كۆمیسیۆن ژمارەی كورسی پارێزگاكان و كۆتاكان دیاری دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای كرد، بۆ هەر ئەنجومەنی پارێزگایەك 12 كورسی تەرخان كراوە، هەر شارێكیش دانیشتووانەكەی لە سەرووی ملیۆنێك بێت، بۆ هەر 200 هەزارێك كورسییەك زیاد دەكرێت و بۆ كۆتاكانیش لە چەند شارێك 10 كورسی دانراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە دووی ئابی 2023 جومانە غلای گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئاشكرا كرد و گوتی، "12 كورسی بۆ ئەنجومەنی هەر پارێزگایەك تەرخان كراوە و بە تێكڕای كورسییەك بۆ هەر 200 هەزار كەسێك زیاد دەكرێت ئەگەر لە سەرووی ملیۆنێك بوو".

گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نموونەی كەربەلای هێنایەوە و گوتی، "بۆ نموونە پارێزگای كەربەلای پیرۆز دانیشتووانەكەی ملیۆنێك و 250 هەزار و 608 كەسە ئەوا لە سەرووی 12 كورسییەكە كورسیەكی تری بۆ زیاد دەكرێت، بەمەیش دەبێتە 13، 10 بۆ پیاوان و سێ‌ بۆ ژنان".

سەبارەت بە كورسیی پێكهاتەكانیش گوتی، "چوار كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی، بۆ هەر یەكە لە بەغدا و مووسڵ و بەسڕە و كەركووك یەك كورسی، دوو كورسی بۆ كۆتایی كوردانی فەیلی كورسییەك لە بەغدا و ئەویتر لە واست، دوو كورسی بۆ سابیئە كورسیەكیان لە بەغدا و ئەویتریان لە میسان، كورسییەكی كۆتا بۆ ئێزدییەكان لە مووسڵ، كورسییەكیش بۆ شەبەك هەر لە مووسڵ".

بڕیارە لە 18ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكرێت كە زیاتر لە 10 ساڵە نەكراوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین