لیژنه‌ى شاره‌وانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر بابه‌تى کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ په‌رله‌مانى كوردستان باس له‌ بڕیاره‌كه‌ى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنى زه‌وى ده‌كات و ده‌ڵێ، "هیچ كێشه‌یه‌كى یاسایى نییه‌" و ئه‌ندامێكى لیژنه‌كه‌یش ده‌ڵێ، "ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كۆده‌بینه‌وه‌".

دوێنێ هه‌ینى له‌سه‌ر دابه‌شكردنى زه‌وى له‌ كه‌لار له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى دوو روونكردنه‌وه‌ى داوه‌ و له‌ یه‌كێكیان هاتووه‌، "رەفتارکردن و دابەشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زەوی و زاری حکوومەت و موڵکی گشتی، لەناو سنووری شارەوانییەکان، بەبێ رەزامەندیی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر لایەن و فەرمانگە و کەسێک بیکات، ئەوا یاساشکێنیە و لێکەوتەی یاسایی بەدوادا دێت"

سەرۆکی لیژنەی شارەوانی:بڕیاره‌كانى قوباد تاڵه‌بانى هیچ كێشه‌یه‌كى یاساییان نییه‌
 

 

دواتر چه‌ند په‌رله‌مانتارێكیش ناڕه‌زاییان له‌ بڕیارى دابه‌شكردنى زه‌وى‌ ده‌ربڕى، ئینجا قوباد تاڵه‌بانى روونكردنه‌وه‌یه‌كى دا و دڵنیایی به‌ كه‌سوكارى شه‌هیدان ده‌دات و ده‌ڵێ، " ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بە ئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان"

له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ى نیسان، لوقمان حەمەد حاجی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ "نوچەنێت" له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دوا و گووتی، "ئەم دابەشکردنەی زەوییە بڕیارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ و سێ فەرمان لەلایەن قوباد تاڵەبانی بەسیفەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە وەکالەت دەرچووە، بە بریاری ژمارە ٨٦٧و ٨٦٨ و ٨٦٩ وە. ئەم زەوی دابەشکردنە بەتەنیا بۆ پارێزگا و سنوورێکی دیاریکراو نەبووە، بەڵکو بۆ تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بووە".

سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى په‌رله‌مان دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كان هیچ كێشه‌یه‌كى یاساییان نییه‌ و گوتى، "هیچ کێشەیەکی یاسای لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا نییە، ئەوانەی کە ناویان هاتووە ژمارەیەکی زۆریان زەویان وەرگرتووە، ژمارەیەکیان وەریان نەگرتووە ئەوانەی کە وەریان نەگرتووە لە سنووری کەلار بوو زیاتر کە گرفتی دابەشکردنی زەوی هەبوو و گرفت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ دوای ئەوەی ئێمە خۆمان کە ليژنەی شارەوانين تەداخولمان کرد لە ٢٠ی ٧ ی ٢٠٢٠ وەزارەتی کشتوکاڵ رەزامەندی دەربری بە تەرخانکردنی زەوی پێویست بۆ ئیفرازکردن لەسەر میلاکی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ سەر وەزارەتی شارەوانی، واتا هیچ کێشەیەکی یاسای نییە"

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى كه‌ ناڕه‌زایى له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ى قوباد تاڵه‌بانى ده‌ڕبڕیوه‌، سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان گوتى، " ئێمە کاتێك کە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارةوانيمان بینی لە راستیدا دووچاری سەرسوڕمان بووین چۆن دەکرێت وەزارەتێکی شارەوانی، راگەیەندراوێك لەسەر بریارێکی ئەنجوومەنی وەزیران دەربکات کە لە کابینەی رابردوو نووسراو هەیە بە واژؤی بەرێز نەورۆز مەولود وەزیری پێشووتری شارەوانی کە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە" .

له‌كۆتاییشدا لوقمان حه‌مه‌د حاجى  گوتى، "ناکرێت وەزارەتی شارەوانی ئەوەندە بێ ئاگا بێت، ئاگای لە بڕیارێك نەبێت کە برٍیار دراوە بە دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان".

هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت كلاره‌ عودیشو ئه‌ندامى لیژنه‌ى شاره‌وانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ "نوچه‌نێت"ى راگه‌یاند ئه‌وان له‌ لیژنه‌كه‌یان تاوتوێى ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌سه‌رى كۆده‌بنه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین