قەرزی کام کابینەیە دەدەنەوە ؟ بەچی دەیدەنەوە ؟
رزگار رەزا چوچانی :
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، جارێکی تر کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کەوتەوە ژێر فشار، دەستی عەرەب خرایەوە قورگی تاک بەتاکی خەڵکی کوردستان دەست برا بۆ موچەیان، بەڵام دیسان ئەوانەی هەموو شت سوک دەکەن بۆ یەک چەپڵەو دوو دینار، لەجێی لۆمەکردنی عێراق، لەجێی دەنگ بەرزکردنەوە بەڕووی عێراقدا کەوتنە پاساو هێنانەوە بۆ ئەو دوژمنایەتیەی عێراقییەکان، بێ ئەوەی بپرسن ئەو بڕە پارەیە بۆ موچە بە چ مەرج و رێککەوتنێک دەنێردرێت بۆ کوردستان.
لەو نێوان ئەوانەشدا کە کوردن و تا ئەمرۆش بەسەرکەوتنی کوردستان ئاسودەنین، سەیرتر لەهەموویان ئەوانەبوون کە دۆخەکەیان وا وێنا دەکرد، کە ئەگەر کابینەی پێشوو قەرزی نەکردبا، ئێستا عێراق کوردستانی دۆلار باران دەکرد، داهاتی کوردستان هەموو ماڵە هەژارێکی تژی دەکرد لەپارە.
بۆیە لێرەدا بۆ منێک کەبەردەوام چاودێری دۆخی وڵاتم کردووە، وەک بەرپرسیارەتی تاک، لە پێناو نەهێشتنی کاریگەری چەواشە بەسەر ئەوانەی ئەم رایانە دەبینن و توانای بەراوردکردنی ئەم ڕایانەیان لەگەڵ رووداوەکان ھەیە، گرنگە کە ئەم چەند خاڵە وەبیر بهێنمەوە.
یەکەم : کابینەی پێشوو قەرزی بۆچی کرد ؟
لە سەردەمی کابینەی پێشوودا، چەند رووداوێک بەدوای یەکدا روویاندا، کە زیاتر لەشێوەی روودانی ئەو کارەساتە سروشتییانە دەچوون کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نیەو کاتی دەوێت، لەوانە :
– وەکو ئەمرۆ نرخی نەوت دابەزی.
– خراپتر لە ئەمڕۆ بەشێک لە کۆمپاکانیانی بواری نەوت بەهۆی هێرشی داعش و فشاری عێراق و دابەزینی نرخی نەوت کارەکانیان وەستاند.
– عێراق بودجە و موچەی کوردستانی بەبێ هۆ تەنها بۆ شکاندنی شکۆی کوردستان بڕی ( هەندێک کەس چۆن پاساو بۆ ئەنفالکردن و کیمیاباران و وێرانکردنی کوردستان دەهێننەوە، پاساویان بۆ ئەو دوژمنایەتیەی عێراقیش دەهێنانەوە).
– داعش بە درێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر هێرشی کردە سەر کوردستان و شەڕی داعش خەرجییەکی زۆری هێنایە سەر ئەم وڵاتە.
– ملیۆنان ئاوارە رووی کردە کوردستان و جیهان لەهاوکاریکردنیان بێ باکانە سەیری دەکرد.
ھەموو ئەوانەش بوونە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی بۆ کوردستان.
کێ دەتوانێت بڵێت یان بیسەلمێنێت، بڕینی میزانیە و موچە لەلایەن حکومەتی بەغداوە، دابەزینی نرخی نەوت و وەستانی کۆمپانیاکانی لە بەرهەمهێنانی نەوت و وزە، سەرهەڵدانی شەڕ بەدرێژایی هەزار کیلۆمەتر، هاتنی لێشاوی ملیۆنان ئاوارە بۆ وڵاتێک، هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی نین ؟
بێگومان هەرکەسێک تەنها یەک زەڕە بەویژدانەوە لەو رووداوانە بڕوانێت، ناتوانێت خۆی لەو راستییە لا بدات، کە هەموو ئەوانە پێکەوە هۆکار دەبن بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابوری، بەڵام رەنگە لەگەڵ قبوڵکردنی ئەو راستییەشدا بڵێن دەکرا حکومەت پلانی باشی هەبێ بۆ وەستانەوە بەڕووی قەیرانەکاندا.
ئەو پاساوەش دەکرێت رەوابێت، بەڵام دەبێت لە ئەزمونی تەواوی وڵاتانی دونیاش بڕوانین، و بپرسین ئایا کاتێک کە وڵاتە هەرە گەورەو پێشکەوتووەکانی دونیا، دووچاری وەها دۆخێک دەبنەوە، بۆ رزگاربوون لە قەیران چی دەکەن، جگە لەکەمکردنەوەی خەرجی و قەرزکردن و هەندێ چاکسازی ؟
ئەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چی کەمتر لە رێ و شوێنەکانی وڵاتانی دونیای گرتەبەر بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیران ؟ پرۆژەی چاکسازی ناردە پەڕلەمان، خەرجی کەمکردەوەو بەشێک لەموچەی فەرمانبەرانی بەناچاری پاشەکەوتکرد، بۆ بەشەکەی دیکەی موچەش قەرزی کرد تا ژیان نەوەستێت.
ئایا دەکرێت حکومەت قەرز نەکات و هیچ رێوشوێنێک نەگرێتە بەر، دەکرێت بۆ ئەوەی نەڵێن ئەم حکومەتە قەرزی کردووە :
– موچە بە نیوەیش بێت نەیدات.
– خزمەتگوزاری پێشکەش نەکات.
– خەرجی شەڕ دابین نەکات.
– خزمەتی ئاوارە نەکات.
– ژیان بوەستێنێت.
ئەی ئەگەر ئەمانە نەکات و تەسلیم بە واقعی حاڵی نەمانی داهات ببێت، مانایەک بۆ حکومەت دەمێنێتەوە؟ وەکو حکومەتێکی بەرپرسیار دەناسرێت و قبوڵ دەکرێت ؟
بێگومان حکومەت ئەوەی نەکردبا، نەمانایەک بۆ کوردستان دەمایەوەو نە عێراق بە تەسلیمبوونیشمان رازی دەبوو، بگرە رقی چەند ساڵی شکستی خۆیانیان بە پێشکەوتنی کوردستان دەڕشت، وەکو چۆن لەدوای ریفراندۆم کردیان و دەبابەیان بەسەر لاشەی پێشمەرگەدا برد و لاقەی کچاکانی کوردیان کرد.
بەرپرسانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر باش ئەو راستییەیان دەزانی، کە لەبەردەم روو رێگەدان، یان قبوڵکردنی رەخنەی خەڵکی کوردستان و قەرزکردن بۆ بەردەوامیدان بەژیان، یان تەسلیمبونەوە بە عێراق و قبوڵکردنی ئەو دۆخەی ئێستا بەسەر کەرکوکدا هاتووە.
بۆیە رێگەی یەکەمیان هەڵبژارد، رەخنەی خەڵکی خۆیان لە ئەستۆگرت، و تەسلیم نەبوون بە ئیرادەو ویستی دوژمن، شانیان دایە بەر بەرپرسیارەتی، بەدیار بێ نرخ بوونی نەوت و وەستانی کۆمپانیاکان و خەرجی شەڕی داعش و ئاوارە و بڕینی میزانیەو موچەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دۆش دانەمان، وەک هەموو وڵاتانی دونیا کاتێک توشی قەیرانی گەورە دەبن، قەرزیان کرد و بەدابینکردنی نیوموچەش بێت رێگەیان نەدا خەڵکی وڵاتەکەیان زەلیل بێت، وڵاتەکەیان لەبەردەم دوژمندا چۆک دابدات.
دووەم : ئایا قەرز هەروا ئاسان دەستی کوردستان دەکەوێت
خەڵکی کوردستان و جیهانیش دەزانن، بەداخەوە تا ئەمرۆش زۆر بڕیار و هاوکاری جیهانی هەیە، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە ئەگەر رەزامەندی بەغدای لەسەر نەبێت، بە بڕیارو قەرزی بانکە جیهانییەکانیشیەوە.
بۆیە لە وەرگرتنی قەرزیشدا، حکومەتی کوردستان پێویستی بە عەقڵ و سیاسەتی سەرکێش هەیە، کە بتوانێ کۆتەکانی عێراقی بوون ببەزێنێت و پارە رابکێشێتە کوردستان، بەڵام ئەوەش پێویستی بەبنەمایەک هەیە کە مەرجەکانی پێدانی قەرز بەدیبهێنێت و دڵنیایی بداتە کۆمپانیاو بانکەکان.
ئایا لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی قەرز هاوکار نەبێت بۆ کوردستان، هونەر نییە حکومەتی هەرێم بتوانێت پارەی جیهان بەهەرناوێکەوە بێت رابکێشێتە وڵاتەکەی و لەو رێییەوە لەجێی تەسلیم بوون بەبەغدا بەردەوامی بە خۆبەڕێوەبەری کورد بدات ؟
ئایا ئەگەر حکومەتی کوردستان لەڕێی پرۆژەکانییەوە بنەماکانی متمانەی قەرز وەرگرتنی فەراهەم نەکردایە بۆ کوردستان، لەسەر چ بنەمایەک دەیتوانی قەرز بکات و بەچ رێگەیەک گەرەنتی گەڕانەوەی قەرزەکانی دەدایە کۆمپانیاو بانکە جیهانییەکان ؟
ئەدی ئەگەر توانیبێتی ئەو بنەمایانە بەدی بهێنێت لەکوردستاندا، جێی خۆی نییە شانازی بە پرۆژەو هەوڵەکانی خۆیەوە بکات، کە ئەو متمانە گەورەی پێ بەخشیووە، هەرێمێکی تەوقدراوی پشتگوێ خراو لەلایەن حکومەتە سەردەستەکەیەوە کە بەغدایە، وڵاتان و کۆمپانیاو بانکەکان بە متمانەوە قەرزی پێ بدەن؟
سێیەم : ئایا زیاد لە پێویست پارە قەرزکراوە ؟
لەبارەی بڕی قەرزەکانەوە، ئەوانەی کە پاساوی بڕینی قوتی خەڵک بۆ بەغدا دەهێننەوە، هەر بەوە ناوەستن رەوایەتی بەسیاسەتی دوژمنکارانەی بەغدا بدەن بەرانبەر بەکوردستان، هەر لەو پێناوەدا لە خستنەڕووی ژمارەی قەرزەکانیشدا بەمەبەست تێکەڵاوکردن و چەواشە دەکەن.
هیچ کاتێک بەڕوونی ناڵێن قەرز بۆچی کراوە، لەو بڕە قەرزەی باس دەکرێت، چەندی بۆ موچەی خەڵک و پرۆژەی خزمەتگوزاری بووە، چەندیشی بریتییە لە هەق دەستی کۆمپانیاکان ؟
کەسیش توانای نییە پرسیار لەخۆی بکات، ئایا ئەو ژمارەیە دروستە ؟ ئایا هەموو ئەو ژمارە قەرزە پارەی کاشەو هاتۆتە کوردستان ؟
تا لە وەڵامدا بگاتە ئەو راستییەی، بڕی ئەو قەرزە بەشێکی زۆری هەقدەستی کۆمپانیاکانە، کە کاریان بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانی وزە، نەوت و گاز کردووە لەکوردستان، ئەو وزەیەی تا ئەمرۆش بەشی زۆری موچەی پێ دابین دەکرێت، ئەو متمانەیەشی بە کوردستان داوە قەرزی دەست بکەوێت لە کاتی قەیران و کارەبا و سوتەمەنی ناوخۆشی پێ دابین بکات.
چوارەم : کێ قەرزەکانی کابینەی پێشوو دەداتەوە و بەچی دەدرێتەوە ؟
راستە کابینەی پێشوو، لەپێناو نەوەستانی ژیان و تەسلیم نەبوونی کوردستان قەرزی کرد، خۆشبەختانە بەهۆی پرۆژە گەورەکانی وەبەرهێنانیشیەوە، هێندەش متمانەی بۆخۆی دروستکردبوو قەرزی پێ بدرێت.
بەڵام تا ئەمرۆش کابینەی پێشوو بۆخۆی قەرزەکان دەداتەوە، رەنگە خوێنەر بپرسێ لەکاتێکدا کابینەی نوێ پێکهاتووە، چۆن کابینەی پێشوو قەرز دەداتەوە ؟ وەڵامی ئەو پرسیارەش بۆ خەڵکی ئاگا روونە، بڕوانە ئەم هاوکێشەیە :
– تا ئەمڕۆ لە داهاتی نەوت قەرز دەدرێتەوە، داهاتی نەوتیش بەرهەمی پرۆژەکانی کابینەی پێشووە، جگە لە پرۆژەکانی کابینەی پێشوو بۆخۆی، هێشتا هیچ وەبەرهێنانێکی دیکە لەو بوارەدا نەکراوە تا هاتبێتە بەرهەم و قەرزی کابینەی پێشووی لێ بداتەوە.
– تا ئەمرۆش موچەی فەرمانبەرانی کوردستان، بەشێکی بە داهاتی نەوتی کوردستان و بەشەکەی دیکەشی لەو بڕە پارەیە دەدرێت کە لە بەغداوە دێت، ئێ داهاتی نەوت بەرهەمی کابینەی پێشووە، ئەو بڕە پارەیەش کە لەبەغداوە دێت، لە ئەنجامی رێککەوتنی کابینەی پێشوو و حکومەتی عێراقە.
خۆ لەدوای رێککەوتنەکەی کابینەی پێشوو، لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان تەنها رێککەوتن لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ کراوە، بەڵام بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی حکومەتی عێراق، پەڕلەمانی عێراق ئەو پرۆژە بودجەیەی قبوڵ نەکرد و رەتکرایەوە، بەو هۆیەوە رێککەوتنەکەی نێوان هەردوولاش، هەڵوەشاوەتەوە، دەبێ لەگەڵ حکومەتی داهاتوو رێکبکەوین.
- کەواتە دابینکردنی موچەو دانەوەی قەرزەکانیش کە ئێستا دەدرێنەوە، لە بەرهەمی پرۆژەکانی و لە ئەنجامی رێککەوتنەکانی کابینەی پێشوو خۆیەتی، جگە لەوانە هیچ پرۆژە و رێککەوتنێکی دیکە تا ئەمرۆ نەگەشتۆتە بەرهەم تا قەرزی لێ بدرێتەوە.
- یان خۆ دەکرێت، کەدەگوترێت قەرزی کابینەی پێشوو دەدەینەوە بڵێن لە بەرهەمی پرۆژەکانی کابینەی پێشوو قەرزی کابینەی پێشوو دەدەینەوە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment