تا دوای هەڵبژاردن بودجەی پارێزگاكانی عێراق دەوەستێنرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، بودجەی تایبەت بە پارێزگاكانی عێراق خەرج ناكرێت، تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەواو دەبێت، نەوەك بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی تشرینی یەكەمی 2023 لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە لە پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژنامەی مەدای عێراقی ئاشكرای كردووە، پشكی پارێزگاكان لە بودجەی گشتی عێراق بۆ پارێزگاكان خەرج ناكرێت، تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەواو دەبێت، ئامانج لەو بڕیارەش ئەوەیە لیستەكان بە ناوی پڕۆژەوە پارەكە بۆ هەڵمەت و بانگەشەی هەڵبژاردن بەكارنەهێنن.

عیماد جەمیل لە تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كردووە، ئەگەر كاندیدەكان پێشێلی رێساكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بكەن، ئەوا سزا دەدرێن كە لە هەندێك حاڵەتدا دەگاتە 25 ملیۆن دینار و ساڵێك گرتن.

بڕیارە لە 18ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت، 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانی هەیە و تەنیا 16 ملیۆن و 500 هەزار كەس كارتی بایۆمەتریان هەیە. 296 پارتی سیاسی لە چوارچێوەی 50 هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن و 60 كاندیدی سەربەخۆ هەیە. كێبڕكێیەكە لەسەر 275 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانە لە 15 شاری عێراق و 75 كورسی بۆ كۆتایی ژنە و 10 كورسیش بۆ پێكهاتە نەتەوەیە و ئاینییەكانە. 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین