وەزارەتى پێشمەرگە لەبارەى کڕینى دوو خانوو بۆ بریکارى وەزیر ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان لەبارەى بڵاوکردنەوەى چەند نووسراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە کە تێیدا ئاماژە بە کڕینى دوو خانوو بۆ بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە دەکات، ڕوونکردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە (31/تەمموز/2023) وەزارەتى پێشمەرگە ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "چەند نوسراوێکی فەرمی وەزارەت لە چەند پەیجێکدا بڵاو کراونەتەوە، دەربارەی کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێل بۆ بەڕێز بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە رایدەگەیەنین: 

1. ئەو دوو خانووەی لە نوسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون.

وەک تەواوی ئەو خانووانەی تر بەکاردەهێنرێن، کە وەزیر و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا بەکاریان دەهێنن.

2. بەڕێز بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان کار ناکات، تەواوی ئەو فەرمانە وەزاریانەی، کە واژۆی لەسەر کردوون فەرمی و یاسایین.

3. لەم ساڵدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراون لەناویاندا ئۆتۆمبێلێک دراوە بە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.

4. بڵاوکردنەوەی نوسراوە فەرمییەکانی وەزارەت لێپێچینەوەی یاساییان لەسەرە و لەمبارەوە، تەواوی ئەو کەسانە دەدەینە دادگای سەربازی، کە کار لەسەر دزەپێکردنی نوسراوە فەرمیەکانی وەزارەت دەکەن و لە میدیاکاندا بڵاویان دەکەنەوە.

ئەم ڕوونکردنەوەى وەزارەتى پێشمەرگە لەدواى ئەوەدێت، دوێنێ (30-7-2023) چەند نووسراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، بەپێى نووسراوەکان دوو خانوو و ئۆتۆمبێلێک بۆ عەبدولخالق بابیرى، بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە کڕدراوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین