆسايدى هه‌زاران كوردى فه‌يلى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ شاڵاوێكى دڕندانه‌ى رژێمى ئه‌وساى عێراقدا، له‌به‌ر كوردبوون و پشتگيرييان له‌ شۆڕشى كوردستان، رووبه‌ڕووى كوشتن، گرتن، ده‌ركردن و بێسه‌روشوێنكردن بوونه‌وه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ و سامان و ماڵ و حاڵيان لێسه‌نرايه‌وه‌‌.

 له‌م ياده‌دا داواكاريمان له‌ حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ به‌پێى بڕيارى دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه‌ ئه‌و تاوانه‌ى به‌ جينۆسايد ناساند، كوردانى فه‌يلى له‌ هه‌موو روويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، ره‌گه‌زنامه‌ و موڵك و ماڵيان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه و كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكات‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵ و كۆششدا ده‌بين و هه‌رچى پێويست بێت هاوكار ده‌بين.

 جينۆسايدى كوردانى فه‌يلى و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى سڕينه‌وه‌ و تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان، مێژوويه‌كى ره‌ش و رابردوويه‌كى تاڵى پڕ له‌ هه‌ڵه‌ى عێراقه‌ كه‌ بووه‌‌ هۆى نه‌هامه‌تى و ناسه‌قامگيرى بۆ وڵات. ده‌بێ ئه‌و رابردووه‌ بۆ هه‌موومان ببێته‌ په‌ند و وانه‌ و بۆ داهاتوويه‌كى باشتر له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكه‌وه‌يى و يه‌كترقبووڵكردن له‌ عێراق، سوودى لێ وه‌ربگرين. 

 سڵاو و دروود له‌ ياد و گيانى پاكى شه‌هيدانى كوردى فه‌يلى و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/4/4

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین