كۆمپانیای DNOی نەرویجی لە كوردستان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەكاتەوە کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

كۆمپانیای DNOی نەرویجی رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان دەست بە بەشێك لە بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەی تاوكێ كردووەتەوە و ئێستا رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەرهەم دەهێنێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئابی 2023 كۆمپانیای DNOی نەرویجی رایگەیاند، مانگی رابردوو دەستی بە بەشێك لە بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەی تاوكێ كردووەتەوە، روونیشی دەكاتەوە كە هێشتا كێڵگەی پێشخابوور بە داخراوی ماوەتەوە.

ئەو كۆمپانیا نەرویجییە رۆژانەی لە تاوكێ‌ 40 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەرهەم دەهێنێ‌ و ئاشكرایشی كردووە، تۆماری زیانەكانی بەكارخستنی گەیشتووەتە 15 ملیۆن دۆلار، كە چارەگی دووەمی ساڵی رابردوو قازانجەكەی 81 ملیۆن دۆلار بوو. ئەمەیش بە هۆی كەمترین ئاستی بەرهەمیەتی لە 13 ساڵی رابردوودا. 

بێژەن رەحمانی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی هیچ رووناكییەك بۆ دەستپێكردنەوەی گواستنەوەی نەوت بە بۆری نییە، بەڵام ژمارەی تەنكەرەكان بۆ باركردنی نەوت لە كێڵگەكە لە زیادبووندایە.

لە 25ی ئاداری رابردووەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی نێوەدەوڵەتی لە پاریس وەستاوە. ئەمەیش بە هۆی سكاڵایەكی عێراق بووە كە زیاتر لە نۆ ساڵ لەمەوبەر تۆماری كردووە، بەگوێرەی بڕیارەكە هەرێمی كوردستان ناتوانێ‌ بێ رەزامەندی عێراق نەوت بفرۆشێت. هەرچەندە لەسەرەتای نیسانی رابردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی لەسەر هەناردەكردنی نەوت رێككەوتوون، كەچی توركیا رەزامەندی نەداوە، نەوت لە خاكی ئەودا بۆ بەندەری جیهان بگوازرێتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین