سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەسازی بۆ دیاریكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات کوردستانی

نوچەنێت

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (26/تەمووز/ 2026/) گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، “لەسەر فەرمانی بەڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەمەبەستی وەرگرتنی بیروڕا بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێکردووە، کە تیایدا بیروڕای حزب و لایەنەکانیان بۆ دياريكردنى وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە."

لە بەشێكی تری قسەكانی دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە،  ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، نیشان داوە.

دەربارەی هەڵوێستی حزبەكانیش گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی گوتی، لە دیدارەکانیاندا حزب و لایەنەکان ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان لەپێناو یەکڕیزيی ناوخۆیی و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاريی سیاسی لە ئاست پرسە چارەنووسسازەکاندا، بە گرنگ و خەمخۆرانە وەسف کردووە.

دڵشاد شەهاب جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، سەردانی ھەموو حزب و لایەنەکان دەکەین و پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، سەرۆک نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.

دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشێنرایەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی بە ئاراستەی پڕکردنەوەی بۆشایيی یاسایی لە ھەرێمی کوردستان و ئامادەسازی بۆ سازدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دەست پێکرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین