سەرۆک بارزانى: مامۆستایان و زانایانى كوردی ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لەبەهێزكردنی نیشتیمانپەروەری هەبووە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى لە ساڵیادى دامەزراندنى یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەو چاوەڕوانییە لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی هەیە كە وەك هەمیشە لەو ڕۆڵە پیرۆزەیاندا بەردەوام بن و، ڕێنیشاندەری هەموو لایەكمان بن."

ڕۆژى پێنجشەممە (21/ئەیلوول/2023) سەرۆک بارزانى بەبۆنەى ساڵیادى دامەزراندى یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند، "بە درێژایی مێژووی گەلەكەمان مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لە بەهێزكردنی نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری و ڕێگەگرتن لە بیری توندڕۆیی و تاییفەگەریدا هەبووە."

 

دەقى پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان 

بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و سێ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.

ئامانجی سەرەكیی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە لایەن بارزانیی نەمر لە 21ی ئەیلوولی 1970 دووپاتكردنەوەی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان و قووڵكردنەوەی بنەماكانی دینداری و خواناسی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بوو. بە درێژایی مێژووی گەلەكەمان مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لە بەهێزكردنی نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری و ڕێگەگرتن لە بیری توندڕۆیی و تاییفەگەریدا هەبووە.

ئەو چاوەڕوانییە لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی هەیە كە وەك هەمیشە لەو ڕۆڵە پیرۆزەیاندا بەردەوام بن و، ڕێنیشاندەری هەموو لایەكمان بن. لە ساڵیادی ئەو بۆنە مێژووییەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.

خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.

مسعود بارزانی

21ی ئەیلوولی 2023

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین