بێ ئومێدانە عێراق بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ژنان دەبێتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچه‌نێت

هەر چەندە حكومەتی عێراق هەڵمەتێكی دژ بە توندوتیژی ژنان راگەیاندووە، كەچی چالاكوانانی بواری ژنان بێ ئومێدانە دەڵێن ساڵ لەدوای ساڵ توندوتیژی دژ بە ژنان زیاتر دەبێت و بارودۆخی گشتی عێراق كاریگەری لەسەر زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان هەیە.

دوێنێ 19ى ئابى 2023 عێراق پێشوازی لە كۆنگرەی ساڵانەی"رۆژی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان" كرد كە خولی 15 ی كۆنگرەكە بوو. هەر چوار سەرۆكایەتی عێراق و نێردەی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و بيانى لە كۆنگرەكەی بەغدا بەشدار بوون. تێیدا دووپات لەسەر گرنگی رۆڵی ئافرەتان لە بونیادنانی كۆمەڵگا و پاراستنی یەكانگیرییەكەی كرایەوە، هەروەها داوا كرا كار بكرێت بۆ زامنكردنی مافەكانی مرۆڤ.

 86%ی توندوتیژی دژ بە ژنان خێزانییە

لەمیانەی كۆنگرەكە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، "هەڵمەتی 16 رۆژەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان راگەیاندووە، كە چەندان شێوازی جۆراوجۆری پەیوەست بە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و رۆحی لەخۆ دەگرێت، جا لە میانەی بێبەشبوونی بێت لە مافی فێربوون، یانیش رێگریی بێت لەوەی خاوەندارێتی جڵەوی سەركردایەتی بكات لە پۆستە كارگێرییەكان، یانیش ئافرەتان دەبنە نێچیری هەژاری و نەداری".

هەڵمەتی 16 رۆژە كە لە 25ی تشرینی دووەمی 2023 دەستپیێدەكات، هاوكاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، هەڵمەتەكە لە 10ی كانوونی یەكەمی 2023 كۆتایی دێت كە ئەو رۆژەیش رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤە، بوشرا عوبەیدی مامۆستای زانكۆ دەڵێ‌، “ئامانج لەو ماوەیە ئەوەیە هۆشداری بدرێت كە زاڵبوون بەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان ئامانجەكانی مافی مرۆڤ لە جیهان بەهێز دەكات”.

عوبەیدی لە لێدوانەكەی بۆ ماڵپەڕی شەفەق نیوز بەردەوام دەبێت و دەڵێ، "ماوەی 16 رۆژە بۆ چڕكردنەوەی چالاكییەكانە، لە پێناو بەهێزكردن هەر كار و رێكاری و یاساییەك كە بەشدار دەبێت لە ریشەكێشكردنی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەڵام ئەمە تەنیا خەونە، چونكە هەر ساڵێك هیوای ئەوە دەخوازین باشتر بێت لە پێشتری، كەچی دەردەكەوێت لە ساڵی پێشتری خراپترە".

لەبارەی ئەوەی عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە پێشنیاری كردووە رۆژی یەكەمی سەفەر بكرێتە "رۆژی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان" بوشرا عوبەیدی دەڵێ‌، "ئەمە بۆ هۆشداریدانە لەوەی كە ئاینی ئیسلام توندوتیژی دژ بە ژنان رەتدەكاتەوە، چونكە هەندێك هەن لێكدانەوەی تێكەڵ بۆ هەندێك ئایەتی قورئانی دەكەن، تا پاساو بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان بهێننەوە".

بەگوێرەی ئامارەكانی حكومەتی عێراق 86%ی توندوتیژی دژ بە ژنان خێزانییە، دواتر توندوتیژی ئابووری دێت، عوبەیدی دەشڵێ‌، "كەسانێك هەن دەست بەسەر مووچەی تایبەت و سامانی تایبەت ئافرەت دەگرن، بێبەشی دەكەن و ناچاری دەكەن سازیش لەسەر میراتەكەی بكات، ئەمەیش توندوتیژییە، یان ئافرەت سەرچاوەیەكی دارایی نییە ئەمە خۆی لەخۆیدا توندوتیژییە. چونكە بەو كارانە ناچار دەكرێت ملكەچ بێت چونكە سەرچاوەیەكی نییە بژێوی خۆی پێ دابین بكات".

توندوتیژی دژ بە ژنان خەسڵەتێكی نێودەوڵەتی هەیە و تەنیا تایبەت نییە بە ئافرەتانی عێراق، بەڵام بارودۆخی گشتی لەو وڵاتە بەشداربووە لە بەرزكردنەوەی ئاستی توندوتیژی ژنانی عێراق، ئەمەل كەباشی رێكخەری تۆڕی ژنانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، بەردەوامبوونی ململانێ و كێشە چەكدارییەكان لە سایەی بوونی دابونەرتێكی كۆمەڵایەتی بەشدار دەبێت لە چەسپاندنی چەمكەكانی توندوتیژی ناو خێزان و كۆمەڵگە، هەروەها بەشداربووە لە بەرزكردنەوەی ژمارەی حاڵەتەكان.

بوشرا عوبەیدی: ساڵ لە دوای ساڵ توندوتیژی ژنان زیاتر دەبێت

كەباشی لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی شەفەق نیوز دەڵێ‌، "حكومەت كۆمەڵێك سیاسەت و پرۆگرامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان داناوە، بەڵام پێویستی بە بە چوارچێوەیەكی یاسایی هەیە تا سزای ئەو كەسانە بدات كە توندوتیژی لە چوارچێوەی خێزان ئەنجام دەدەن، تا سنوورێك بۆ توندتیژی دابنرێت و رێگری لە دووبارەبوونەوەی بكات، ئەمەیش دووپاتكردنەوەیە لەسەر بوونی تێڕوانینێكی نیشتیمانی هەمەلایەنە بۆ سنوورداركردنی توندوتیژی دژ بە ژنان".

سوهەیلە ئەعسەم چالاكوانی مەدەنی لە بواری ئافرەتان و منداڵان، هۆكاری تەشەنەكردنی توندوتیژی دژ بە ژنان بۆ نەبوونی یاساییەك دەگێڕینەوە كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان دانرا بێت، لەگەڵ بوونی هەندێك دابونەریت لە كۆمەڵگە، كە بوشەرا عوبەیدی و ئەمەل كەباشیش باسیان كرد

ئەعسەم لە میانەی لێدوانەكەی لەگەڵ چالاكوانانی ژن كۆكە لەسەر ئەوەی پێویستە یاسایەك بۆ پاراستنی خێزان لە توندوتیژی دابنرێت، كە لەلایەن حزبە ئاینییەكانەوە رێگری لێ دەكرێت وتەنانەت رێگە نادەن گەنگەشەش بكرێت، ئەمەیش بەهۆی عەقڵیەتی نێرسالاری و تێگەیشتن ناتەواو بۆ توندوتیژی ئافرەت و كاریگەریە تەندورستی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی لەسەر ژنان و پێشكەوتنی كۆمەڵگە بە شێوەیەكی گشتی.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین